لە پانێلێکدا ڕێگە چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک خرایەڕوو

مانگی تشرینی یەکەم بە مانگی هۆشیاری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشان کراوە، لەو بارەیەوە پانێلێک بۆ چۆنیەتی چارەسەر کردن و دوور کەوتنەوە لە نەخۆشییە دەروونییەکانی دوای ئەو نەخۆشییە ڕێکخرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری پزیشکی فاروق لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی مانگی تشرینی یەکەم، هەڵمەتی هۆشیاری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکم پانێلێک ڕێکخرا و باس لە چارەسەر و دوور کەوتنەوە لە نەخۆشییە دەروونییەکانی دوای ئەو نەخۆشییە کرا.

 

لە پانێلەکەدا ئاڵا شاڵی، پزیشکی تیشک و سۆنەر باسی کاتی سەردانیکردنی نەخۆشی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "زۆر جار نەخۆش پێویست دەکات هەموو ڕێکارەکانی تیشک و بەکارهێنانی ئامێرەکان بگرینەبەر بۆ ئەوەی بزانین نەخۆشیەکە لە چی ئاستێکدایە، چونکە لە بەشێک لە پشکنینەکاندا دەرناکەوێت کە نەخۆش تووشی شێرپەنجە بووە یان نا، وە نابێت نەخۆش بێزار بێت لەوەی هەموو ئەم پشکنینانە ئەنجام بدات، دەبێت بڕوابەخۆبوونیان زۆر بێت و بتوانن نەخۆشیە تێبپەڕێنن".

 

لە درێژەی پانێلەکەدا نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی ئاماژەی بەوەکرد، تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک زۆرجار تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتر چارەسەری نییە، بەڵکو دەبێت تووشبووان لەلایەن چواردەوریانەوە هانبدرێن کە بڕوایان بە خۆیان هەبێت و دەتوانن زاڵ بن بەسەر نەخۆشیەکەدا، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە تووشبووان دەبێت گرنگی بە خۆیان بدەن و ئەو کارانە بکەن کە دەروونیان ئارام دەکاتەوە.

 

لە درێژەی پانێڵەکەدا نەخۆشانی چارەسەربووی شێرپەنجەی مەمک باسیان لە ئەزموونی خۆیان بەسەر نەخۆشییەکەدا کرد، لە کۆتاییدا ڕێزلێنان بەخشرایە چەند کارمەندێکی دڵسۆزی ژن لە بواری تیشک و نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک.