بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی جەزائیر ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی جەزائیر لە کاتی شەپۆلێکی گەرمای سەختدا ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو شەپۆلی گەرمایەی کە جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند دارستانێکی جەزائیر، بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش ئاوارەبوون.

 

وەزارەتی ناوخۆی جەزائیر ئەمڕۆ ٢٥ی تەمموز ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی جەزائیر گەیشتە ٣٤ کەس لەنێویاندا ١٠ سەرباز هەن.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆ، کارەکانی پاراستنی شارستانی لەسەر ئاستی ١١ ویلایەت بە بەشداری ٨ هەزار ئەندام و ٥٢٩ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامە، ئاگرەکە کاریگەری لەسەر دارستانەکان و بەروبوومی کشتوکاڵی کردووە، هەروەها هەزارو ٥٠٠ کەس ناوچەکانیان چۆڵ کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان هێشتا بەردەوامن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ڕێگەی فڕۆکە و فڕۆکەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی جەزائیر، کارەکان بەردەوامن سەرەڕای بارودۆخی کەشوهەوای سەخت کە بایەکی بەهێز و پلەی گەرمی بەرز هەیە.

 

ئەم ئاگرە لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە باکووری ئەفریقا و ناوچەی دەریای ناوەڕاست پلەی گەرمای بەرز لە ٤٠ پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت و جەزائیر و ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە هەموو هاوینێک شایەتی ئەو ئاگرە دەدەن کە دارستانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگرێتەوە، دیاردەیەک کە ساڵ لەدوای ساڵ بەهۆی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەواوە خراپتر دەبێت کە دەبێتە هۆی وشکەساڵی و شەپۆلی گەرما.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٣٧ کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورەوە لە پارێزگای ئێل تارف لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا هاوینی ساڵی ٢٠٢١ کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە بوو لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرێکی گەورەوە لە باکووری جەزائیر گیانیان لەدەستدا، بەتایبەتی لە ناوچەی کابیلی.