تامان: کار شەرەفە شەرم لە كارەكەم ناكەم

تامان عەلی دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەكات و هیچ هەلێكی دامەزراندنی نابێت، بڕیار دەدات خۆی هەلی كاردروست بكات دەڵێت: كاركردن شەرەفە.

شیا كۆیی

 

کۆیە-ژنان هەمیشە خۆیان پێدەگەیەنن لەهەر بوارێكدا، بوێریان هەیە خۆیان درووستبكەن لەناو كۆمەڵگە و ببنە خاوەن داهات و كاری خۆیان، ئەوەش لە باشووری کوردستان بە ڕوونی دەبینین كە چەندین ژنی دەستڕەنگین و لێهاتوو هەیە، لەوكاتە دا پێویستە كۆمەڵگە و خێزانەكان هاندەری ئەو ژنانە بن وكار ئاسانیان بۆبكەن نەك بەربەست دروستكردن، تامان عەلی، ژنێكی دەستڕەنگین كەتوانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، دەرچووی بەشی پەیمانگای پەرستاریە دوای ئەوەی نەیتوانی لەبواری خۆی کار بکات، دەستی بە دروستکردنی شیرینی و خواردن کردووەو قسەی بۆ کردین.

 

تامان عەلی دانیشتووی شاری كۆیەیە لەبارەی كارەكانی وتی: من دەرچووی  پەیمانگای پەرستاریم حەزم لێبوو لەو بوارە كار بكەم، بەڵام كە ئەوهەلەمان بۆ نەگونجا، دەستم بەكاری دروستكردنی شیرنەمەنی كرد، ماوەی چەند ساڵێكە دەستم بەكاری شیرنەمەنی كردووە، سەرەتا تەنیا لەماڵەوە شیرینیم دروست دەكرد و بە ئۆن لاین شتەکانم دەفرۆشت بەڵام دوایی بەرەو پیشم برد و ئەكاونتەكەم كردە گشتی و دوكانم دانا، سەرەتا حەزوو ئارەزوی خۆم بوو كە لەمنداڵیەوە حەزم لە دروستكردنی شیرنەمەنی بووە، دوایی ویستی  ژیان، بۆیە کاری  خۆت  کەسایەتیت پێدەبەخشێت و زۆر  خۆشحاڵم ئێستا هەرچەندە زۆر ماندوو دەبم، ڕۆژی وایە بێ پچڕان كارم كردووە، هاوكات گەیاندنمان هەیە بۆ شارەكانی بۆ سلێمانی و ڕانیەو تەقتەق .

 

"فێستیڤاڵەکان کاریگەرییان هەیە"

دەربارەی جۆری شیرنەمەنیەكان وتی: زۆرن وەك( برمە، زەنود، دۆنات و كیكی سپی وخشخش...) سەرەتا بە کولیچە و برمە ناوبانگم  دەرکرد پاشان دۆڵمەی گەڵای مێو،و بەردەوام هەوڵدەدەم شەکری کەم بەکار بهێنم چونكە تەندروستی لە سەرووی هەموو شتێکە بۆیە  لە شیرینیەكانم  تەنیا زبدە بەکار دێنم وەک چەوری، ساڵانە بەشداری فێستسیڤال دەكەین لە كۆیەو تەقتەق، وەك فیستیڤاڵی بەهارەو پایزە ئەوەش كاریگەری خۆی هەیە بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر بمان ناسێت.

 

ئەو گرفتانە چین لەكار درووست دەبن؟

هەندێك گرفت كۆمەڵایەتین چونكە ناتوانم وەك پێویست ئامادەی بۆنەكان بم یان سەردانی خزمەكان بكەم، بەوەش گلەییم لێدەكەن، وهەندێک جار گرفتمان هەیە لەگەر ئەوانەی کەلوپەلمان بۆدێنن لەكاتی خۆی ناگات، یان شتێکی خراپت بۆدێنن شەرمەزاری مشتەریەكان دەبم ئەوانە ناخۆشن بۆ ئێمە.

 

لەكۆتایی قسەکانیدا تامان عەلی وتی: كاركردن شەرەفە و شانازی بەوەدەكەم كە كاردەكەم، پێشم شەرم نییە چونكە پێویستی ژیانە و گەر حەزو ئارەزوویەکت هەبێت دەبێت هەوڵی بۆبدەیت.