هۆشداریی بڵاوبوونەوەی برسێتی لە سۆماڵ لە چەند مانگی داهاتوودا
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دووپاتی کردەوە کە لە چەند مانگی داهاتوودا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە سۆماڵ ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە بەهۆی وشکەساڵی و کەمی باران، ئەمەش ڕەنگە دوای دوو وەرز بەبێ بارانبارین لە ئاستی ئاساییدا بارودۆخی وشکەساڵی دروست بکات.

ناوەندی هەواڵ
خەڵکی سۆماڵ ڕووبەڕووی برسێتییەکی ڕاستەقینە بوونەتەوە، وشکەساڵی بەردەوامە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای بۆ چەند وەرزێک، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی دوێنێ ٤ی ئادار، هۆشداریدا لەوەی کە ملیۆنێک کەسی دیکە لە سۆماڵ مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتییان لەسەرە لە سێ مانگی داهاتوودا بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی کە پێشبینی دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خۆراک و شیکاری خۆراکی پرۆگرامەکە ڕایگەیاندووە، ڕەنگە خەڵکی زیاتر لە مەترسی برسێتیدا بن لەوەی پێشتر ڕاپۆرتکرابوو بەهۆی کەمکردنەوەی بودجە، \پێشبینی دەکرێت لە نێوان مانگەکانی نیسان و حوزەیران بارانبارین لە سۆماڵ لە خوار مامناوەندەوە ببارێت، ئەمەش ئەگەری هەیە بارودۆخی وشکەساڵی دروست بکات دوای دوو وەرز بەبێ بارانبارینی ئاسایی.
ڕوونیشیکردەوە، خەمڵاندنێکی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە سۆماڵ ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند بوونەتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەکە بۆ ٤.٤ ملیۆن کەس بەرزبێتەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکاری ئەم وڵاتە بکات بۆ تێپەڕاندنی کاردانەوەی ئەو وشکەساڵییە کە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانەکەی دروستکردووە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ ناوچەی قۆڕنی ئەفریقا ڕووبەڕووی توندترین وشکەساڵی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بووەوە، بەهۆی کەمی بارانبارین لە چەند وەرزێکی یەک لە دوای یەکدا، بەهۆیەوە نزیکەی ٤٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
شایەنی باسە قۆناغی سێیەم بە ئاستی قەیرانی برسێتی ناسراوە، لە کاتێکدا قۆناغی چوارەم بە قۆناغی فریاگوزاری دادەنرێت، قۆناغی پێنجەمیش بە کارەساتبار یان برسێتی دادەنرێت.