شێوازی دانیشتنی پیاوان لە تاکسی و شوێنە گشتیەکان، کێشەیەکی کۆمەڵایەتیە بۆ ژنان

بۆ زۆربەی ئەو ژنانەی کە ئەزموونی بەکارهێنانی تاکسییان هەیە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، یادەوەریی توندوتیژی سێکسی یان هەراسانکردنی سەرنشینان بووەتە ئەزموونێکی دووبارە بۆیان.

ئاگرین حوسێنی

 

دیواندەرە- "هەراسانکردنی سێکسی" کۆمەڵێک ڕەفتاری بەرفراوان دەگرێتەوە لە هەراسانکردنی سەر شەقامەکانەوە تا دەستدرێژی سێکسی، بۆ نمونە لە قوتابخانە، زانکۆ، شوێنی کار، تەنانەت لە تاکسی و گواستنەوەی گشتیدا، ڕۆژانە ژمارەیەک لە ژنان هەراسان دەکرێن، بەڵام بە گشتی کاردانەوەیان بەرامبەر بەم کردەوەی پیاوان نییە و بێدەنگ دەبن لە پێناو پاراستنی کەرامەت و پێگەی خۆیان، ئەگەر ئەم بابەتە کاریگەری دەروونی لەسەریان هەبێت، نابێت پشتگوێ بخرێت، ئاسان نییە سێ سەرنشینی پێگەیشتوو لە کورسییەکانی پشتەوەی تاکسییەکدا دانیشتن، شوێنەکە تەنگە و قەبارە و جەستەی مرۆڤەکان جیاوازن، بۆ ژنێک کە ناچار بێت لە کورسی پشتەوە لە تەنیشت پیاوێکی ترەوە دابنیشێت، قورستر دەبێت.

 

زۆربەی ئەو ژنانەی کە ئەزموونی بەکارهێنانی تاکسییان هەیە بە بەردەوامی، یادەوەریی توندوتیژی سێکسی یان هەراسانکردنی سەرنشینەکە ئەزموونێکی دووبارە بووەوەیە، لەم چوارچێوەیەدا گێڕانەوەی ئەو ژنانە نیشاندەدەین کە ئەزموونی هاوشێوەیان هەبووە.

 

"هەر جارێک ناڕەزایەتیم دەربڕی، ڕووبەڕووی کاردانەوەی بێباکانە و هەندێکجاریش نائەدەبی پیاوان دەبوومەوە"

"ب.ڕ" دەڵێت: "من ژنێکم کاردەکەم و ساڵانێکی زۆرە بۆ هاتووچۆکردن بۆ کار، گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێنم و ناچارم بڵێم کە ئەو کێشەیە زۆرجار بەسەرمدا هاتووە کە گەنجتر بووم،  شەرمم دەکرد ناڕەزایەتی دەرببڕم و هەوڵمدا خۆم کۆبکەمەوە تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک جار پێش ئەوەی بگەمە شوێنی مەبەست دەبوو لە تەکسییەکە دابەزم و بۆ من زۆر بە ئازار بوو، شێوازی دەرکەوتنی هەندێک لە پیاوان و شێوازی دانیشتنیان، بۆچی بەو شێوازە بێت لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلێکی گشتییە، هەردووکمان دەتوانین بە یەکسانی بەکاریبهێنین، ئێمە هەمان کرێ دەدەین بەڵام سەرنشینە پیاوەکان زۆر بە ئاسوودەیی دادەنیشن بەبێ ئەوەی مافی هاوڵاتی لەبەرچاو بگرێت، هەر جارێک ناڕەزایەتیم دەردەبڕی، کاردانەوەی پیاوانم بەرەوڕوو دەبووەوە، هەندێکجار بێباکانە و هەندێکجاریش بێ ئەدەبانە، پێم وایە کێشەیەکی کولتوورییە و پێویستە زیاتر کار لەسەر پەروەردەکردنی کوڕەکانمان بکەین."

 

"ئیتر کاردانەوەم نەما و خۆمم دەخواردەوە تا گەیشتمە شوێنی مەبەست"

هەروەها "س.ش" سەبارەت بە ڕێزنەگرتن لە مافی هاووڵاتیان لە تاکسیدا ئەمە دەڵێت: "زۆر جار ڕووبەڕووی ئەم بابەتە بوومەوە، چونکە مامۆستام و ناچارم هاتووچۆ بکەم بۆ گوندە نزیکەکان، هەندێک جار کاردانەوەم هەبووە، بەڵام هەر جارێک ئەم وەڵامەم دەبیست "ئەگەر بێزاری سەرمەکەوە"، ئیتر کاردانەوەم نەبوو و تا گەیشتمە شوێنی مەبەست خۆمم دەخواردەوە، کاتێک دەگەمە سەر کارەکەم بە تەواوی توڕە دەبووم چونکە کاریگەری لەسەر من دەبێت لە ژینگەی کاردا."

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " ماوەیەک لەمەوبەر، سواری تاکسییەک بووم و پیاوێک لە تەنیشتم دانیشتبوو، پێدەچوو هەستی بەوە نەکردبێت کە من لەناو ئۆتۆمبێلەکەدام، منیش ناڕەزایەتیم دەربڕی کە کاکە تکایە خۆت کۆبکەرەوە، بە شێوازێکی ناشرین وەڵامی دایەوە، بێم لەسەر سەری تۆ دابنیشم؟، بەڕاستی وەڵامەکەیم بەدڵ نەبوو و لەوەش زیاتر دڵتەنگ بووم کە شۆفێرەکە کاردانەوەی نەبوو و پێکەنینێکی کرد، ئەوەی جێگای سەرنجە، لە هەموو حاڵەتەکاندا، شۆفێری تەکسییەکە بە هیچ شێوەیەک کاردانەوەی نییە."

 

" پێم باشە چاوەڕێ بکەم تا دەتوانم لە پێشەوە دابنیشم"

"پ،ن" لە بەرامبەردا دەڵێت: "ناخۆشترین ڕووداو ئەوە بوو کە بەیانیان یەکەم شت سواری تاکسی بووم بە نیازی ئەوەی بچمە سەر کارەکەم، کابرایەکم ئاگادار کردەوە کە زۆر بێباکانە دانیشتبوو، وە دواتر ناچار بوو دانیشتنەکەی ڕاست بکاتەوە، بەڵام کاتێک دابەزی، شتێکی زۆر خراپ و ناخۆشی وت "هیوادارم وەک دوێنێ شەو شەوێکی ناخۆشتان نەبێت"، سەرنشینە تەکسییەکانی دیکە پیاو بوون، بەڵام هیچیان کاردانەوەیان نەبوو، لەو کاتەوە پێم باشە کە چاوەڕێ بکەم تا بتوانم لە پێشەوەی تاکسی دابنیشم."

 

بەربڵاوی ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە جیهاندا و بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی ژنکوژی ئێراندا، لە سەرووی هەموو شتێکەوە هەژموونی کولتووری پیاوسالاری بەسەر گشتیدا نیشان دەدات، فەزایەک کە ژنان بەهۆی ژن بوونەوە ناچارن بێدەنگ بن، بەرگە بگرن یان تەنانەت خۆیان بگۆڕن.