کژار: شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" نەکوژاوەتەوە

کژار ڕایگەیاند، شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" نەکوژاوەتەوەو بۆ بەدیهێنانی ئازادی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە تێکۆشان بەردەوامن و داوای یەکگرتوویی ژنان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیاندراوکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەمشێوەیەیە:-

ژنانی تێکۆشەر، هێزە پێشەنگ و گۆڕانخوازەکان!

چوار ساڵ بەسەر شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا تێپەڕ دەبێت، ئەو شۆڕشە تەنیا داواکارییەکی کاتی یان کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ستەمێکی بەردەوام نەبوو، بەڵکو بونیادی شۆڕشێک زێهنی، هزری و نوێخوازانەی ڕاستەقینەیە لە مێژووی خەباتی گەلانی ئێراندا، چوار ساڵ تێکۆشانی بەردەوام سەلمێنەری ئەوەیە، ئەم شۆڕشە پێش گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسی، گرنگترین وەرچەرخانی لە ناخ و باوەڕی کۆمەڵگەدا پێکهێناوە. کاتێک کۆمەڵگە هەست بە ئازادیی هزر بکات و ئاوێتەی ڕۆحی ڕزگاری ببێت، ئیتر هیچ هێزێک ناتوانێ پاشەکشەی پێبکات.

 

لە ئێستاشدا کە پێ دەنێینە نێو پێنجەمین ساڵی ئەم سەرهەڵدانەوە کۆمەڵایەتییە، لە نێو جەرگەی شۆڕشێکدا دەژین کە بە فرەیی و هەمەجۆریی کەلتووری و نەتەوەیی خۆی، هەنگاوێکی بێ پاشەکشەی بەرەو پێشەوە هەڵگرتووە، ژن لە ناوەندی ئەم هاوکێشەیەدا، نەک تەنیا وەک ڕەگەزێک، بەڵکو وەک هێمای ژیانەوەی شکۆی مرۆڤایەتی و ژیانی ئازاد جێگەی گرتووە، ئەم تێکۆشانە لە ڕاپەڕینێکی کاتیی تێپەڕیوە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە.

 

هەروەها دەمارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە دەستپێکی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێک ڕەوتی ملکەچی دەرەکی پێکەوە هەوڵی ئەوە دەدەن تاوەکو واتا و ناوەڕۆکی ئەم بزووتنەوە مەزنە کەمڕەنگ و بەتاڵ نیشان بدەن، سیستمی دەسەڵاتدار بە پەرەپێدانی توندوتیژیی ڕێکخراو و هەژاریی سیستماتیک و هەروەها دروستکردنی تۆڕی مافیایی، هەوڵی داڕمانی بەهاکانی کۆمەڵگە و شکاندنی ئیرادەی ژنانی دەدات تاوەکو ڕێگری لە گۆڕانکاریی بنچینەیی بکات، بەڵام ئەو ژنانەی کە گرنگی وشیارییان هەست پێکردووە هەرگیز پاشەکەشە ناکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، ژنان لە بواری تێکۆشان بەرانبەر باڵاپۆشی زۆرەملێ هەوڵێکی زۆریان داوە و توانیویانە لەم بوارەشدا کۆمەڵێک دەستکەوتیان هەبێت، بەڵام هەموو ئامانجی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لابردنی لەچک لەسەر سەر نەبوو، لە ڕاستیدا ئامانج لابردنی ئەو باڵاپۆشیە تارمایی بوو لەسەر بیرکردنەوە و ئیرادە و هەبوونی ژنان، تاەکو ئێستاش ئەم تێکۆشانە بەردەوامە، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت ئەم ڕاستییە پەردەپۆش بکات کە ئاڵاهەڵگری ئەم سەرهەڵدانە لەسەر شانی ئەو ژنانەیە کە ئامانجی کۆتاییان، پچڕاندنی هەموو کۆتوبەندەکانی سیستمی پیاوسالاری و هێنانەدیی ژیانێکی ئازادە.

 

چوار ساڵ سەرکوت، شەپۆلی بەربلاوی لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، کۆمەڵکوژی و هەروەها پەرەسەندنی دیاردە زیانبەخشە پێکهاتەییەکانی وەک هاوسەرگیریی زۆرەملێی منداڵان، نەیتوانی بیری ئازادی لەنێو ببات، لە یەک ساڵی ڕابردوودا، بە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سەرنجەکان چوونە سەر جەنگی نێوان دەوڵەتان، لە کاتێکدا گەورەترین جەنگ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان لە ناوخۆی ئێراندا بەڕێوەدەچوو، جەنگێک کە تاوەکو ئێستایش بەردەوامە.

 

ڕێژەی دەستبەسەرکردنی ژنان و سزاکانی سێدارە لە هەڵکشاندایە و نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی ژنانی بەندکراو، وەک زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، گوڵڕوخ ئیرایی و بەندکراوانی دیکەی سیاسی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، لە لایەکی دیکەوە، ڕێژەیەکی زۆری ژنان لەم ماوەیەدا بەدەستی پیاوانی بنەماڵەکانیان کوژران و کۆماری ئیسلامیش بە سەرکوتی ناوخۆیی، پەرەی بەم توندوتیژییانە لەنێو کۆمەڵگە داوە، لە دۆخێکی لەوشێوەدا کە ڕژێم ڕێژەی تاوانەکانی خۆی دەشارێتەوە، بڵاوکردنەوەی ئامار و زانیارییەکان لەسەر ئەو تاوانانە ئەرکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە و لەم بوارەدا هیچ تاوانێکی دژ بە ژنان نابێت بە شاراوەیی بمێنێتەوە.

 

هەر بۆیە، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە ساڵیادی ئەم شۆڕشە مێژووییەدا، بە پشتبەستن بە ڕێبازی ئازادیی ژن، ڕۆحیەی ئیدیۆلۆژیک و خۆڕێکخستنی دیموکراتیک، پەیامی خۆی بەمشێوە ڕادەگەیەنێت: ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران چوار ساڵە بە پێداگری و بێوچان تێکۆشان دەکەن و ئەم تێکۆشانەش بەردەوامە، ئەم جۆرە لە بەرخۆدان و خەباتی مێژوویی و بوێرانە، لەخۆیدا گەورەترین سەرکەوتنە بەسەر پێکهاتەی سیستمێکی پیاوسالاری وەک کۆماری ئیسلامی، گەلێک مرۆڤی هێژا لە ڕێگەی گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد گیانیان بەخشی کە یادەوەرییان مەشغەڵی ڕێگەی ئەم شۆڕشەیە، ئەوان هەرگیز لەیاد ناکرێن و خوێن و تێکۆشانیان دەبێتە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، کەواتە ساڵیادی ئەم شۆڕشە نەک کۆتایی وەرزێک، بەڵکو نوێبوونەوەی پەیمانێکی بەهێزە بۆ بەردەوامی تێکۆشان.

 

ماوەیەکی زۆرە لە ئێران ژنان هێڵی ترسیان بەزاندووە،  هزری ئازادی لەدایک بووە و هێزی دەسەڵاتخواز توانای لەنێوبردنی ئەم هزرەی نییە، چونکە ژنان ڕێگە نادەن دەست بەسەر واتای ئەم شۆڕشەدا بگیردرێت یان کەمڕەنگ بکرێتەوە، ئەم تێکۆشانە تاوەکو وەدیهاتنی ئازادی، دادپەروەری و جێگیربوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و یەکسان، بەردەوامی بە هەنگاوەکانی خۆی دەدات، ئێمە وەک کژار، بە پشتبەستن بە پەروەردە و ڕێکخستنی ژنان لەو باوەڕەداین؛ فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە ساڵانێکە لە کوردستان ژیاوەتەوە، ئێستا بووەتە فەلسەفەیەکی گشتگیر، ئەم فەلسەفەیە ژنانی زۆری لەدەوری یەکتر کۆکردوەتەوە تاوەکو پێکەوە کۆمەڵگە و ژیانێکی ئازاد بخوڵقێن.

 

هەر بۆیە لە ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، پێکەوە بە یەک دەنگ دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی” و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانمان، یەکگرتووانە و ڕێکخراوتر هەنگاو بنێین، کژار لە ساڵانی ڕابردوودا و بە بەردەوامی لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوی ناوە و دیسانیش بەردەوام دەبین، لەم سۆنگەیەشەوە بەرنامە وپلانەکان بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕادەگەیەنین.

 

بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

بەردەوام بێت یەکێتی و تێکۆشانی یەکگرتووی ژنان.