لە غەززە ئازاری مەدەنییەکان توندتر دەبێتەوە چونکە دەروازەکان بە داخراویی ماونەتەوە
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە بەردەوامی داخستنی دەروازە سنوورییەکان بۆ کەرتی غەززە بۆ سێیەمین ڕۆژی لەسەریەک و زیادبوونی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی بەتایبەتی ژنان، جەختیان لەسەر پێویستی گەیاندنی دەستبەجێی هاوکارییەکان بۆ ئەوان کردەوە.

ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ئەو پێویستییە زۆرانەی کە ڕووبەڕووی دانیشتووانی کەرتی غەززە دەبنەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافەکانیان بە ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتییە پێویستەکان.
ڕۆژی ٥ی ئادار، وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بەردەوامی داخستنی دەروازەکان لە کەرتی غەززە لێکەوتەی وێرانکەری بۆ دانیشتووانی غەززە دەبێت و داوای لە وڵاتان و کەسانی کاریگەر کرد کە هەموو ئامرازە بەردەستەکان سوود وەربگرن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاگربەست لە ناوچەکەدا.
هەروەها نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سێیەمین ڕۆژی لەسەریەک دەروازەکانی (کەرەم ئەبو سالم) و (زیکیم) و (ئەرێز) لە غەزە بەڕووی بارهەڵگرەکانی هاوکاری مرۆیی داخراون و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هەموو هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەنێوان ئەو پەنابەرانەی غەزە کە پێش داخستنی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم چوونەتە ناو غەزە ڕەتکردووەتەوە.
کۆمیساری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئانرەوا) هەروەها ڕوونی کردەوە کە بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی ناردنی هاوکاری بۆ غەززە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دروست دەکات و جەختی لەسەر پێویستی درێژەدان بە ڕەوتی بەرفراوانی یارمەتییە مرۆییەکان کردووەتەوە.
هەروەها نوسینگەی سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتانی عەرەبی ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان ئازاری ئەو ژنانە زیاتر دەکات کە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مانەوەیان بێبەشن و تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە، ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ هاتنی هاوکارییەکان سەپێندراون، یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخەن، دەبێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە غەززە بەبێ گوێدانە ئەوەی ئاگربەستەکە بەردەوام بێت یان نا".
نوسینگەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، گەڕانەوە بۆ ئەو سنووردارکردنە دامرکاندێنەرانەی کە بەهۆی شەڕی کەرتی غەززە سەپێنراون، جێگەی قبوڵکردن نییە و داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە بە تەواوی و دەستبەجێ ڕێز لە پابەندبوونەکانیان بگرن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها داوای هەڵگرتنی گەمارۆ و یارمەتییە مرۆییەکانیشی بە ئازادی بۆ ناوچەکە کرد.