گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی مەلاریا زیاد دەکات

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایدەکات، تووشبوون بە مەلاریا لە سەرانسەری جیهاندا بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا داوا لە حکومەتەکان دەکرێت پێش لە دەرەنجامەکانی دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆ بگرن کە پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان لە سەرانسەری جیهاندا وەک مەلاریا، سورێژە و هەوکردنی مێشک.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی حاڵەتەکانی مەلاریا لە ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی زیاتر لە پێش پەتای کۆرۆنا و گەیشتە ٢٤٩ ملیۆن حاڵەت لە سەرانسەری جیهاندا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان ، مەلاریا هێشتا هۆکاری سەرەکی مردنی منداڵانە بەتایبەتی لە ئەفریقا، پاکستان، نایجیریا، ئۆگاندا، ئەسیوپیا و پاپوا گینیای نوێ زۆرترین حاڵەتی تۆمارکراوی ئەم پەتایە بوون، کە بەهۆی مشەخۆرێکەوە دروست دەبێت کە بە مێشوولە دەگوازرێتەوە.

 

لە تەمووزی ٢٠٢٢ دا، لافاوێکی گەورە سێیەکی پاکستانی لەژێر ئاودا جێهێشت و ٣٣ ملیۆن کەسی ئاوارە کرد، لەگەڵ زیاتر لە ٣.١ ملیۆن کەس کە ڕاپۆرتیان لەسەر کراوە کە تووشی مەلاریا بوون، بە بەراورد بە ٢٧٥ هەزار کەس لە ساڵی پیشووتردا.

 

لە مانگی نیساندا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتەکان کرد پێشبینی دەرئەنجامەکانی دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆ بکەن کە تازە دەستی پێکردووە، بەتایبەتی پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانەوە، ئەمەش یەکەم جار نییە کە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان بۆ پاراستنی ژیان و بژێوی ژیان.