نەجلا سەکافی خەڵاتی باشترین ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی ژنانی ناوچە جەنگییەکانی بەدەستهێنا
نەجلا سەکافی، ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی بەهۆی ڕاپۆرتکردنی ژیانی ژنان لە چادری ئاوارەکان لە غەززە خەڵاتی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠٢٤ی بەدەستهێنا، لە کاتتێکدا خۆشی لە کاتی نووسینی ڕاپۆرتەکە لە ئاوارەبووندا بووە.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- لە مانگی ئابدا نەجلا سەکافی، بە ڕاپۆرتی "سەختییەکانی ژیانی ژنان لە چادرەکانی ئاوارەبوون" خۆی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی قەریب پێشنیار کرد، خەڵاتێک، کە بە سپۆنسەری دەزگای گەشەپێدانی فەڕەنسا "AFD" و لەلایەن دەزگای پەرەپێدانی ڕاگەیاندنی فەرەنسا "CFI" جێبەجێ دەکرێت، لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکەی لە نێوان زیاتر لە سەد ڕاپۆرتی تر هەڵبژێردرا.
نەجلە سەکافی وتی: جگە لە شەڕی سەرەکی، ژنان لە شەڕە نەبیندراوەکانی دیکەدا تێوەگلاون، ڕەگەیاندنەکان تەنها ژمارەی کوژراوەکان دەژمێرن و دیمەنە خوێناویەکان پیشان دەدەن، بەڵام کەس ئەو ژنانە نابینێت کە لەژێر بۆردومان و ئاوارەییدا، باری قورسی ژیان لەسەر شانیانە.
نەجلە براوەی خەڵاتی قەریب پێیوایە ئەم خەڵاتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە شکاندنی بێدەنگی جیهانی سەبارەت بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە، ئەم خەڵاتە کە تیشک دەخاتە سەر ڕۆژنامەگەریی کۆمەڵایەتی، فەزایەک بۆ گێڕانەوەی بابەتگەلێکی کەمتر بیندراو، بە تایبەت کێشەکانی ژنان و گروپە پەراوێزخراوەکان دەڕەخسێنێت.
ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکەی نەجەلا کە ٧ چاوپێکەوتنی لەخۆگرتووە، بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سەختی ژیان لە چادردا دەکات، بە پاڵپشتی توێژینەوە ئەکادیمییەکان، نیشان دەدات کە چۆن گەرمای زۆری ڕۆژ و سەرمای زۆری شەو لەگەڵ کێشە تەندروستییەکان، تەندروستی ژنانی خستووەتە مەترسییەوە، دۆزینەوەکانی دەریدەخەن کە ئەم حاڵەتانە بووەتە هۆی زوو باڵغبوون لە منداڵانی کچ و هەوکردنی توندو لەدایکبوونی پێشوەختە و نەخۆشییە مەترسیدارەکانی پێست، لەوانەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێستە.
نەجلا، کە لە هەفتەی یەکەمی شەڕەوە ئاوارە بووە، ئەزموونێکی ڕاستەوخۆی ژیانی لەناو چادریشدا هەیە و وتی: هەموو ڕۆژێک دەبێت لە ڕیزدا بوەستین بۆ نان، ئێمە لە ژینگەی تەنگ و کۆنکرێتیدا لەگەڵ دەیان کەسی دیکەدا دەژین و چەندین جار لە مردن ڕزگارمان بووە، ئەم ژینگەیە بۆ مرۆڤ ناگونجێت و کەرامەتی مرۆڤی تێدا پێشێل دەکرێت، ناسەقامگیری، بێ ماڵی، پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ناوچە گرنگەکانی باشوور، کێشەی ئاو و پاکوخاوێنی و ئێستا برسێتی، هەموو شتێکی قورستر کردووە.
بە لەدەستدانی ئۆفیس و کەرەستە و داهاتی جێگیر، توانی لە لوتکەی ماندوێتی جەستەیی و دەروونیدا بە هاندان و پشتیوانی ڕێکخراوی ڕاگەیاندنی "کۆتایی چیرۆکەکە" ئەم ڕاپۆرتە ئامادە بکات، نەجلا سەکافی وتی: تەنیا ڕۆژنامەنووسێک کە خۆی تامی ئاوارەیی کردبێت، دەتوانێت لە قووڵایی ئەم کارەساتە تێبگات و بیگێڕێتەوە.
خەڵاتی قەریبی ئەمساڵ گرنگی تایبەتی بە گێڕانەوەی ژنە ڕۆژنامەنووسانی ناوچە جەنگییەکان دابوو، ئەو ژنانەی کە سەرەڕای چەشنە ڕەگەزییەکان لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان پێشەنگن، نەجلا وتی: ژینگەی کارکردنمان لە هەموو ئەگەرەکان خاڵی بووەتەوە، شوێنی کارکردن و ڕاگەیاندنی سەقامگیرمان نییە، بەڵام ئێمە هێشتا هەوڵدەدەین دەنگی ئەم جینۆسایدە بە جیهان بناسێنین.
نەجلا جەختی لەوەکردەوە، ژنە ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی هەمیشە ڕووبەڕووی بارودۆخی ستەمکارانە بوونەتەوە، بەڵام وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە ئەوە نیشان دەدات کە نابێت هیوا لەدەست بدەن، دەبێت بە هێز و بوێری زیاترەوە بەردەوام بن لە ڕێگاکە.
نەجلا لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەیەدا نووسیویەتی: ئێمەش مرۆڤی خاوەن ئارەزوو و خەونین، ٤٣٥ ڕۆژە ژیانمان لەبەر چاوی دونیادا وێران بووە و پێ لە کەرامەتی مرۆییمان نراوە، هەموو هیواکانمان بۆ داهاتوویەکی باشتر لەناوچوون، بەڵام وەک قەقنەس لە خۆڵەمێش هەڵدەستینەوە.