بەهۆی بەرزی پلەی گەرما ٢١١ کەس لە هندستان گیانیان لەدەستداوە

شەپۆلی بەرزی پلەی گەرما هندستانی گرتووەتەوەو لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ٢١١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە نیودێلهی-ی پایتەختی هیندستان سەتان کەس چاوەڕێی تانکەری ئاون تاوەکو کەمێک ئاویان دەستبکەوێت لەو گەرما تاقەت پرۆکێنەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، رزگاریان ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاویان بە ئەستەم دەستدەکەوێت و هەندێ جاریش لەسەر وەرگرتنی ئاو دەبێتە شەڕیان.

 

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شەپۆلی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رووی لە هندستان کردووەو بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ٢١١ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

کەشناسیی هندستان چەند ڕۆژێکە ئاگاداری بڵاودەکاتەوە کە لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت نەچنە دەرەوە و لە قوتابخانەکانیش کراوەتە پشوو.

 

هەربەپێی کەشناسی هندستان، مانگەکانی، ئادار، نیسان و ئایار؛ سێ گەرمترین مانگ بوون لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەمانگی ئایاردا کە هەندێک ڕۆژ پلەی گەرما گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠ پلەی سیلیزی.

 

هەرچەندە لەئێستادا هندستان بە وەرزی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ناسراوە، بەڵام شارەزایانی کەشناسی ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو شەپۆلە بەشێکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.