"هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەرییەوە هاوکاری بنێرن بۆ ڕۆژئاوا"

لە ١٢ی کانوونی ئەمساڵ و هاوکاتی ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری سلێمانی کەمپەینی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا و کۆمەک کۆکرایەوە، ئەمڕۆش سندوقی هاوكاتییەکان لە ڕێکخراوی ئازادبوون داخرا و دەنێردرێن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

سلێمانی

 

بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارە و کۆچبەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە سەرپەرشتی دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە چالاکوان، هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ١٢ی کانوونی یەکەم سندوقی هاوکاری لە هەریەک لە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ئازادبوون و چەند شوێنێکی دیکە دانران.

 

دەستەکە ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ سندوقی هاوکاری لە ڕێکخراوی ئازادبوون بە شێوەی کاتی هەڵدەگیرێت و لە ڕێگەی مانگی سووری کوردیی یان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە دەنێردرێن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ڕووبار ئەحمەد، ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە بارەی سندوقەکانی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستانەوە وتی: سەرەڕای خراپی باری ئابووری خەڵک، بەڵام هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان باش بوون و خەڵک پێشوازییان لە هەڵمەتەکە کرد، لە ئێستاشدا سندوقی هاوکاری لە ڕێکخراوی ئازادبوون هەڵدەگیرێت و لە ڕێگەی مانگی سووری کوردی یان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە دەنێردرێن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ڕووبار ئەحمەد باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، ئەو هاوکارییانەی دەیانەوێت بیگەیەننە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ئاماژەی بەوەشدا لە ئێستادا سندوقی هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا لە ڕێکخراوی ئازادبوون بە کاتی ڕاگیراوە، لە داهاتووشدا و دوای کردنەوەی ڕێگەی دەروازی سنوری سێمێلکا هاوکاری لە شێوەی کەلوپەل و پێداویستی ژیانیی کۆدەکرێتەوە و بانگەوازی بۆ دەکرێت.