دروستبوونی کەشی ئەمنی توند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕژێمی ئێران خۆی بە کەرەستەی سەربازی قورس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکدار کردووە و ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنن بۆ پشکنینی خەڵک و کەشێکی تەواوی ئەمنیان دروست کردووە و لەدۆخی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ.

مەهاباد

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەرەستەی سەربازی و هێزی سەربازی لە شارە جیاجیاکانی ئێرانەوە هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەرەستەی سەربازی قورسیش لە نێویاندا دەبینرێت.

 

دوابەدوای بۆردومانی شاخەکانی شاهو لە بەرزاییەکانی کرماشانەوە کە بە وتەی ڕژێمی ئێران شوێنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانە، لە سەرەتاوە وا دیار بوو کە ئامانج لێی سوود وەرگرتن لە کەرەستەی حیزبە کوردییەکانی باشور بووبێت، بەڵام دیمەنێکی جیاواز لە ناو سنوور و نێوان شارەکان لە ڕۆژهەلاتدا دەبینرێت کە بۆ خەڵک زۆر جێی پرسیارە.

 

دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، حکومەتی ئێران کەشێکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاندووە و چەندین خاڵی پشکنینی داناوە و زۆرجار پشکنینی خەڵک دەکات و ئۆتۆمبیلی جەنگی قورسی لە شارە جۆربەجۆرەکاندا جێگیر کردووە.

هەروەها جگە لە بازگە و بنکە سەربازییەکان، لە گوندە جیاوازەکاندا بنکەیەکی سەربازی نوێی دروستکردووە، بۆ نموونە لە گوندی بیتۆش، حکومەت بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی سنوور، بنکەیەکی سەربازی نوێی دروستکردووە.

 

کیمیا حەمیدی ژنێکی مەهابادییە و لە گەشتێکی یەک ڕۆژەدا لە نێوان شارەکانی کوردستانەوە بەم شێوەیە قسەیکرد: " بەرەبەیانی زوو لە مەهابادەوە بەرەو شاری سەردەشت دەڕۆیشتین، سەرنجمان دا ئۆتۆمبێلی پۆلیسی هاتووچۆ کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە بازگەکان بەکاریان دەهێنا و وە لە لایەکی تریشەوە سەرباز و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە تەنیشت سەربازەکانەوە وەستابوون و پشکنینیان بۆ خەڵک دەکرد.

 

لە درێژەی قسەکانی دەڵێت: لە ڕێگای سەردەشت، بانە و سەقز و کرماشان ژمارەی سەربازەکان زۆر زۆر بوون و ئەم ژمارەیە لە سەربازانی سوپای پاسداران لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە ئەم شارانە بەیەکەوە دەبەستنەوە زۆر سەیر دەردەکەوت، لە نێویاندا هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک هەبوون، بەدرێژایی ڕێگاکان هێزێکی زۆر زیاتر هەبوو لە دەروازە و دەرچوونەکان، ئۆتۆمبێلەکانی هێزە سەربازییەکان و تەنانەت لەبری پۆلیسی هاتوچۆش بەدرێژایی ڕێگاکە وەستابوون و هەموو هێزەکان چەکەکانیان نمایش دەکرد.

 

ڕۆژان کەریمی، کە ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای ئورومیە - مەهاباد بوو، سەبارەت بە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی و سەرباز دەڵێت: لەسەر شەقامەکان، بارهەڵگری گەورە دەبیرێت لە ئۆتۆمبیل و کەرەستەی سەربازییان بۆ مەهاباد و بۆکان هەڵگرتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆی سوور و تابلۆی سەوزیان لەسەر بوو، لەسەر ڕێگاکە دەڕۆیشتن و هێزەکانی سوپای پاسداران بە تایبەتی بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییەکانی نەغەدە و بۆکان بوون.

 

بە سەربازیکردنی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا بەو شێوەیە نەبووە، تەنها لە ڕۆژانی ناڕەزایەتیی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نەبێت و بۆ هەموو خەڵک جێی پرسیارە، هێزە بێدەسەڵاتەکانی سوپای پاسداران دیسان لە چی دەترسن، یان چ سیناریۆیەک ئایا دژی خەڵکی کوردستان هەیانە کە دەیانەوێت نیشانی بدەن دەستیان کردووە بە بەخشینی ئامرازەکانیان.