گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت هۆی سووتانی ناوچە شاخاوییەکان

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی هاوین ژمارەی ئاگرکەوتنەوە گەورەکان لە سەرانسەری جیهان زیاد دەکات، لە ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ ئاگر لە سەرانسەری وڵاتدا کەوتووەتەوە و نزیکەی ٢.٧ ملیۆن هێکتار زەوی سووتاوە

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی هاوین ژمارەی ئاگرکەوتنەوە گەورەکان لە سەرانسەری جیهان زیاد دەکات، لە بەرزاییەکان و ناوچە شاخاوییەکان ئاگرکەوتنەوەکان زیاد دەکات.

 

هەرچەندە ڕەنگە هۆکارەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لە سەرانسەری جیهاندا جیاواز بن، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکان بەتایبەتی لە ئەمریکای باکوور.

 

خەڵکێکی زۆر زیاتر لە ناوچەکانی ئاگرکەوتنەوەکان دەژین و بۆیە ئەوە بەو مانایەیە کە خەڵکی زیاتر کاریگەرییان لەسەرە کاتێک ئاگرەکان ڕوودەدەن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری فیدراڵی ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ٢١١ ئاگری گەورە لە وڵاتەکەیاندا کەوتووەتەوە کە ٨٢یان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوون.

 

جۆناسان ویلکینسن، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت: "ڕاستییەکی سادەیە کە کەنەدا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەخۆیەوە دەبینێت، لەوانەش ئاگرکەوتنەوەی گەورەتر و توندتر، وە پێشبینی دەکرێت بڕی ئەو دارستانانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە سووتاون  تا ساڵی ٢٠٥٠ دوو هێندە زیاد بکات بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، ئەمەش دەبێتە هۆی درێژتر و توندتربوونی وەرزی ئاگرکەوتنەوە کێوییەکان و بارودۆخی کەشوهەوای توندتر و زیادبوونی وشکەساڵی.

 

تا ئێستا لەم ساڵدا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ ئاگر لە سەرانسەری وڵاتدا کەوتووەتەوە و نزیکەی ٢.٧ ملیۆن هێکتار زەوی سووتاوە، وە تێکڕای نیشتمانی بۆ زەوییە سووتاوەکان لە مانگی ئایاردا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە تێکڕا نزیکەی ١٥٠ هەزار هێکتار زەوی بووە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئەم وەرزە چەندە بە شێوەیەکی ناباوەر چالاک بووە.

 

دەیڤ فیلیپس، زانای باڵای کەشوهەوا لە ژینگەی کەنەدا، وتی سێ دیاردە هەن کە بەڕاستی پەیوەستن بە گۆڕانی کەشوهەوا ئەوانەش بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، شەپۆلی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان.

 

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە بە شێوەیەکی ئاسایی تا مانگەکانی هاوین نابینرێت، دەبێتە هۆی وشکەساڵی و ڕێگە بە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان دەدات و هەندێک بای ناڕێک دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکان.