٢٠ فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە ٢٠ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ وەستان بەردەوامن. بەگوێرەی سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکان و شایەتحاڵەکان، سوپای ئیسرائیل کۆگاکانی خۆراک و ماڵ و چادر و ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی ناوەند، باکوور و باشووری شاری غەززە، لە دەرەوەی باکووری کەرتی غەززە، کردووەتە ئامانج.

 

لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چادرەکانی ئاوارە لە نزیک دەروازەی ئەبومەزن لە گەڕەکی تل حەوا لە باشووری شاری غەززە، پێنج کەس کوژران کە سێ منداڵ و ژنێکیان تێدایە، دوای هێرشەکە چادرەکە ئاگری گرتووە.

 

هەروەها سێ فەلەستینی کە چاوەڕێی یارمەتی بوون لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح کوژران.

 

ئیسرائیل چادرێکی لە کامپی پەنابەرانی نوسەیرات لە ناوەڕاستی غەززە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە حەوت کەس کوژران کە چواریان منداڵی یەک خێزانن، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە گەڕەکی سەبرا لە باشووری شاری غەززە ماڵێکیان داوەتە خوارەوە و بەهۆیەوە سێ فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەناو داروپەردوودا هیچ کەسێکی ڕزگاربوو نەبووە.

 

فەلەستینییەک لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە گەڕەکی دەراج لە شاری غەززە کوژرا و چادرێکی ئاوارە لە دەوروبەری تاوەری ئیتاڵی لە گەڕەکی نەسر کرایە ئامانج.

 

فەلەستینییەک لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی چاوەڕوانی یارمەتی لە ناوچەی کیسوفیم لە ڕۆژهەڵاتی دێر بەلاح کوژرا.