ڕاپۆرتی نێرگس محەممەدی سەبارەت بە بارودۆخی ناهید تەقاوی

نێرگس محەممەدی لە نامەیەکدا تێکچوونی باری تەندروستی ناهید تەقاوی لە زیندانی ئەڤین ڕادەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەممەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا تێکچوونی بارودۆخی ناهید تەقاوی بڵاوکردووەتەوە کە هاوڵاتی خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئێرانی-ئەڵمانی و زیندانیکراوی زیندانی ئەڤینە.

 

نووسیویەتی: ئەمە دووەم جارە ناهید تەقاوی تەمەن ٦٨ ساڵ لە دۆخێکی وادا دەبینم، ئەوەندە ئازاری هەیە کە بە ڕوونی ئازارەکانی سەر ڕووخساری دەبینرێت، بەزەحمەت لە جێگاکەی هەڵدەستێت و دەچێتە نەخۆشخانە و دەرزی ئازارشکێنێکی بەهێزی بۆ دەکرێت و دەگەڕێتەوە سەر جێگاکەی.

 

لەم نامەیەدا نێرگس محەمەدی باسی لەوە کردووە کە نەخۆشی و ئازارەکانی ناهید تەقاوی دەرئەنجامی ٢٢٠ ڕۆژ زیندانی تاکەکەسییە، لەو ماوەیەدا تەنها بە سێ بەتانی "یەکێکیان لەژێر سەری، یەکێکیان لەژێر لەشیدا و یەکێکیان لەسەر دەموچاوی ژیاوە" لە ژینگەیەکدا کە ڕووناکی و هەوای پێویستی تێدانیە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ ناهید تەقاوی لە ماڵەکەی خۆی لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرا و لە یەکێک لە شانە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران ناسراو بە بەندی دووی ئەی زیندانی ئەڤین لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و دوای ٥ مانگ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا دواتر بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە.

 

ناوبراو کە تووشی دیسکی کەمەر بووە، هەروەها دوای زیندانیکردنی تاکەکەسی تووشی دیسکی مل و شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بووە و لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش بووە.