زیندانی ئێرنشاریش پەیوەندی بە هەڵمەتی "نا بۆ سزای سێدارە"وە کرد

هەڵمەتەکە کە لە هەفتەی١٣٦ لە ٦٢ زینداندا بڵاوبووەتەوە، ڕایگەیاند لە نێوان ٢٣ تا ٢٩ی ئابدا، لانی کەم ٣٢ کەس کە دوویان ژنن، لەسێدارە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

 هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە دژی سزای لەسێدارەدان لە گرتوخانەکانی ئێران بەردەوامە و چووە هەفتەی ١٣٦ەمینی خۆیەوە. بە بەشداریکردنی گرووپێک لە زیندانییانی گرتوخانەی ئێرانشەهر، ژمارەی ئەو گرتوخانانەی کە هەڵمەتەکەیان تێدا بەردەوامە گەیشتە ٦٢ گرتوخانە.

 

زیندانییانی ٦٢ گرتوخانەکەی بەشداربووی هەڵمەتەکە، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر سزای لەسێدارەدان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

لە هەفتەیەکدا ٣٢ کەس کە ٢یان ژن بوون لەسێدارە دراون

 

لە ڕاگەیەندراوی هەفتەی ١٣٦ەمینی هەڵمەتەکەدا دیاری کرا کە ڕژێمی ئێران لە نێوان ٢٣ بۆ ٢٩ی ئابدا لانیکەم ٣٢ کەسی لەسێدارە داوە کە ٢یان ژن بوون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی نێوان کانونی یەکەمی ٢٠٢٥ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا دەستگیرکراون، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یان ڕووبەڕووی مەترسی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە لە دۆسیەی مەیدانی شەهیدان لە ئەسفەهان ۱۰ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها دەستنیشانکرا کە سزای لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسی لەیلا ئەبولحەسەنی کە لە گرتوخانەی دەوڵەتئاوای ئەسفەهان ڕاگیراوە، و سزای لەسێدارەدانی عەلی ئەسغەر پەێغەمبەری کە لە گرتوخانەی قزلحەسار ڕاگیراوە، پەسەند کراوە.

 

هەڵمەتەکە جەختی کردەوە کە ئەم کەسانە لە مافی بەرگریکردن و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کراون و ژیانیان لە مەترسیدایە.

 

بانگەواز بۆ تێکۆشان لە دژی سزای لەسێدارەدان

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج ڕاکێشرا بۆ سەر قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران. ئاماژە بەوە کرا کە هەڵئاوسانی بەرز و دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی، مەرجەکانی ژیانی بەشێکی گەورەی دانیشتووانی خراپتر کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەربڕدرا کە ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پۆلیسیترکردنی سیاسەتەکانی سەرکوتکاریی توندتر کردووەتەوە و سزای لەسێدارەدانیش بەشێکە لەو سیاسەتانە.

 

هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" بانگەوازی لەو کەسانە کرد کە لە بواری سیاسی، مافی مرۆڤ، سەندیکا و کۆمەڵگەی مەدەنیدا چالاکن، داوای لێکردن تێکۆشانی دژی سزای لەسێدارەدان بەربڵاوتر بکەن.

 

گرتوخانەی ئێرانشەهر بەشداری هەڵمەتەکە بوو

 

لە هەفتەی ١٣٦ەمینی هەڵمەتەکەدا، گرووپێک لە زیندانییانی گرتوخانەی ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بەشداری هەڵمەتەکە بوون.

 

بە بەشداریکردنی گرتوخانەی ئێرانشەهر، ژمارەی ئەو گرتوخانانەی کە بەشدارییان لە هەڵمەتی ‘سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان’ کردووە، گەیشتە ٦٢ گرتوخانە. ئەو زیندانییانەی بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە، ئەمڕۆ لە دژی سزای لەسێدارەدان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

ناوى ئەو گرتوخانانەی کە مانگرتنیان تێدا بەردەوامە بریتین لە:

 

گرتوخانەی ئەڤین (بەشی پیاوان و ژنان)، گرتوخانەی قزلحەسار (یەکەکانی ۲، ۳ و ٤)، گرتوخانەی ناوەندیی کەرەج، گرتوخانەی فەردیس لە کەرەج، گرتوخانەی تارانى گەورە، گرتوخانەی قەرچەک، گرتوخانەی خۆرین لە وەرامین، گرتوخانەی چۆبیندار لە قەزوین، گرتوخانەی ئەهەر، گرتوخانەی ئەراک، گرتوخانەی لەنگەرود لە قوم، گرتوخانەی خولەماباد، گرتوخانەی بروجێرد، گرتوخانەی یاسوج، گرتوخانەی ئەسەدئاباد، گرتوخانەی ئەسفەهان، گرتوخانەی دەستگەرد لە ئەسفەهان، گرتوخانەی شەیبان لە ئەهواز، گرتوخانەی سەپیدار لە ئەهواز (بەشی پیاوان و ژنان)، گرتوخانەی نیزام، گرتوخانەی عادلئاوای شیراز (بەشی پیاوان و ژنان)، گرتوخانەی فیروزئاباد لە فارس، گرتوخانەی دێهدەشت، گرتوخانەی زاهیدان (بەشی پیاوان و ژنان)، گرتوخانەی بۆرازجان، گرتوخانەی ڕامهورموز، گرتوخانەی بەهبەهان، گرتوخانەی بم، گرتوخانەی یەزد (بەشی ژنان و پیاوان)، گرتوخانەی کەهنوج، گرتوخانەی تەبەس، گرتوخانەی ناوەندیی بیرجەند، گرتوخانەی مەشهەد، گرتوخانەی گورگان، گرتوخانەی سەبزەوار، گومبەدی کاووس، گرتوخانەی قائیمشەهر، گرتوخانەی ڕەشت، گرتوخانەی حەویق لە تالش، گرتوخانەی ئەزبەرام لە لاهیجان، گرتوخانەی دیزلئاوای کرماشان، ئەردەبیل، گرتوخانەی تەبرێز، گرتوخانەی ورمێ، گرتوخانەی سەڵماس، گرتوخانەی خۆی، گرتوخانەی نەغەدە، گرتوخانەی میاندواو، گرتوخانەی مەهاباد، گرتوخانەی بۆکان، گرتوخانەی سەقز، گرتوخانەی بانه، گرتوخانەی مەیوان، گرتوخانەی بروجن، گرتوخانەی نەیشابوور، گرتوخانەی گەچساران، گرتوخانەی نور و گرتوخانەی ئێرانشەهر.