بە بیانووی "پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێ"  داخستنی شوێنە گشتییەکان بەردەوامە

فەرماندەی پۆلیسی شاری سیمرغ لە پارێزگای مازەندەران مۆرکردنی دوو یەکەی بە بیانووی "ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ" ڕاگەیاند، هەروەها کافێیەک لە تاران و فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری سەفەر و گەشتیاری لە یاسووج داخران.

ناوەندی هەواڵ

 

مۆرکردنی شوێنە گشتییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران بەردەوامە، ڕۆژی هەینی، دوابەدوای گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بە بیانووی جێبەجێنەکردنی "حیجابی زۆرەملێ" و مامەڵەکردن لەگەڵ سەندیکا و شوێنە گشتییەکان بە هۆی بوونی ژنان بێ حیجابی زۆرەملێ، حسێن ئەسەدی، فەرماندەی پۆلیسی شاری سیمرغ لە پارێزگای مازەندەران ڕایگەیاند، سەردانی ١١ یەکەی کردووە و بە بیانووی "پابەندنەبوونی حیجابی زۆرەملێ" لەلایەن ئیدارەی شوێنەکەوە دوو یەکەی لەم شارەدا مۆر کردووە.

 

ئەم بەرپرسە سەربازییە مۆرکردنی ئەم دوو یەکەیەی بە "بە ئامانجی جێبەجێکردنی پلانی خۆپارێزی و مامەڵەکردن لەگەڵ ناتەواوییە کۆمەڵایەتییەکان، کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی سەندیکاکان" ناوبرد و ڕایگەیاند، بە پلانی وردی پۆلیس، سەرجەم یەکەکانی شاری سیمرغ سەردانی دەکرێت.

 

دوای هەڕەشە بۆسەر ژنانی ئێرانی لە دژایەتیکردنی "حیجابی زۆرەملێ" بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و قەزایی" کاریگەری نەبوو، کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران ڕوویان لە "مۆر" کردنی ئەو شوێنانە کردووە کە ناڕازییانی حیجابی زۆرەملێی تێدان و هەر لە سەرەتاوە لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" سەدان یەکە لەلایەن دەسەڵات و ئیدارەی شوێنەکەوە مۆر کراوە.

 

کافێیەک لە تاران و فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری سەفەر و گەشتیاری لە یاسووج بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ داخران.

 

بە پێی ئەو هەواڵە بڵاوکراوە، کارمەندانی ئەمنی و ئەفسەرانی یەکپۆشی هێرشیان کردووەتە سەر "کافێ تایپ" کە دەکەوێتە سەر شەقامی ئێرانشاری تاران و دەمانچەی بێهۆشکەرییان لە دژی کڕیاران بەکارهێناوە و دوای کۆبوونەوەی خەڵک، هێزەکانی حکومەت بە خێرایی بڵاوەیان پێکردوون.

 

هەروەها جێگری سەرۆکی گەشتیاری و وەبەرهێنان، کۆهگیلۆیە و بۆیار ئەحمەد، لەبارەی داخستنی نووسینگەی خزمەتگوزاری گەشت لە یاسوج بە بیانووی ئەوەی پێی دەوترێت "پابەند نەبوون بە یاساکانی حیجاب لە ناوچە گەشتیارییەکان" ئاگاداریان کردەوە.

 

"دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل، مۆرکردنی سەندیکاکان و ناساندنی هاوڵاتیان بە دادگاکانی قەزایی" لەو کارانەن کە حکومەتی ئێران بۆ پێشخستنی یاسای زۆرەملێ ئەنجامی دەدات.