چالاکییەکی هونەری لە دیمەشق گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی زیندوو دەکاتەوە
دیمەشقی پایتەختی سووریا، میوانداری بۆنەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری کرد کە لەلایەن دامەزراوەی ستار بۆ گەشەپێدانەوە ڕێکخرابوو، کە تێیدا گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی لەلایەن گروپە هونەری و فۆلکلۆرییە جیاوازەکانەوە پێشکەشکرا.
ناوەندی هەواڵ
دامەزراوەی ستار بۆ گەشەپێدان، ١ی ئەیلوول، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، بە ئاهەنگ گێڕان بە گۆرانی و فۆلکلۆر و میراسی کوردی بۆنەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری سازکرد، لە چالاکییەکەدا چەندین گروپی هونەری و فۆلکلۆری نمایشکران و ژمارەیەک کەسی ئارەزومەند بۆ کاروباری ڕۆشنبیری ئامادەبوون.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتارێکی ڕۆناهی حەسەن، سەرۆکی دامەزراوەی ستار بۆ گەشەپێدان، دەستیپێکرد، کە باسی لە گرنگی ڕۆشنبیری و گەشەپێدان لە پشتیوانیکردنی تاکەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کرد، هەروەها هەمەجۆریی کولتووری بەشێکی دانەبڕاوە لە پەیکەری کۆمەڵایەتی و بەشدارە لە پەروەردەکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانیدا.
بەرنامەکە چەندین نمایشی هونەری لەخۆگرتبوو، لەوانە نمایشی گروپی ”Muzîka Stêra Zêrîn” کە هەڵبژاردەیەک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانیان پێشکەشکرد، هەروەها هەڵپەڕکێی فۆلکلۆر و نمایشی دەبکە لەلایەن گروپی شەهید بێریتان دەبکێ و گروپی هەلپەرکێی فۆلکلۆری ”شەهید وڵات”.
ئەم نمایشە هونەرییانە دەرفەتێکیان ڕەخساند بۆ نمایشکردنی میراسی میوزیکی و فۆلکلۆری کوردی و تیشک خستنە سەر گرنگی پاراستن و گواستنەوەی ئەو میراسە کولتوورییە بۆ نەوە نوێیەکان.
چالاکییەکە بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێکخستنی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان کە بەشدارن لە بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پێشخستنی فرەچەشنی کولتووری لە سووریا کۆتایی هات.