ئەندامانی گروپی هەزار گەنج بۆ فەلەستین ئازاد کران

١٣ کەس لە گروپی هەزار گەنج بۆ فەلەستین، کە بەهۆی ئیدانەکردنی بازرگانی سۆکار لەگەڵ ئیسرائیل دەستگیرکرابوون، ئازاد کران.

ناوەندی هەواڵ

 

١٣ گەنجی گروپی هەزار گەنج بۆ فەلەستین، لە وڵاتی تورکیا، بەهۆی ئیدانەکردنی بازرگانی فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل لە ڕێگەی سۆکار- SOCARەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵکوترایە سەر ماڵەکانیان و دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بە دەستبەسەرکراوی مانەوە.

 

١٣ گەنجەکە ڕەوانەی دادگای چاغلایان کران بۆ ئەوەی لە داواکاری گشتیدا وتەیان لێوەربگیرێت، سەرۆکی داواکاری گشتی ١٢ کەسی ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد و ١ کەسیشی ڕەوانەی دادگا کرد بۆ دەستگیرکردن، دادوەریش بڕیاریدا هەر ١٣ کەسەکە ئازاد بکرێت.

 

ئەو ١٣ کەسەی کە ئازاد کران کاتێک لە دادگا دەرچوون بە چەپڵە پێشوازییان لێکرا، لە پەڕەی فەرمی گروپی هەزار گەنج بۆ فەلەستین بڵاوکراوەیەکیان بڵاوکردەوە، "هاوڕێکانمان وەرگرتەوە، ئەوەی ئێوە لە هۆڵەکانی دادگادا سزایان دەدەن تەنها ئێمە نین، بەڵکو بەرخۆدانی شەرەفمەندانەی فەلەستینە، ئێوە ناتوانن دەنگی پشتیوانییەکان سەرکوت بکەن".