کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی کودستان داوای پاراستنی ئازادی ڕاگەیاندن دەکات

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پێشێلکارییەکانی سەر ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەرییان لە تورکیا و باشووری کوردستان شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، تورکیا بۆ ڕۆژنامەنووسان بووە بە زیندان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی فکری و ڕۆژنامەگەریی، لە تورکیا و باشووری کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان فرات جان و دەلال ئەکیوز، سیبەل یوکلەر لە تورکیا ئەوە پیشان دەدات کە تورکیا بۆ ڕوژنامەنووسان بووە بە زیندان، سەبارەت بە سەپاندنی سزای چوار ساڵی دیکەی زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە باشووری کوردستان، ڕێکخراوەکە وەکو خراپبوونی دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە باشووری کوردستان پێناسەی دەکات و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکان و پاراستنی ئازادیی ڕاگەیاندنیان دەکات.

 

ڕاشیانگەیاند: ڕۆژنامەوانی تاوان نییە، ڕۆژنامەوانی مافێکە و دەبێت ئەم مافە لە هەموو بارودۆخێکدا بپارێزرێت.