لە شوێنی بەئامانج گرتنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین نەمام چێنرا
بە ئامادەبوونی ژنانی ئازادیخواز و خانەوادەی شەهید هێرۆ و وڵاتپارێزان، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی ٨ـی ئادار لە شوێنی شەهیدبوونی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، هەڵمەتی نەمام چاندن ئەنجامدرا.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٥ی ئادار، ژنانی ڕاگەیاندنكار و ئازادیخواز و بنەماڵەی شەهید هێرۆ، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی ٨ی ئادار بە چاندنی نەمام لە شوێنی شەهیدبونی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، لە گوندی تەپەڕەشی سەر بە شارۆچكەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نزیكەی ١٥ نەمامی زەیتوونیان چاند، بەڵێنی بەردەوامیشیاندا بە خەباتی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس.
سەمیرە سەعید، ڕۆژنامەنووس لەمیانی بەڕێوەچونی مەراسیمەكەدا بەناوی ژنانی ڕاگەیاندنكارەوە وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: پێویستە یادی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام بكەینەوە، لەوانەش گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و شەهید جیهان و شەهید نازم و شەهید عەزیز و سەرجەم شەهیدانی دیكە، بە یادكردنەوەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد چالاكییەكانی ٨ـی ئادار دەستی پێكرد، پەیامی ٨ـی ئادار بەڕۆحییەتی ئەو شەهیدانەوە دەگەیەنین، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە دەکەین.
وتیشی: ئێستا گەلەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستانەوە لە قۆناغێكی هەستیاردایە، لەلایەن دەوڵەتانەوە بە شێوازی جیاواز سیاسەتی جۆربەجۆر لەسەر گەلەكەمان بەڕێوە دەچێت، لەڕووی سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەوە، بەتایبەتیش لەسەر هێڵی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرشێكی بەرفراوان هەیە و دوژمنان لەبۆچوون و دەنگ و سەدانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەترسین، بۆیە دەبینین ڕاگەیاندكاران دەبنە بەشێكی دیكە لە ئامانجی داگیركەران و شەهیدیان دەكەن، ئێستا بەرەو ٨ـی ئادار و نەورۆز دەچین، پەیامی ڕێبەرایەتیش لە ٢٧ـی شووبات بڵاوكرایەوە، ئەمانە هەمووی بە واتای ژیانەوە دێت لە مانگی ئاداردا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وەك گەلی كورد بە ڕۆشنبیرییەكی فراوانەوە لە پەیامەكانی ڕێبەرایەتی بڕوانین، لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵدان بۆ كۆمەڵگایەكی دیموكراتیک بە تێكۆشانی چەندین ساڵەی شەهیدان و گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی ئازاد بنیات بنێین، وەك ڕاگەیاندنكارانی ئازاد پەیامی شەهیدان دووپات دەكەینەوە، دەبینە دەنگی ڕاستەقینەی كۆمەڵگە لەسەر پرسەكانی كۆمەڵگە بەتایبەت ژنان.
دواتر بەوتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” كۆتایی بە مەراسیمەكە هات.