ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لە ئەوروپا لە ٣ منداڵ یەکێکیان کێشی زیادەی هەیە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت لە ساڵانی داهاتوو قەڵەوی دەبێتە پرسێکی جیهانی و دەبێتە هۆکاری سەرەکی مردن و کەمئەندامی لە ئەوروپا، قەڵەوی ساڵانە دەبێتە هۆی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مردن، کە دەکاتە زیاتر لە ١٣٪ی کۆی مردن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ٥٣ وڵات لە سەرانسەری ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست دەگرێتەوە، ئاماری قەڵەوی جیهانی ٢٠٢٣ کە لەلایەن فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانییەوە کۆکراوەتەوە، بڵاودەکاتەوە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٣٥ بۆ خستنەڕووی ڕێژەی قەڵەوی و ئەنجامی پێشبینییەکان بەمشێوەیە نیشاندەدەن، زیادبوونی ٦١٪ی قەڵەوی لە کوڕان، زیادبوونی ٧٥٪ی قەڵەوی لە کچان، بە کۆی گشتی ١٧ ملیۆن کوڕ و ١١ ملیۆن کچ لە تەمەنی ٥-١٩ ساڵدا لە ناوچەکانی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٣٥دا بە قەڵەوی دەژین.

 

پێشبینی دەکرێت ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە کێشی زیادە و قەڵەویەوە هەیە لە سەرجەم گروپی تەمەنە جیاوازەکان ساڵانە ٨٠٠ ملیار دۆلاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ساڵی ٢٠٣٥ بۆ وڵاتەکانی ئەوروپا تەرخانبکرێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سێ ڕێگای دەستنیشان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشبینییەکانی ئێستا و یارمەتیدانی ڕێگریکردن لە زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی.

 

خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی قەڵەوی منداڵان دەبێت لە تەمەنێکی زوودا دەست پێبکات، هەر لە کاتی دووگیانی و سەرەتای منداڵییەوە، خۆپاراستن پێویستی بە گرنگیدان بە خۆراکی باش هەیە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی منداڵ، هەروەها هەوڵی خۆپاراستن لە ماڵ و قوتابخانە و کۆمەڵگەی فراوانتردا پێویستە.

 

ڕێکخستنی پیشەسازی خۆراک و خواردنەوە، کاریگەرترین سیاسەتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی منداڵان بریتین لە سەپاندنی باج لەسەر خواردنەوە شەکردارەکان، داواکردنی ئاماژەیەکی ڕوون لە پێشەوەی پاکەتەکەدا بۆ نیشاندانی ڕێژەی شەکری ناو خۆراکەکان و سنووردارکردنی بەبازاڕکردنی خۆراکە ناتەندروستەکان بۆ منداڵان.

 

پێشخستنی چالاکیی جەستەیی، ئەمەش بریتییە لە دیزاینی شار و سیاسەتی گواستنەوە و زیادکردنی چالاکیی جەستەیی لە بەرنامەکانی قوتابخانە و نیشاندانی پەیامی ڕوون بۆ پشتگیریکردن لە شێوازی ژیانی چالاک بە درێژایی خولی ژیان.

 

کێشی زیادە و قەڵەوی لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن و کەمئەندامیە لە هەرێمەکانی ئەوروپا، خەمڵاندنەکانی ئەم دواییە باس لەوە دەکەن کە قەڵەوی ساڵانە دەبێتە هۆی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مردن، کە دەکاتە زیاتر لە ١٣٪ی کۆی مردن.

 

قەڵەوی مەترسی تووشبوون بە زۆرێک لە نەخۆشییە ناگوازراوەکان زیاد دەکات، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی هەناسەدان، هەروەها قەڵەوی بە هۆکاری لانیکەم ١٣ جۆری جیاوازی شێرپەنجە دادەنرێت و پێدەچێت ڕاستەوخۆ بەرپرسیار بێت لە لانیکەم ٢٠٠ هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە ساڵانە لە سەرانسەری هەرێمدا، بڕیارە ئەم ژمارەیە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە.

 

ڕێگریکردن لە زیادبوونی قەڵەوی کارێکی سەخت و ئاڵۆزە، کاریگەری هۆکارە جیاوازەکانی وەک جینات، ژینگە و باری ئابووری کۆمەڵایەتی لەسەرە، هیچ دەستێوەردانێک ناتوانێت بە تەواوی بەرزبوونەوەی ڕێژی قەڵەوی بوەستێنێت.