لە شاری سویدە ناڕەزایەتی لە دژی هێمای یاسای بنەڕەتیان کرا

ژنانی شاری سویدە لە سووریا نائومێدی خۆیان لە ڕاگەیاندنی یاسای بنەڕەتی دەربڕی.وە بە "ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی" وەسفیان کردوو، نەک دەستورێک بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی.

سویدە- ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئادار، کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەران لە شاری سویدەی سووریا، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە گۆڕەپانی کەرەما ئەنجامدا و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو بەیاننامەی یاسای بنەڕەتی دەربڕی کە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە دەرچووە.

 

ژنانی بەشداربوو لە ناڕەزایەتییەکەدا پلاکاردێکیان هەڵگرتبوو کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی خۆیان بوو، لەوانە "ئەمە ڕاگەیاندنێکی بنەڕەتی نییە، ئەمە ڕاگەیاندنی خەلافەتە" و ڕایانگەیاندبوو کە بەیاننامەکە "هیوای سوورییەکانی بێهیوا کردووە"، هەروەها ئاماژەیان بە ڕەتکردنەوەی دەقە پێشنیارکراوەکە کرد و داوای دووبارە نووسینەوەیان کرد لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانەی کە گەرەنتی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی نەتەوەی سووریا دەکەن.

 

سیرین کینگ، یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە ناڕەزایەتییەکە بۆ دژایەتیکردنی یاسای بنەڕەتییە، کە تەنیا نوێنەرایەتی گرووپێکی دیاریکراو دەکات لەسەر حیسابی سوورییەکانی دیکە، گوتیشی: ئێمەی سوورییەکان ئەم ڕاگەیاندنە دەستوورییە ڕەتدەکەینەوە، لەگەڵ حکوومەتێکی مەدەنی و حکوومەتێک هاوڕاین کە مافی هەمووان بەبێ جیاوازی دەستەبەر بکات. "بەسە ئەو شتانەی سورییەکان لەو چواردە ساڵەی کوشتن و لەناوبردندا تووشی بوون. ئێمە مافی ئەوەمان هەیە یاسایەکمان هەبێت کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە بەبێ جیاوازی".

 

لە لایەکی دیکەوە، راقییە شاعیر یاسای بنەڕەتی بە ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی وەسف کرد و هۆشداری دا لەوەی ئەگەر چاکسازی نەکرێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ڕژێمێکی تاکڕەوی نوێ. "ئەم بەیاننامەیە پشت بە مافەکانی گەلی سووریا نابەستێت، بەڵکو پشت بە فڕێدانی پێکهاتەکانی و قبوڵکردنی حکومەتێکی هەمان ڕەنگ دەبەستێت".

 

هەروەها لەجەین حەمزە نائومێدی خۆی لە بەیاننامە یاسا بنەڕەتییەکە  دەربڕی و بە نادادپەروەرانە بەرامبەر کەمینەکان ناوی برد. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە ئێمە لە ژمارەدا کەمینە بین، بەڵام لە هەڵوێست و بوێریدا زۆرینەین. دەشڵێت: "یاسای بنەڕەتی بناغەی وڵاتێکە، ئەگەر هەمەلایەنە و دادپەروەرانە نەبێت، نیشتمان بۆ هەموو کەسێک ناگونجێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی یاسایەک بووین کە مافەکانمان بپارێزێت، بەڵام بەداخەوە لەم بەیاننامەیەدا نەماندۆزییەوە. ئێمە چواردە ساڵ ئازار و ترس و هەڕەشەمان ئەزموون کرد، بەو هیوایەی وڵاتێک بەدەست بهێنین کە بەبێ هیچ جیاوازییەک هەموومان بپارێزێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەمانویست بەدەستمان نەهێنا. دەشڵێت: "هیوادارین بەیاننامەی یاسای بنەڕەتی پێداچوونەوە و هەموار بکرێتەوە ئەگەر حکومەتی کاتی هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی ناوخۆیی و یەکڕیزی نیشتمانی بدات".