لە دژی سزادانی ڕۆژنامەنووسان ناڕەزایەتی بەردەوامە

لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە دژی سزادانی شێروان شێروانی لەلایەن دادگای پەدەکەوە بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە باخی گشتی شاری سلێمانی، لە دژی سزادانی شێروان شێروانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەڕێوەچوو، کە نوێنەری بەشێک لە پارتە سیاسیەکان، نوسەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانا تێیدا ئامادەبوون، هاوکات لەلایەن چالاکوانانەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو.

 

شاڵاو سەرکەوت، بە نوێنەراتی چالاکوانانی گردبوونەوەکە بەیاننامەی بەشداربووانی خوێندەوە، دوای سێ ساڵ لە زیندانیکردنی شێروان شێروان بە ناحەق، ٢٠ ئەم مانگە جارێکی دیکە بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزا درایەوە هەرکاتێک چالاکوانان بیانەوێت لە پێناو ماف ئازادیەکانیان تێکۆشان بکەن و دژی نادادییەکان بوەستنەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە تۆمەتی سیخوڕیکردنیان دەدرێتە پاڵ، ، ئێمە دەپرسین ئەم زوڵم و ستەمە لە پای چی، بۆچی دادگا بووە بە کوتەکی سەرکوتکردن و زیندانیکردنی ئازادیخوازان.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتبوو، دەزگاکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتیان نەماوە، بێدەنگی خەڵکی بووەتە هۆی بەردەوامبوونی ستەم و نادادییەکان، دادگایی فیدراڵی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتەکانیانی هەڵوەشاندەوە، چوونکە ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی کەسی ناو بنەماڵەی دەستڕۆیشتووە، هەرچی کردەوەی نا شەرعی هەیە ئەنجامیاندەدا، بۆ وەستانەوە لە دژی نادادییەکان دەبێت خەڵکی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت پشتیوان و هەماهەنگبن، هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە لە ژێر چنگی دڕندەیی دەسەڵاتداران جێ نەهێڵن.