هێرشەکانی تورکیا ئازارەکانی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر دەکات

دەوڵەتی تورکیا لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەمەش ئازارەکانی گەل زیاتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەبێ وەستان بەردەوامە، لەو ماوەیەدا وێستگەکانی ئاو، سووتەمەنی و کارەبا و باڵەخانە ئیدارییەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.

 

زنجیرەی هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە شاری ئەنقەرە کرایە ئامانج  لە ١ی تشرینی یەکەم چڕبوونەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەستپێکردنی هێرشێکی ڕاگەیاند، کە ژێرخان و دامەزراوەکانی سووتەمەنی لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.

 

لە وەڵامی لێدوانەکانی هاکان فیدان، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک هەمان ڕۆژ وتی: ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە ناوچەکانی ئێمەوە نەڕۆیشتوون، تورکیا بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ هێرشکردن.

 

دوای ئەم لێدوانانە، دەوڵەتی تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان کە ١٠ی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، ٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ١١ هاوڵاتی مەدەنی کە ژن و منداڵیان تێدایە هەن، ٣٥ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دوو ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک هەن.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە مافی خوێندن بێبەش بن، بەهۆی پەک کەوتنی خوێندنگەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ٤٨ خوێندنگە لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی بۆردوومانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەهۆی قەیرانی ئابووری وڵاتەکە، بنیادنانەوە و پاراستنی تۆڕی کارەبا لە دوای ململانێ بەشێکی گەورەی بودجەی خۆبەڕێوەبەری لە دەست دەدات، کە لە بەرامبەریشدا بارگرانی و ئازاری خەڵکی ناوچەکە زیاد دەکات.