فیلمی "کاتێک نەمامەکان گەشە دەکەن" خەڵاتی فیلمی لە ژاپۆن بەدەستهێنا

فیلمی "کاتێک نەمامەکان گەشە دەکەن" لە بەرهەمهێنانی کۆمۆنی فیلمی ڕۆژاڤا، خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی سکیپ سیتی لە ژاپۆن بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

فیلمی "کاتێک نەمامەکان گەشە دەکەن" خەڵاتی باشترین فیلمی لە ٢٠مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سکیپ سیتی کە لە ژاپۆن بەڕێوەچوو، بەدەستهێنا.

 

فیلمی "کاتێک نەمامەکان گەشە دەکەن" وەک باشترین فیلم لەناو هەزار و ٢٤٦ فیلمی بەشداری فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردرا، کە باس لە ژیانی خێزانێکی کۆبانی دەکات، بژێوی ژیانی خۆیان بە فرۆشتنی ماست پەیدا دەکەن، فیلمەکە تیشک دەخاتەسەر، گۆرانکاری و گەشەی کۆمەڵگە نوێیەکانی دوای شەڕ و شۆڕش.

 

ماوەی فیلمەکە یەک کاتژمێر و ٢٣ خولەکە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار لە شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان نمایشکرا، لە چەند وڵاتێکی جیهان وەک کۆڵۆمبیا، کەتەلۆنیا، سوید، ئەڵمانیا، پورتوگال، ئەمریکا، مەکسیک، ئەرجەنتین، ئیتاڵیا، ئۆرۆگوای و ...هتد نمایشکرا.