ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەی سووریانی و ئێزدی پێنووسی کرد بە دیاری
عەلی ئۆجالانی خوشکەزای ڕێبەر ئاپۆ کە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خانەوادەکەیدا سەردانی ئیمراڵیان کرد ڕایگەیاند: ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا دوو پێنووسی بە دیاری بۆ کۆمەڵگەی سووریانی و ئێزدی ناردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە زیندانی ئیمراڵی دیداری لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیدا ئەنجامدا کە پێكهاتبوون لە فاتیمە ئۆجالانی خوشکی، بەرفین عەلی ئۆجالان، عومەر ئۆجالانی پەرلەمانتاری ڕحا و برازای و عەلی ئۆجالانی خوشکەزای.
لە دیدارەکەدا کە دوای ١١ ساڵ بۆ یەکەمجار فاتیمە ئۆجالانی خوشکی ڕێبەر ئاپۆ بەشداربوو، هاوکات یەکەم دیدارە کە ڕێبەر ئاپۆ بەرفین عەلی ئۆجالان ببینێت.
عەلی ئۆجالانی خوشکەزای ڕێبەر ئاپۆ، لە میانی دیدارێکدا سەبارەت بە دیدارەکە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و باسی لەوەکرد، دیدارەکە لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دراوە، دوای ٥٠ خولەک بە کەشتی لە ڕێگای مودانیاوە گەیشتوون بە ئیمراڵی، لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ بە سۆزەوە پێشوازی لێکردین، دۆخی تەندروستی زۆر باش بوو، بە ڕاستی وەک هەمیشە بە مۆراڵ بوو، وزەی پێدەبەخشین.
عەلی ئۆجالان ڕاشیگەیاند، لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ دوو پێنووسی كردە دیاری بە کۆمەڵگەی سووریانی و ئێزدی کرد و سڵاوی گەرمی بۆ ناردن.
عەلی ئۆجالان ئاماژەی بەوە شکرد، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە هۆڵی دیدارەکە دوو سندوقی دیاری پێبوو، نەمانزانی لەناو سندوقەکاندا چی هەیە، یەکەم سندوقی کردەوە، پێنووسێکی دەرهێنا، پێنووسێکی دا بە بەرفینی کچم و وتی، ئەمە دیاری منە و بۆ تۆیە، لە سندووقەکەدا تەزبیحێکی دەرهێنا و سەیری کردم و وتی، ‘لە یەکەم دیدار تەزبیحێکم بە دیاری پێبەخشیت، ئەمجارەیان ئەمە لەگەڵ خۆمدا دەبەم’ و لە سندوقەکە دەریهێنا و خستیە گیرفانی خۆیەوە.
هەروەها وتیشی: سندوقی دووەمی کردەوە، لە ناویدا سێ پێنووس هەبوون، پێنووسەکانی دەرهێنا و دای بە عومەر و پێی وت، یەکێک بۆ کۆمەڵگەی سووریانییە، دیاری منە بۆ ئەوان، هەروەها سڵاوی منیان پێ بگەیەنە، دووەمیان دیاری منە و دەیدەیت بە کۆمەڵگەی ئێزدی و سڵاوی منیان پێ بگەیەنە، سێیەم بدە بە کەسایەتییەک و سڵاوی منی پێ بگەیەنە.
عەلی ئۆجالان باسی لەوەشکرد، ئەمە یەکەم دیداریانە کە پاش پێنج مانگ لە دیداری یەکەم لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدەن، بەراورد بە دیداری یەکممان زۆر بە ورەتر و ئاسوودەتر بوو، بە وزە و ئەرێنی بووم لەبەرئەوەی دایکمان لەگەڵ بوو، زۆر ئاسوودە و بە مۆراڵبوو، لەگەڵ دایکمدا دەدوا و پێدەکەنین، دایکشم کاتێک سەرۆکی بینی زۆر دڵخۆش بوو، هەر پێدەکنی و ئاسوودەبوو، ئەمجارە دایکم زۆر بە بریاربوو بۆ دیداری سەرۆک و دەیوت، ئەمجارە دەبێت بێم بۆ دیدار ، یەکتریان توند توند لە ئامێز گرت، لە کۆتایی قسەکانییدا عەلی ئۆجالان جەختی لەوەشکردەوە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت.