ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تێکؤشان دژ بە سزای لەسێدارەدان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٣دا، ٢٨٢ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٢٥٪ زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژ بە سزای لەسێدارەدان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، ٢٨٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە نزیکەی دوو ئەوەندەی ژمارەی سێدارەکانی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ە، لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە لوتکەی ئەو وڵاتانەدا بوو کە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ١٧٣ کەس لە پەیوەندی بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ تا ساتی نووسینی ڕاپۆرتەکە، ٢٥٥ کەس بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون، ئەم ژمارەیەش ٧٨٪ی کۆی ئاماری جیهانییە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەوەی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بەپێی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ نایاساییە، بەڵام ئەم شێوازەی سزادان بەشێوەیەکی جیاکاری لەهەندێک وڵاتدا جێبەجێدەکرێت و تائێستاش ٣٦ وڵاتی جیهان ئەو سزایە لە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن.

 

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا شکستی چەند دەیەیەک لە قەدەغەکردن و تاوانبارکردنی مادەی هۆشبەر ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاندووە کە ئەو سیاسەتانە جگە لە "توندوتیژی، نەخۆشی، ئازار، هەراسانکردن و زیندانی گروپی" هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە، ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ زیاتر جەختی لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر گۆڕاوە بۆ کارتێکی فشار لە دەستی پۆلیس و حکومەتەکاندا بۆ خراپکردن، جیاکاری، لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسایی، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکە.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وێڕای ئاماژەدان بە زیادبوونی ٢٥٪ی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، داوای لە لێژنەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تیشک بخاتە سەر پارێزبەندی ڕێکخراوەی ڕژێمی ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان و فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان .