تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان داوای ئازادکردنی نەدا پەروانی و ژولیا پارسی دەکات

دەستگیرکردنی نەدا پەروانی و ژولیا پارسی ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە و تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی خێرای ئەم دوو چالاکوانەی مافی ژنانی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٣ی تشرینی یەکەم، تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە دەستگیرکردنی نەدا پەروانی و ژولیا پارسی، لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕایگەیاند: بەردەوامبوونی ئەم دۆخە ترس و تیرۆر لەناو خەڵکدا زیاتر دەکات.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ئازادکردنی دەستبەجێی نەدا پەروانی و ژولیا پارسی هەروەها داوای ئازادکردنی موتیعوڵا ویسا، چالاکوانی پەروەردەیی کچان و مورتەزا بەهبودی، ڕۆژنامەنووس و ڕەسوڵ پارسی، مامۆستای پێشووی زانکۆی هەرات، کە چەند مانگێکە لە زیندانی تاڵیباندان، دەکات.

 

جێی ئاماژەیە، نەدا پەروانی و هاوژینەکەی و منداڵە بچووکەکەی ١٥ ڕۆژ لەمەوبەر و ژولیا پارسی و کوڕە گەورەکەی هەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستگیرکران.