توندوتیژیی دیجیتاڵی: ڕووە نوێیەکەی بەئامانجگرتنی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان

کایەی دیجیتاڵی چیتر تەنها مەیدانێک نییە بۆ دەربڕینی بیروڕا یان ئاڵوگۆڕکردنی ڕوانگەکان ،لە ساڵانی ڕابردوودا، بووەتە مەیدانێک کە ئازادیی دەربڕین لە ڕێگەی شێوازە نوێیەکانی توندوتیژییەوە دەکاتە ئامانج

ئەسما فەتحی

قاهیرە – هەرچەندە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەرفەتی بێهاوتایان بۆ ژنان ڕەخساندووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ گشتییەکان و داکۆکیکردن لە دۆزی خۆیان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامرازی ئاڵۆزتریشیان بۆ بەئامانجگرتنیان هێناوەتە ئاراوە، لە کەمپینە ڕێکخراوەکانی ناوزڕاندنەوە بیگرە تا بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسییەکان، هاندان و وتاری ڕق‌و کینە.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان لە نێو ئەو گرووپانەدان کە زۆرترین مەترسیی توندوتیژیی دیجیتاڵییان لەسەرە، چونکە پلاتفۆرمە مەجازییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ژنان بەهۆی بیروڕاکانیان یان چالاکییەکانیان لە بواری مافی مرۆڤدا دەکەنە ئامانج. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر بەشداریکردنیان لە کایەی گشتیدا و زۆربەیان لە ترسی دەستدرێژی و بێڕێزیی زیاتر، بەرەو خۆسانسۆرکردن دەبات یان لە گفتوگۆ گشتییەکان دەکشێنەوە.

 

لە میسر، بزووتنەوەی ژنان لەم دیمەنە بەدوور نییە، چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا کەمپینەکانی ناوزڕاندن و بەئامانجگرتنی ئەلیکترۆنی دژی چالاکوانان و دامەزراوەکانی ژنان زیادیان کردووە، هاوشان لەگەڵ تۆمەتبارکردنی بەردەوام و شێواندنی گفتوگۆی ژنان، جگە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسی، وێنەکان و هەوڵدان بۆ بەقاڵبکردنی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، کە ئەمەش پرسیار لەسەر سروشتی ئەم کەمپینانە، کاریگەرییان لەسەر کایەی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ئاستەی کە چوارچێوە یاساییە ساوایەکان دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، دەوروژێنێت.

 

لە کەمپینە تاکەکەسییەکانەوە بەرەو بەئامانجگرتنی سیستماتیک

لەو چوارچێوەیەدا، هیام جەناینی، بەرپرسی یەکەی یاسایی لە دەزگای موئەنەس سالیم بۆ بەهێزکردنی ژنان، تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی سروشتی هێرشە دیجیتاڵییەکانی سەر ژنان، ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم دادگاییکردنی تاوانباران و کاریگەرییەکانی ئەم کارانە لەسەر داهاتووی چالاکیی ژنان لە میسر.

هیام جەناینی ڕوونیدەکاتەوە کە گرنگترین گۆڕانکاریی ئەم دواییە، گۆڕانی ئەم هێرشانە بووە لە ڕووداوی تاکەکەسییەوە بۆ کەمپینی سیستماتیک کە کۆنترۆڵکردنیان سەختە. هیام ئاوا ئاماژەی پێدەدات: بەئامانجگرتن چیتر تەنها بە ڕەخنەگرتنەوە سنووردار نییە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی پۆستی هاندەرانە، دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکان، ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆن، و تەنانەت هەندێک جار بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت کە لە ئەکاونتە شەخسییەکانەوە بردراون. ئەمانە کارگەلێکن کە پێشێلکاریی ئاشکرای حەرەمی تایبەتین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەرکردنی ئەم ڕووداوانە لە ڕووی یاساییەوە زۆر ئاڵۆزە. هیام بەم شێوەیە بابەتەکان تاوتوێ دەکات و دەنیرسێنێت: "نەک تەنها لەبەر زۆریی ژمارەی بەشداربووان لە کەمپینەکانی ناوزڕاندندا، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە زۆربەیان پشت بە ئەکاونتی ساختە یان پرۆگرامە ئۆتۆماتیکییەکان دەبەستن، جگە لە سروشتی نێودەوڵەتیی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان. ڕەنگە هێرشەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەست پێبکەن یان بە بەکارهێنانی ئامرازی شاردنەوەی ناسنامەی بەکارهێنەران ئەنجام بدرێن، کە ئەمەش دیاریکردن یان لێپرسینەوەی یاسایی لە بەرپرسیارانی قورستر دەکات.

ئەو جەخت دەکاتەوە کە ژنان، بەتایبەت ئەوانەی لە بزووتنەوەی مافەکانی ژناندا کار دەکەن، بەهۆی زیادبوونی بێپێشینە و بەربڵاوی ئەم هێرشانە، بوونەتە مەترسیدارترین گرووپ بەرامبەر بەم شێوازی بەئامانجگرتنە.

 

هاوپشتیی ژنان تۆڕێکی پاڵپشتییە دژی بەئامانجگرتن

لەگەڵ فراوانبوونی هێرشە دیجیتاڵییەکاندا، چەندین شێوازی هاوپشتی لە نێوان ژناندا سەریهەڵداوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەئامانجگرتنەکە. ئەم شێوازانە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، دابینکردنی پاڵپشتیی یاسایی و دەروونی، و دەستپێکردنی کەمپینەکانی هاوپشتیی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرن. بەڵام بەپێی وتەی شارەزایان، ئەم هاوپشتییە قەبارەی ئەو زیانانە ڕەت ناکاتەوە کە بەهۆی ئەم کەمپینانەوە چ لەسەر ئاستی کەسی و چ لەسەر ئاستی پیشەیی کەوتوونەتەوە.

 

هیام پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژنان زیاتر لە مەترسیی بەئامانجگرتنەکە وشیار بوونەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی پەرەپێدانی سیستمێکی پاڵپشتیی هاوبەش لە نێوان بزووتنەوەی ژناندا. هیام لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تێگەیشتنی چالاکوانان لە سروشتی ئەم هێرشانە، وایکردووە وەڵامدانەوەیان لە تاکەکەسییەوە ببێتە بەکۆمەڵ. چونکە بەئامانجگرتنی یەک چالاکوان دەکرێت کاریگەریی لەسەر ئەوانی دیکەش هەبێت کە لەم بوارەدا کار دەکەن. هاوپشتی ڕێگری لە زیانە ڕاستەقینەکان ناکات، چونکە کەمپینەکانی ناوزڕاندن دەبنە هۆی زیانی گەورەی دەروونی، ماددی و ناوبانگ، تەنانەت لەو بارودۆخانەشدا کە سەلماندنی زیانەکە لە دادگادا قورسە. زۆربەی کاریگەرییەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی تەنها بەوە ناپێورێن کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکرێتەوە، بەڵکو بەو فشارە بەردەوامەش دەپێورێن کە ئەم کەمپینانە دەیخەنە سەر ژیان و کاری ژنان.

 

ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان UN Women یەکدەگرێتەوە، کە تێیدا جەخت دەکرێتەوە کە توندوتیژیی سەر هێڵ دژی ژنان تەنها بە بێڕێزیی زارەکییەوە سنووردار نییە، بەڵکو دەگاتە کاریگەریی دەروونی و پیشەیی کە ڕەنگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی هەندێک ژن لە ترسی بەئامانجگرتنی دووبارە، ئامادەیی خۆیان لە کایەی گشتیدا کەم بکەنەوە یان لە بەشداریکردن لە گفتوگۆ گشتییەکان دوور بکەونەوە.

 

لە نێوان یاسادانان و ئاسایشی دیجیتاڵیدا

گفتوگۆ لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی تەنها بە سزای یاساییەوە سنووردار نییە، بەڵکو فراوانتر دەبێت بۆ پەرەپێدانی یاسادانان، زیادکردنی کارایی جێبەجێکردنی یاسا و بەرزکردنەوەی وشیاری لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی؛ ئەمانەش هەموویان ڕێگەی تەواوکارن و لێک جیا ناکرێنەوە.

هیام پێی وایە چارەسەرکردنی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی سەر ژنان لە هەمان کاتدا پێویستی بە کارکردن هەیە لەسەر چەندین بەرەی جیاواز. هیام وتی : هەندێک لە بەندەکانی یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی ژمارە ١٧٥ بە گشتی دەمێننەوە، ئەمەش دەکرێت داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان خۆیان بخاتە ژێر مەترسیی ڕاپۆرت یان دۆسیەی یاساییەوە بەهۆی ئەو پۆستانەی کە مەبەستیان خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتییە، دوای ئەوەی پۆستەکان لە دەقەکەی خۆیان دەردەهێنرێن یان دەستکاری دەکرێن. ئاسایشی دیجیتاڵی بۆ ئەو ژنانەی لە بواری مافی مرۆڤدا کار دەکەن، لە ڕێگەی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، جیاکردنەوەی ئەکاونتە تایبەت و گشتییەکان، و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە شەخسییەکان کە دواتر دەکرێت لە کەمپینەکانی بێڕێزیی یان دەستبڕیندا بەکاربهێنرێن، بووەتە پێویستییەکی حەتمی. ئەم پێشنیارانە هاوتان لەگەڵ پێشنیارەکانی ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە مافە دیجیتاڵییەکان کە جەخت دەکەنەوە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی دژی ژنانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، پێویستی بە چاکسازیی چوارچێوە یاساییەکان، پەرەپێدانی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و گەشەپێدانی کولتووری دیجیتاڵی هەیە، تا ژینگەیەکی ئەلیکترۆنیی ئارامتر بۆ ژنان مسۆگەر بکرێت.

 

وتاری لەکەدارکردن

کەمپینەکانی بەئامانجگرتن لە بێڕێزیی یان هێرشی کەسییدا نەوەستاونەتەوە؛ بەڵکو درێژ دەبنەوە بۆ دروستکردنی وێنەی باو خۆیان. ئەم جۆرە گفتوگۆیە لە ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە دەگۆڕێت بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە خاوەنی ئەو بیروڕایانەن.

ئەم شێوازە لە گفتوگۆ، یەکێکە لە کاریگەرترین شێوازەکانی توندوتیژیی ڕەمزی، چونکە هەوڵ دەدات متمانە و بڕوابوون لەناو ببات پێش ئەوەی تەنانەت باسی ناوەڕۆکەکە خۆی بکات.

لەو چوارچێوەیەدا، هیام سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ ترساندنی هەر کەسێک کە بیر لە قبوڵکردنی وتارێکی مافخوازی یان داکۆکیکردن لە کێشەکانی ژنان بکاتەوە. ئەو ڕوونیدەکاتەوە کە دەرهێنانی لێدوانەکان لە چوارچێوەکەی خۆی، تەنها ئەو ژنە ناکاتە ئامانج کە بیرۆکەکە دەردەبڕێت، بەڵکو پەیامێکی ترسیش بۆ هەر کچێک دەنێرێت کە ڕەنگە بیر لە دەربڕینی هەڵوێستێکی هاوشێوە بکاتەوە.

 

ئەو جەخت دەکاتەوە کە بزووتنەوەی ژنان بۆ دەستبەسەرداگرتنی مافی گرووپێک لەسەر حیسابی گرووپێکی دیکە نییە، بەڵکو بۆ داکۆکیکردنە لە ماف و ئازادییەکانی هەمووان. کەمپینەکانی ناوزڕاندن ئەم وتارە بە شێوازێکی چەوت پێشکەش دەکەن، جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن و ڕق‌و کینە بەرامبەر بە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان زیاتر گڕ دەدەن.

 

ئەو ئاستەنگانەی ژنان لە کارەکانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە

هاوشان لەگەڵ ئەم کەمپینانەی ناوزڕاندن، ڕێکخراوەکانی ژنان ڕووبەڕووی کێشەی دیکەی پەیوەندیدار بە تۆمەتبارکردنی بەردەوام لەسەر پرسی دارایی دەبنەوە، لەگەڵ پرسیار لەسەر کەمیی هاوپشتی لە نێوان بزووتنەوەی ژناندا. بەڵام هیام جەخت دەکاتەوە کە تێگەیشتن لەم دۆخە، پێویستی بەوە هەیە مرۆڤ قەبارەی ئەو فشارانە هەڵسەنگێنێت کە ئەو ژنانەی لە بواری مافی مرۆڤدا کار دەکەن ڕووبەڕووی دەبنەوە، و سروشتی ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی کە ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بنیرسێنێت.

لە درێژەی قسەکانیدا  هیام ڕوونی دەکاتەوە: زۆریی قەیران و کێشەکان کە ڕای گشتی سەرقاڵ دەکەن، چ لە ڕووی سەرنجی کۆمەڵایەتییەوە و چ لە نێو بازنەکانی مافی مرۆڤدا، بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی قەرەباڵغی و دڵەڕاوکێ. چالاکوانان خۆیان بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی ڕووبەڕووی شەپۆلی هێرش و قەیرانەکان دەبنەوە، لە ڕووی دەروونییەوە تووشی ماندوێتی و دۆخی داهێزران.

 

داهاتووی بزووتنەوەی ژنان

هیام جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی بزووتنەوەکانی ژنان لەسەر ڕۆڵی خۆیان دەکاتەوە و پێی وایە بڕوابوون بەو بابەتانەی ژنان کاری لەسەر دەکەن ناگۆڕێت. ئەو ئاوا دەڵێت: پاڵپشتیی هاوبەش لە نێوان چالاکواناندا لە دژی ئاستەنگەکان بەردەوام دەبێت. بەڵام دۆخی ئێستا قورستر بووە. ئەم فشارە تەنها بە کەمپینەکانی ناوزڕاندن یان هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو دەگاتە دۆسیەی یاساییش کە بەهۆی گێڕانەوەی بژاردەیی لێدوانەکان یان بەکارهێنانی دەقە یاساییەکان کە دەکرێت بە فراوانی ڕاڤە بکرێن، دروست دەبن. ئەمەش تەنها دەربڕینی بیروڕایەک دەکاتە بنەمایەک بۆ چوونە ناو ململانێی یاسایی کە کاریگەرییەکانیان دەکرێت چەندین ساڵ بخایەنێت، تەنانەت لەو دۆسیانەشدا کە بە سزای هەڵپەسێردراو کۆتاییان دێت.

سەرباری ئەم ئاستەنگانە، هیام ڕایدەگەیەنێت کە بزووتنەوەی ژنان نەگەیشتووەتە خاڵی داڕمان. قۆناغی ئێستا ناتوانرێت وەک قۆناغی پێشکەوتنی ماف و ئازادییەکانی ژنان ناوزەد بکرێت، بەهۆی ئەو فشارە بەردەوامانەی کە بە گشتی کار دەکەنە سەر کایەی مافەکانی مرۆڤ و کایەی دەربڕین. ئەو توندوتیژییەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، چیتر بە هێرشی ڕاستەوخۆ یان کەمپینە تەقلیدییەکانی ناوزڕاندنەوە سنووردار نییە؛ کایەی دیجیتاڵی خۆی بووەتە مەیدانی ململانێ لە دەوری ئازادیی دەربڕین، بەشداریکردن و کاریگەریی ژنان لە داڕشتنی ڕای گشتیدا.

هیام لە کۆتاییدا دۆخەکە بەم شێوەیە ئاشکرا دەکات: پاراستنی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان چیتر تەنها بابەتێکی گرێدراوی ژنان نییە، بەڵکو بە داهاتووی مافی ئازادیی دەربڕین، مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی یەکسان لە کایەی گشتیدا، و توانای کۆمەڵگە بۆ لەباوەشگرتنی فرەیی و جیاوازییەوە بەستراوەتەوە، بێ ئەوەی کایەی دیجیتاڵی ببێتە ئامرازێک بۆ دوورخستنەوە یان چاوترسێنکردن.