٣٠٠ دۆنم پووش و پاوان و دارستان لە سنووری شارباژێر سووتان

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوی کردەوە، بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، ئاشى بارام و سنەڵجێ لە سنووری شارباژێڕ کەوتەوە، بەهۆیەوە ٣٠٠ دۆنم، پووش و پاوان و دارستان سووتان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەمساڵدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە تەواوی جیهان ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکان ئاگریان گرت و لەناوچوون، هەرچەندە لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز کاریگەری پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، بەڵام ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە کە زۆربەی کات بە دەستی مرۆڤەکانە بەردەوامی هەیە.

 

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوی کردەوە، بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، ئاشى بارام و سنەڵجێ لە سنووری شارباژێڕى سەر بە پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام ٣٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان دارستان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سروشتی ناوچەکە گەیشتووە.