کۆڕبەندی فێمینیستەکانی جەزائیر: ژن ژیانە

لە کۆڕبەندی فێمینیستەکانی جەزائیردا، کە لەلایەن کۆمەڵەی سروەت فاتیمە نسومەرەوە بە دروشمی "ژن ژیانە" ساز کرابوو، سەرنجی بۆ مافی ژیانی ژنان ڕاکێشرا.

جەزائیر

 

کۆمەڵەی سروەت فاتیمە نسومەر بە هاوکاری دامەزراوەی یەکسانی، دووەم دانیشتنی کۆڕبەندی فێمینیستەکانی جەزائیریان لە ٢٣-٢٤ی تەمموز لە جەزائیر ڕێکخست، تیایدا زیاتر لە ٤٠ ژن لە پارێزگا جیاوازەکانی جەزائیر و زۆرێک لە کۆمەڵە فێمینیستەکان و داکۆکیکارانی مافی ژنان بەشدارییان کرد، کە بە دروشمی "ژن ژیانە" بەڕێوەچوو.

 

سەرنجی ژنان بۆ مافی ژیان ڕاکێشرا

ئامینە شەبالە، ئەندامی کۆمەڵەکە ڕایگەیاند، یەکەم دانیشتن بە ناونیشانی "ڕەگەزنامەی ژنان" بەڕێوەچوو و وتی: دوای ئەوەی یەکەم دانیشتن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، دانیشتنی دووەممان بە ناونیشانی "ژن ژیانە" ئەنجامدا، لە خولی دووەمدا ویستمان سەرنجی خەڵک بۆ کوشتنی ژنان ڕابکێشین، لە لایەکی ترەوە کاتێک سەرنجمان لەسەر مافی ژن لە ژیاندا بوو، باسمان لە تابوەکانی سەر ژنانیش دەکرد، ناوی ژنە کوژراوەکانیش خراوەتەڕوو و بەشەکانی تایبەت بە ڕووداوەکان خرانەڕوو.

 

لە کۆڕەکەدا لیندا جەوهەر و زاهیە شەرەفی باسیان لە پشتیوانی یاسایی و دادپەروەری و میکانیزمی پشتیوانی بۆ ئەو ژنان و کچانە کرد کە قوربانی توندوتیژین، نادیە ئایت زای باسی لە چەمک و مەرجەکانی فێمینیزم و جیاوازی کوشتن و کوشتنی ژن کرد.

 

هەروەها لە کۆڕەکەدا وۆرک شۆپی تێڕامان لەسەر پێشنیاری پلانی کارکردن بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵەی ژنان، کە مامەڵە لەگەڵ قوربانیانی توندوتیژی دەکەن و بەشداریکردن لە نووسینی یاسای مەدەنی، لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری لەخۆگرتبوو.