پێشێلکاری سیستماتیکی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە یەمەن

مەترسییەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە یەمەن بەرەو هەڵکشان دەچێت لەگەڵ خراپتربوونی پێشێلکارییەکان و کەمی پارێزگاریکردن، ڕۆژنامەگەری بووەتە ئەرکێکی مەترسیدار و پڕ لە هەڕەشە و تیرۆر، لە نێوان ژینگەیەکی ئەمنی لاوازدا کە ڕاستییەکان دەخنکێنێت.

رانیا عەبدوڵا

 

یەمەن ـ ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان و ژنانی ڕۆژنامەنووس لە یەمەن یەکێکە لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی مێژوو و زۆرترین پێشێلکاری تێدا ئەنجام دراوە، بە جۆرێک کاری ڕۆژنامەنووسی گۆڕاوە بۆ مەترسییەکی ڕاستەقینە کە هەڕەشەی کوشتن، ڕفاندن، بەربەستی سیستماتیک و بەدواداچوونی لەسەرە لە ژینگەیەکی دوژمنکارانەدا کە بە تەواوی لە کەمترین پێوەری ئارامی و پارێزراوی بێبەشە.

ترس و چاودێری

 

ئاژانسەکەمان شاهیدیی چەند ژنە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکارێکی لەبارەی ژینگەی کاری ڕۆژنامەنووسی لە یەمەن گواستووەتەوە، تێیدا سالی نەهابی، ڕاگەیاندکار باسی لە نەبوونی ئازادییە ڕۆژنامەنووسییەکان بە گشتی لە یەمەن کرد وتی: دیارترین پێشێلکارییەکان بە هەڕەشەکان دەست پێ دەکەن کە ڕۆژنامەنووسان گەمارۆ دەدەن و رێگریان لێ دەکەن لەو سنوورە جوگرافییە دەربچن کە تێیدا دەژین، لە زۆر حاڵەتدا دەگاتە ئاستی ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕاستەوخۆ دەستبەجێ دوای تیشکخستنە سەر پرسێکی دیاریکراو، هەروەها ڕۆژنامەنووسان ناتوانن بە ئازادی ڕای خۆیان دەرببڕن چونکە هەمیشە لایەنی زیانبەرکەوتوو لەو پەیامە ڕاگەیاندنەی پێشکەشی دەکەن بوونی هەیە، بەم شێوەیەش دەبنە ئامانج بۆ ڕفاندن یان کوشتن، کە ئەمەش ناچاری کردوون یان ببنە پاشکۆی لایەنێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی کارەکانیان بکەن یان لە ماڵەکانیدا دانیشەن و بە تەواوی پەراوێز بن، داوای کرد، کە پێویستە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ دەربڕین و گواستنەوەی ڕاستییەکان وەک خۆی دابین بکرێت، لەگەڵ پاراستنێکی یاسایی ئاشکرا کە مسۆگەری ئەوە بکات ڕۆژنامەنووس بە ئازادییەکی تەواو کارەکانی ئەنجام بدات بە بێ ڕەچاوکردنی سروشتی پرسەکە یان ئەو پەیامەی دەیەوێت بیگەیەنێت.

 

سەمیە عەمرانی، ڕۆژنامەنووس تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵەنگاریە تایبەتانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە بواری میدیادا و وتی: سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا نوێنەرایەتی بەرچاوترین بەربەستە، بە لەبەرچاوگرتنی جەمسەرگیری و ئەو دۆخە گشتیەی کە یەمەن پێیدا تێدەپەڕێت، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، ژنە ڕۆژنامەنووسەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی تەواو و ڕەها دەبنەوە بۆ سەر ئازادییەکانیان و کاری ڕۆژنامەوانی، لەو ناوچانەی کە لەلایەن حکومەتی شەرعیەوە کۆنتڕۆڵکراون، دەسەڵات هەوڵدەدات ژنە ڕۆژنامەنووسەکان ئاراستە بکات بۆ ئەوەی قسە لەسەر بابەتگەلێک و پێشوەختە دیاریکراو بکەن، لەکاتێکدا بەتەواوەتی ڕێگرییان لێدەکرێت بۆچوونەکانیان دەرببڕن یان پرسی پێشێلکارییەکان بۆیان بخەنە بەردەم ڕۆژنامەنووسان لەو بوارانەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەو پێشێلکاریانەی کە کاریگەرییان لەسەر گەنجان هەیە بە گشتی و شەرمەزاردەکرێن.

 

سەبارەت بە ڕۆژنامەنووس (ف. م. ع) کە ماوەی ٩ ساڵە وازی لە کاری ڕۆژنامەنووسی هێناوە، چونکە بینیویەتی ئەم کارە مەترسی و سەرکێشییە لەو بارودۆخەی یەمەن تێید دەژیت، بۆیە پێی باش بوو لە ماڵەوە بمێنێتەوە و بە دوای کارێکی تردا بگەڕێت، سەرەڕای حەز و خولیای بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی، وتی: ناچار بووم دەستبەرداری کارەکەم ببم بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەبوونی هیچ جۆرە پاراستنێک بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سایەی نەبوونی دەوڵەتدا، وتی: بەداخەوە هەموو گروپ یان دەسەڵاتێک دەیەوێت بە پێی ئاراستەی خۆی بنووسرێت، ئەگەر ڕۆژنامەنووس سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ڕۆژنامەنووس خۆی تووشی مەترسییەکان دەبێت بە بێ پاراستن تەنانەت لەلایەن ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەشەوە کە کاری تێدا دەکات.

پێشێلکارییەکان بە ژمارە

 

کاری ڕۆژنامەنووسی پڕە لە مەترسی جیاواز کە ڕەنگە بگاتە ئاستی لەناوبردنی جەستەیی و تیرۆرکردن، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦، چاودێری ئازادییە ڕاگەیاندنەکان نزیکەی دوو هەزار و ٧١٧ پێشێلکاری بەڵگە کردووە کە ڕۆژنامەنووس و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانە ٧٣ حاڵەتی کوشتنی ڕۆژنامەنووس و ژنانی ڕۆژنامەنووس، هەروەها چاودێرەکە ٤٢٢ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی بەڵگە کردووە کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجام دراون، بەرامبەر بە ١١٨ حاڵەت کە لەلایەن حکومەتی دانیپێدانراو و لایەنە پەیوەندیدارەکانییەوە ئەنجام دراون، لە کاتێکدا تاوەکو ئەمڕۆش ١٠ ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکاندا ماون، کە نۆیان لای حوسییەکانن.

 

فاتمە موتەهر، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەمەن جەختی کردەوە، کە میکانیزمەکانی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە وڵاتدا لە ئێستادا بە خراپترین و مەترسیدارترین قۆناغی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت، بەهۆی سروشتی بەئامانجگرتنی سیستماتیک کە ڕەنگدانەوەی سووربوون و پلانی پێشوەختەیە بۆ پرۆسەکانی تیرۆر و لەناوبردنی جەستەیی، ئەمەش ژینگەی گشتی کردووەتە شوێنێکی زۆر مەترسیدار و نائارام بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی، دیاردەکانی ئەم بەئامانجگرتنە خوێناوییەی خستە ڕوو و ئاماژەی بە چەند ڕووداوێک دا کە دیارترینیان تیرۆرکردنی رەشا حەزاری، ڕۆژنامەنووس بوو کە بە بۆمبێکی چێنراو لەو ئۆتۆمبێلەی تێیدا بوو کوژرا، ئەو تاوانەی کە مەحمود عەتمی، هاوژێنەکەی ڕۆژنامەنووس لێی رزگاری بوو، جگە لە تیرۆرکردنی سابر هەیدەری، ڕۆژنامەنووس لە پایتەختی کاتی عەدەن بە هەمان شێوازی سیستماتیک، پێی وایە ئەم تاوانانە لە ترسی لایەنە پێشێلکارەکانەوە سەرچاوە دەگرن لە دەنگی ئازاد کە ڕاستییەکان دەگوازنەوە و ڕووداوەکان ڕووپۆش دەکەن، کە ئەمەش هەوڵێکی ڕوونە بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان و ترساندنی ناوەندی ڕۆژنامەنووسی بە تەواوی.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، فاتمە موتەهەر روونی کردەوە، کە سەندیکاکە بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر چاودێریکردنی دەورەیی مانگانە و ساڵانە و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانە بۆ ڕێگریکردن لە سڕینەوەیان و دڵنیابوون لە ئەرشیفکردنیان، هەروەها ئەم ماف و تاوانانە لەگەڵ کاتدا تێناپەڕن و بنەمای یاسایین بۆ دادگاییکردنی تاوانباران لە داهاتوودا، سەرەڕای ئەو ناڕەزاییەی ناوبەناو لەلایەن هەندێک کەسەوە دەردەبڕن هاوکاران بەهۆی بەسبوونی چاودێریکردن، سەندیکاکە پشتگیری یاسایی دەکات، بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنی کەیسەکان دەکات و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنی و دادوەرییەکان دەپارێزێت.

 

مەترسییەکان ئیتر تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسانی مەیدانی نەماوەتەوە، بەڵکو درێژ بووەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەئامانجگرتنێکی ڕاستەوخۆ و سیستماتیکی سەرکردایەتی سەندیکایی، وەک فاتمە موتەهر ئاشکرای کرد، کە ئەنجومەنی سەندیکاکە لە بارودۆخێکی نائارامدا کار دەکات و ئەندامەکەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوام دەبنەوە، داواکاری خۆی بۆ دەسەڵاتداران نوێ کردەوە کە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆیان هەڵگرن لە دابینکردنی پاراستن، کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی جددی، پێشکەشکردنی هاندەران و جێبەجێکاران بۆ دادگا، داوای کۆتاییهێنان بە سیاسەتی لەسزا ڕزگاربوون کرد کە هێشتا نوێنەرایەتی قەیرانێکی نێودەوڵەتی و خۆجێی گەورە دەکات، بە تایبەت لە ناوچەکانی ململانێ و وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا کە دۆسیەکان دژی نەناسراو دادەخرێن و زیانبەرکەوتووان لە مافی دەستەبەری یاسایی بێبەش دەکرێن.

چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردن

 

چاودێری ئازادییە ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای کرد ئەو ئاڵەنگاریە گەورانەی ڕووبەڕووی پرۆسەکانی بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان دەبنەوە لە یەمەن، دیاری کرد کە زۆرێک لە هێرشەکان، لە بنەڕەتدا ڕاپۆرتیان لەسەر نادرێت بەهۆی ترسی زیانبەرکەوتووان و خێزانەکانیان لە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە، هەروەها چاودێران تووشی زەحمەتییەکی گەورە دەبن لە گەیشتن بە شایەتحاڵەکان و دەستکەوتنی وردەکاری ورد لە ئەنجامی دۆخی ئەمنی نائارام و ترسی هاوڵاتیان لە دەستبەسەرکردن.

 

بوشرا ئاغبرت، سکرتیری چاودێری ئازادییە ڕاگەیاندنەکان وتی: کێشەی گەورە لە لاوازی سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری و بە سیاسیکردنی دەبینرێت، بەڵکو بەکارهێنانی دادگاش وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان بە تایبەت لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندایە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تێپەڕبوونی تاوانەکان بێ لێکۆڵینەوەیەکی جددی، پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بێگومان بە ڕاگرتنی لەسزا ڕزگاربوون دەست پێ دەکات و لێپرسینەوە لە بەئامانجگرەکان، لە دواشیانەوە پێویستی دۆزینەوەی میکانیزمی خێرا بۆ پشتگیری یاسایی و ئەمنی، بەشدارپێکردنی کارمەندانی مەیدانی لە خولی چڕدا لەسەر پارێزراوی پیشەیی لە کاتی ڕووپۆشکردنی ڕۆژنامەنووسیدا.