هیچ ئارامییەک نییە... شەڕی سودان دەچێتە هەفتەی هەشتەم

شەڕی بەردەوام لە سودان بارودۆخی مرۆیی وڵاتەکەی خراپتر کردووە، بەهۆی نەبوونی ئاسایش و نەبوونی کارەبا و ئاو، سێ چارەکی نەخۆشخانەکان لە ناوچەکانی شەڕ چیتر خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەبێ هیچ چاوەڕوانییەکی ئارامی لە سودان، زیادبوونی قوربانییەکان و پێویستی بەپەلە بۆ هاوکاری مرۆیی، ناکۆکییەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" چووە هەشتەمین هەفتەیەوە.

 

پێکدادانی توند ڕۆژی یەکشەممە ٤ی حوزەیران، لە گەڕەکەکانی باشوری خەرتوم لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" ڕوویدا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیا، موهەندسین و هەندێک گەڕەکی کۆنی ئومدورمان و هەروەها ئەو گەڕەکانەی باشوری خەرتوم، ئێوارەی دوێنێ شەڕی قورس تێیاندا ڕوویدا و تۆپخانە و چەکی سووک بەکارهێندرا.

 

دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستە کورتەکە، سعودیە داوای نوێکردنەوەی ئاگربەستەکەی کرد سەرەڕای ڕاگرتنی وتووێژەکانی نێوان هەردوولا و جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە وتووێژەکانی نێوان نوێنەرانی هەردوو هێزە سەربازییەکە کە پێشتر تیشکیان خستە سەر پێویستی ئاسانکاری بۆ دەستگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە هەردوولا پێش دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان بیگرنەبەر.

 

عەرەبستانی سعودیە و ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی ١ی حوزەیران ڕایانگەیاند وتووێژەکانی نێوان لایەنەکانی ناکۆکییەکانی سودان ڕادەگرێت بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەستەکەوە.

 

تەرمەکان بە بێ ناسنامە دەنێژرێن

شەقامەکانی خەرتومی پایتەخت بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزی مرۆیی بەخۆوە بینیووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی تەرمەکان و ڕێگریکردن لە ناشتنیان بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانەوە، لە کاتێکدا مانگی سووری سودانی ڕایگەیاند کە شەڕی بەردەوام لە خەرتوم و دارفور خۆبەخشانی ناچارکردووە ١٨٠ کوژراو بنێژن کە تەرمەکانیان لە ناوچەکانی شەڕدا دۆزراونەتەوە بەبێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت.

 

ئەلیۆنا سینێنکۆ، وتەبێژی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە ئەفریقا هۆشداری دا کە بارودۆخی مرۆیی لە وڵاتەکەدا زۆر خراپە و خەڵکی مەدەنی بەهۆی نەبوونی ئاسایش و کارەبا و ئاوەوە ئازارێکی زۆریان هەیە و سێ لەسەر چواری نەخۆشخانەکان لە ناوچەکانی شەڕدا خزمەتگوزارییەکانیان ڕاگرتووە.

 

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە وتووێژەکانی نێوان هەردوولا ڕاگیران دوای ئەوەی چەندین پێشێلکاری بەهۆی ئاگربەستێکی کورت کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕاگەیەندرا تێکچوون.

 

زۆرێک لە شارەزایان پێشتر هۆشدارییان دابوو لە مەترسی بەردەوامبوونی شەڕ و شکستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بۆ دەستپێکردنی دانوستانە سیاسییەکان دواتر و جەختیان لەوە کردەوە کە داهاتوویەکی تاڵ چاوەڕێی وڵاتەکە دەکات ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت.