شاری ئانسی فەرەنسی نازناوی "هاوڵاتی فەخری" بەخشییە نێرگز محەمەدی

شارەوانی ئانسی فەرەنسی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دەستپێکردنی چالاکیی ساڵانەی "مانگی هاوپشتی" کە ئامانج لێی تیشک خستنە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لە ئێران، نازناوی "هاوڵاتی فەخری" بەخشییوەتە نێرگز محەمەدی چالاکی مافی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە نێو پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان لە دژی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هاوپشتی نێودەوڵەتی وەک هێمای پشتیوانی جیهانی بۆ هۆکارەکانی ئازادی و دادپەروەری دەردەکەوێ، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان پشتیوانی گشتی خۆیان بۆ خەباتی چالاکوانان لە ئێران دەرببڕن.

 

شاری ئانسی فەرەنسا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا، نازناوی "هاوڵاتی فەخری" بەخشییە نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، ئەو ڕێزلێنانە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "مانگی هاوپشتی" بوو کە لە لایەن شارەوانییەوە ڕێکخرابوو، بە ئامانجی تیشک خستنە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران.

 

عەلی ڕەحمانی، کوڕی نێرگز محەمەدی و تەقی ڕەحمانی هاوسەری، بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد و بەناوی ئەوەوە خەڵاتەکەیان وەرگرت، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دەزگای  نێرگز محەمەدی بڵاوکراوەتەوە، شاری ئانسی "بە دەربڕینێکی شایستەی هاودەنگیی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و پشتیوانیی تێکۆشەرانی ئەو بوارەدا" دادەنرێت.

 

دەزگای نێرگز محەمەدی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دانیشتووانی ئانسی و دەسەڵاتە خۆجێیەکان دەربڕی و ستایشی ئەم دەستپێشخەرییەی کرد، کە بە "پەیامێکی بەهێزی پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران" وەسفی کرد،  جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم جۆرە هەنگاوانە گیانی هاودەنگیی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەبات بۆ کەرامەت و ئازادی بەرز دەکەنەوە.

 

هەروەها دەزگای نێرگز محەمەدی، ڕێکخراوێکە کە خەریکی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و تیشک خستنە سەر ئەو پێشێلکاریانەیە کە چالاکوانان تووشی دەبن بەتایبەت لە ئێران، وە بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی نێرگز محەمەدی دامەزراوە کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ دژایەتیکردنی سەرکوتی سیاسی و بەرگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی ژنان.