گەمارۆی سەر باکووری غەززە مەترسی لەسەر ژیانی ٧٥ هەزار کەس دروستکردووە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستیکردەوە کە ئەو گەمارۆیەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە ٨٠ ڕۆژ بەسەر باکووری غەززەدا سەپاندوویەتی، ژیانی ٧٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردومانی توندوتیژانەی ناوچەکانی غەززە و بنکە تەندروستییەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ئەمە جگە لە هەڵکوتانە سەر گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان بە ئامانجی لەناوبردنیان.

 

دوێنێ ٢٩ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە ئەو گەمارۆیەی کە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە ٨٠ ڕۆژە بەسەر باکووری غەززەدا سەپاندوویەتی، ژیانی ٧٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها سەرسام بووە بەو هەڵمەتەی کە نەخۆشخانەی کەمال عەدوانیان کردە ئامانج و لە خزمەتگوزاری وەستاوە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل ، دوای ئەوەی نەخۆشخانەی کەمال عەدوانیان گەمارۆداو سووتاندیان، ڕاستەوخۆ نەخۆشخانەی ئەلمەعمدانییان بۆردومان کرد، کە بە تاکە نەخۆشخانە دادەنرێت تا ئێستاش لە باکووری کەرتی غەززە کاردەکات.

 

"هەوڵەکانمان بێهودە بوو"

مارگرێت هاریس، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ڕێکخراوی تەندروستی لە غەززە بێهودە بووە، تیمێک دەنێرن بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە غەززە، بەتایبەتی ئەو ئامێرانەی کە نەخۆشخانەکان پێویستیان پێیەتی، لە هیچ بارودۆخێکدا دروست نییە هێرش بکرێتە سەر نەخۆشخانەکان، کارمەندەکانیان، یان نەخۆشەکان.

 

خەڵکی ئاوارە لە غەززە بەهۆی باران و زریان و بارودۆخی کەشوهەوای ساردەوە بەدەست بارودۆخێکی دڵتەزێن دەناڵێنن، باران و زریان مەترسی لەسەر چادر و ژیانی ئاوارەکان دروست دەکات.

 

شارەوانی کەرتی غەززە داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد دەستوەردان بکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ و دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی.