خەڵاتی هونەری ئێرانی سیما بینا ڕێز لە بەشدارییەکانی لە پاراستنی میراسی مۆسیقا دەگرێت
سیما بینا، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و زانای مۆسیقای نەریتی، بۆ وەرگرتنی ١٦هەمین خەڵاتی ساڵانەی هونەری ئێران لە زانکۆی ستانفۆرد، وەک ڕێزلێنانێک بۆ کاری هونەری و توێژینەوەی و هەوڵەکانی لە پاراستنی مۆسیقای نەریتی هەڵبژێردرا.
ناوەندی هەواڵ
زانکۆی ستانفۆرد ڕایگەیاند کە سیما بینا، هونەرمەند و زانای مۆسیقای نەریتی ١٦هەمین خەڵاتی ساڵانەی هونەری ئێران وەردەگرێت کە ٧ی تشرینی دووەم لە ڕێوڕەسمێکدا پێشکەش دەکرێت.
سیما بینا یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی مۆسیقای نەریتی ئێران، بە درێژایی ژیانی دەیان ساڵەی خۆی، گۆرانی، ئاوازدانان و ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی لەسەر مۆسیقای ناوچە جیاوازەکانی ئێران تێکەڵ کردووە، کارەکانی بەشدارییان کردووە لە پاراستنی میراسی مۆسیقای ناوخۆیی و بەڵگەنامەکردنی شێوازە هەمەچەشنەکانی، ئەمە جگە لە ڕۆڵی پێشەنگانەی لە ڕاهێنانی نەوەی نوێ و بە تایبەت ژنان لە مۆسیقای نەریتیدا، سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە لە چوارچێوەی ئێراندا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
زانکۆی ستانفۆرد کە خەڵاتی ”هونەری ئێرانی بیتا”ی پێ دەبەخشێت، ستایشی بەشدارییەکانی سیما بینای دەیان ساڵەی لە بواری گۆرانی، ئاوازدانان، وانەوتنەوە، لێکۆڵینەوەدا کرد، بەتایبەتی کارەکانی لە کۆکردنەوە، بەڵگەنامەکردن و پاراستنی مۆسیقای ناوچە جیاوازەکانی ئێران.
زانکۆکە تیشکی خستە سەر بەردەوامی چالاکییە هونەریەکانی سەرەڕای ئەو سنووردارکردنە توندانەی کە بەسەر ژنانی کار لە بواری مۆسیقادا لە ناوخۆی ئێراندا سەپێنرابوو، بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان بەردەوام بووە لە بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپی مۆسیقا و فێرکردنی مۆسیقای نەریتی بە ژنان.
خەڵاتی ”هونەری ئێرانی بیتا” لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ساڵانە بۆ ڕێزلێنان لە خوڵقێنەرانی بەڕەچەڵەک ئێرانی کە لە بوارەکانی هونەر و ئەدەبدا دەستکەوتی ناوازەیان بەدەستهێناوە، هەڵوێستی بەرچاویان لە بەرگریکردن لە ئازادیی هونەرمەندان بۆ ئافراندن بەبێ سنووردارکردن گرتووە.