" لەگەڵ ئەو درامایانەدا نیم کە ژن بەکار دەهێنێت و وەک کاڵا ڕیکلام نواندنیان پێدەکات"
نیگار حەمەد عەلی، نووسەرو چالاکوان ئاماژە بەوەدەکات، لەگەڵ ئەو درامایانەدا نییە کە ژن بەکار دەهێنێت و وەک کاڵا ڕیکلام نواندنیان پێدەکات، متمانە بە خۆبوون و پەروەردەی ڕاست و دروست، ڕۆڵ دەبینێت بۆ ئەوەی ژن بتوانێت لە بواری ڕۆشنبیری و هونەریی کار بکات.

دیڤان سیهاد
ڕانیە –بەشداری ژنان لە بواری هونەری و ڕۆشنبیرییدا بەربەستی بۆ دروست دەکرا، چونکە هێزی دەسەڵاتدارو عەقڵیەتی زاڵ هەمیشە پێی وابووە ژنان دەبێت تەنها هی ماڵەوە بێت، لە هێزی ژن ترساوە بۆیە هەمیشە بەربەستی لەبەردەم ژنان لەو بوارانەدا داناوە، بەڵام ژنان ئەمەیان قبوڵ نەکردو بەشداری کارایان نیشاندا، لە نووسین و وێژەدا ژنان توانیویانە ڕێچکەشکێن بن، بەڵام دووبارە ئەو عەقڵیەتە بەڕێگەی تر هەوڵی دوورخستنەوەی ژنان دەدات، بۆ نموونە لە فیلم و دراماکاندا ڕۆڵێک دەدات بە ژنان کە وێنای ناشرین نیشانی بینەر دەدات، هەروەها لە ڕیکلامیشدا ژنان وەک کاڵا نیشان دەدات، لە بواری نووسینیشدا کاتێک ژن ئازادانە بۆچوونی خۆی دەردەبڕدرێت بەشێوازی جیاواز ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
نیگار حەمەد عەلی، نووسەر و چالاکوان لە بواری ژنان لە شاری ڕانیە سەبارەت پرسی ژن لە بوارە ڕۆشنبیریەکان و ئازادی دەربڕین، هەروەها بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان وتی: دەمەوێت باس لەوە بکەم بە ڕاستی ژن بەهرەمەندو توانا دارە، بەڵام هەر یەکە لە بوارێکدا دەتوانێت خزمەت بکات، بواری ڕۆشنبیری هونەری سینەمایی نوسین ئەمانە کۆمەڵێک بابەتی جوان و هەستیارن، من وەکو خۆم پەرتوکێکی هۆنراوەم هەیە بە سێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی. بە هەزاران ڕاپۆرت و نوسین و مەقالە و چاوپێکەوتن و میوانداری و ڕێپۆرتاژ، هەم بەشدار بووم هەم ئامادەشم کردووە، وەکو بەربەست پێموایە متمانە بە خۆبوون و پەروەردەی ڕاست و دروست، ڕۆڵ دەبینێت بۆ ئەوەی ژن بتوانێت لەو بوارانەدا کار بکات، کاتێک ژن متمانەی بە خۆی بو بڕوای بە خۆی بوو دەتوانێت خزمەت بکات، بوارەکان جوانن هۆنراوە نووسینە، وێژەیە، پەخشانە هونەرە سینەمایە کۆمەڵێک درامامان هەن درامای جوان کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو درامایانەی کە ژن بەکار دەهێنێت وەکو کاڵا وەکو ڕیکلام وەکو تەنها کە نیشاندانە، من لەگەڵ ئەوەیاندا نیم چونکە ژنان زۆر گەورە و بونەوەرێکی جوانن، وە پێویست دەکات کە خۆشی لە بوارەکەی خۆیدا بە جوانی کار بکات، بە تایبەتی لە بواری نووسین و ڕۆشنبیری و تءژەو و پەخشان و ئەوانە کە بواری وێژەی پێ دەوترێت، ئەمە بە ڕاستی خزمەت دەکات هەر بۆیە دووبارەی دەکەمەوە ژن کە متمانەی بە خۆی بوو، زانست و زانینی پێ بوو دەتوانێت کاری جوان بکات،
خزمەت بە ناخ نەک ڕووخسار
ئاماژەی بەوەشکرد، ژن کە بیری لە ڕووخساری دەرەوە کردەوە، دوو شێوازمان هەیە ئایە تۆ هەوڵ دەدەی ناوەوەت ڕۆشنبیر بێت لە ناوەتدا کەسێکی پێگەیشتوو بیت یاخود ڕووخسار، ئێستا بەربڵاوە دەبینین بە زۆری بیر لە جوانکاری و بیر لە ڕواڵەت دەکەنەوە کە بە ڕاستی ئەوە پێچەوانەیە، ڕاستە بە شێکی گرنگە، بەڵام مرۆڤ بە سروشتی جوانە، هەمیشە بیرکاتەوە لە ناو ناخی خۆیدا چۆنە، ئەوەی ناخی خۆی چی دەوێت، ئەوە بکات بەو شێوازە خزمەت دەکات، کەواتە ژن چەندە ڕۆشنبیروهۆشیار بێت، لەپێش چاوی کۆمەڵگەش جوان دەبێت.
"بەربەستەکان کەم بوونەتەوە"
نیگار حەمەد عەلی وتیشی: وەکو ڕۆشنبیران و نووسەران بەڵێ ئێمە ماوە ماوە تێکستی وێژەیی و پەرتوک دەناسێنین، یاخود لە پەرتوکخانە لە ئێوارە کۆڕێکدا هۆنراوە پێشکەش دەکەین، بەردەوام ئەو چالاکی و ئەو کۆبوونەوانەمان هەن، وەکو سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش وەک نووسەران نوسینگەمان هەیە، لێرە بۆ کاروباری نووسەران کاری خۆمان دەکەین، وەکو بەربەستی کۆمەڵایەتی وا هەست دەکەم ئێستا نەک لە بەردەم نووسین و هۆنراوەو کۆمەڵێک ئەو بابەتانە لە بواری وێژەیی ، من وا هەست دەکەم بەربەستەکان زۆر کەم بۆتەوە، ئازادی ڕادەربڕین لە هەموو بوارەکاندا زۆرە، بۆژنانیش ئەگەر ئازادی ڕادەربڕینەکەی لە پێناو خزمەتی کۆمەڵگە و خۆی و خێزان و تاکی کوردیدا بێت پێم وانیە هیچ ڕێگری هەبێت، بەڵام سنوور بەزاندن و کۆمەڵێک بابەت کە ببێتە مایەی ناوزڕاندنی خۆت و خێزانەکەت و کۆمەڵگەکەت ئەوە پێموایە خۆشت ڕێ بە خۆت نادەی، ئێمە لە ژیانێکداین لە جیهانێکداین هەمووی سنوردار کراوە، هەر مرۆڤێک ئەو سنوورە ببەزێنێت تووشی شکست دەبێت، توشی بەربەست دەبێت، دواجار بێ ئومێد دەبێت ناتوانێت کارەکەی بکات، ناتوانێت بە هیچ شێوازێک خزمەت بکات، ئازادی ڕادەربڕین دەتوانێت بە ئازادانە ئەوەی داوای دەکات مافەکەی خۆت لە سنووری مافەکەی خۆت چی داوا دەکەیت بەڵێ بۆت هەیە، چی خزمەت دەکەی بۆت هەیە، بەڵام لە بەرامبەریشدا هەموو مرۆڤێک ئەرکی هەیە ئافرەتیش ئەرکی لە سەر شانە مافیشی هەیە ئەرکەکەت جێبەجێ بکە کە داوای مافەکەشت دەکەیت ئەرک و ماف بەرامبەر بە یەکە.
لە کۆتایی قسەکانیداوتی: کۆمەڵێک ژنی بەهرەمەندمان هەیە کە دڵخۆشم پێیان بە ڕاستی کە ئەوان لێرە دەتوانن ئەو خزمەتە بکەن، هیچ بەربەستێکیش نییە، لێرە پارکێک هەیە بۆ نمایشی کارەکان ،ژنان خۆیان تا ئێوارە هاتون کاڵای خۆیان نمایش دەکەن. دووکانێکمان کردەوە بەناوی دووکانی چرۆ دیزاین کە بۆ دیزاینی جلوبەرگ و خولی دروومانی و فێربوونە، چەند پڕۆژەیەکی جوانە وەرە تۆ ئەوە بکە بە شەو چوین کردمانەوە، کۆمەڵێک خوشک بوین کە ئێمە دەستخۆشیمان لێکرد و هیوامان بۆ خواست کە بەردەوام بێی، بۆیە هەر پڕۆژەیەک خزمەت بە دۆزی ژن و کۆمەڵگە بکات بە تاکی کوردی بکات دەست خۆشی لێ دەکەین، هانی دەدەین، هەروەها لە بواری هونەری ڕۆشنبیری و وێژەیی بە هەموو بوارەکانیەوە کە لە بواری هونەری وێنەکێشان سینەمایی، نووسین ئەمانە پێیان دەڵێن بواری ڕۆشنبیری،بەڵێ ئەمە بوارێکی جوان و خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات هیوادارم ژنانیش بتوانن لەو بوارانەدا خزمەت بە خۆیان بکەن و بتوانن کەسێکی تێگەیشتوو پێگەیشتوو بێننە ناو کۆمەڵگە، چاو نەترس بن ئازا بن متمانەیان بە خۆیان هەبێت.