خاوەنی کوتاڵی ئایش: من و ئایش پێکەوە توانیمان بەرەنگاری شێرپەنجە ببینەوە

ئاشنا محەمەد، سەرەڕای ئەوەی ئاستەنگی ژیان لە تەمەنی ١٦ ساڵی دەبێتە دابڕان لە خوێندن و بەرەو کارکردنی دەبات، بەڵام کارکردن لە بواری قوماشدا لە ساڵی ٢٠١٧دا بە کردنەوەی کوتاڵی ئایش ئامانجەکەی بەدی دەهێنێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ژنان سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان لە تەمەنی منداڵی و گەنجیدا ئاستەنگی ڕێگەیان دژوار دەکات، بەردەوامن لە هەوڵ بۆ کار کردن و دابینکردنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان، دەزانن کە هەبوونی کارو ئابووری سەربەخۆ لەهەموو ئامانجەکانیان نزیک دەکاتەوەو دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، بەجۆرێک دەبنە دابینکەری بژێوی کەسانی دیکەو خێزانەکانیشیان.

 

  ئاشنا محەمەد عەلی، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی لە دایک بووە، تا پۆلی چواری دواناوەندی خوێندوویەتی، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریەوە دەستبەرداری خوێندنەکەی بووە، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەگەڵ پوری کە بەرگدروویەکی دیاری شاری سلێمانی بووە دەستی بە کاری دروومان کردووە، ماوەی ٣٠ ساڵە لە بواری دیزاین و دوورینی جلی کوردی ژناندا کار دەکات، پاشان بەهۆی خۆشەویستی بۆ خوێندن دوای ١٥ ساڵ تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ دەکات و سەرکەوتوو دەبێت، لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بڕوانامەی ئیدارەی بەدەستهێناوە، ماوەی ٨ ساڵە لە دەرەوەی وڵات قوماشی جلی کوردی وەک خاوەن کارێک دەهێنێت، کاری دوورین وەک پێویستیەک بۆ لایەنی ئابووری دەکات، بەڵام کاری هێنان و بازرگانیکردنی قوماش خەونی دێرزەمانی بووە، بەهۆی ئەرکی دایکایەتیەوە ماوەی ١٢ ساڵ کاری دروومان کەم دەکاتەوە بەڵام دەستبەرداری نابێت، دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا کوتاڵی ئایش دەکاتەوە، لە تەمووزی ٢٠٢١دا تووشی شێرپەنجەی غودە بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئەنجامی ئیرادە و بەهێزی دەروونیەوە توانی کۆتایی بە شێرپەنجە بهێنێت، لە ئێستادا لە خولێکی دیزاینی جلوبەرگی مۆدە بە شێوازی ئەکادیمی دەخوێنێت، وتیشی: کاتێک کە دوکانی قوماشم دانا زۆر دەترسام، بەڵام هەمیشە دەمویست کار بکەم، دەمویست ڕێچکە شکێنێکبم تا منداڵەکانیشم هاوشێوەی من کاری خۆیان هەبێت.

 

" سەرەڕای ئەوەی ئاواتم کاری دروومان نەبوو، بەڵام ٣٠ ساڵ کارکردنم لە درووماندا منی گەیاندە ئامانجەکەم "

ئاشنا محەمەد عەلی، خاوەنی کوتاڵی ئایش ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای کاری دوورمانی بۆ ساڵی ١٩٩٤ دەگەڕێتەوە، لە قۆناغی چواری ئامادەیی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری لە خوێندن دادەبڕێت و لەگەڵ پوریدا دەست بە خەیاتی دەکات، خەونی کاری دروومان نابێت، بەڵام لە مێژە خەونی کاری بازرگانی کردنی قوماش بووە، لە ساڵی ٢٠١٧دا خەونەکەی بەدیدەهێنێت، کۆتاڵی ئایش بە هەبوونی چەندین زەحمەتیەوە دەکاتەوە، کۆڵ بۆ بەدی هێنانی خەونەکەی نادات، بە ئامانجی ئەوەی منداڵەکانی هەمان ڕێچکەی ئەو بگرن، وتی: لە دوای ئەزموونی ٣٠ ساڵ توانیم لە کوتاڵی ئایشدا خەونەکانم کۆبکەمەوە، ئایش توانی کۆمەڵێک ستافی جوان لە ناو خۆیدا کۆبکاتەوە، بەهۆی هەڵکەوتەی دوکانەکە و مامەڵەکردنمان سەردانیکەر بە ئاسودەی بابەتەکان هەڵدەبژێرێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی دەکرێتەوە، لە لایەن ٧ کارمەندەوە کوتاڵی ئایش بەڕێوەدەبرێت، کوتاڵەکەمان لە چەندین ستافی دروومانی و هەڵبژاردنی دیزاین و قوماش پێکدێت، بەردەوام هەموو توانای خۆم دەخەمەکار بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکەم.

 

بە چەندین بڕوانامەی ئەکادیمی لە مەجالی کارەکەی تواناکانی دەخاتەڕوو، وتی: لە تەمەنێکی زۆر کەم لە ساڵی ١٩٩٤دا لە پەیمانگەی سلێمانی و بەشداری خولی فێربوونی دیزاین و دوورین توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم، لەدوای کردنەوەی کوتاڵی ئایش بەردەوام بەشداری خولەکان دەکەم، لە ئێستدا لە خولی دیزاینی جلوبەرگی مۆدە بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنم، زۆر کات لە مانگێکدا سێ خول دەخوێنم، ڕەنگەکان و ڕیسایکلینی قوماش دەخوێنم کۆکردنەوەی زانیاری بۆمن ئەزموونی ٣٠ ساڵەم فراوانتر دەکات، لە ئێستادا شێوازو جۆری قوماشمان لە هیندستانەوە بۆ دێت، لەبەر باشی و تۆکمەی جۆری قوماش لەسەر داواکاری خۆم لە وڵاتان داوای دەکەم، ژنان لە کاتی هەڵبژاردندا ئێمە هاوکاریان دەبین وەک دیزاینکردن و دوورینی جلەکانیان، دیزاین کردنی جلوبەرگێک لە سەردەمی کۆندا بۆ خەیاتەکان کارێکی گران دەبوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کردنەوەی چەندین خولی فێربوونەوە کارکردن و دروستکردنی مۆدێلەکان، دیزاینکردنی قوماشەکان و شێوازی دوورینی جلەکان لە ئێستادا کارێکی ئەستەم نیە، ژنان کاتی سەردانیکردن پێشنیاری خۆیانمان پێ دەڵێن، ئێمەش لەگەڵ شێواز و لێهاتنی ڕەنگ و جسمیدا کارەکەی بۆ ئەنجام دەدەین، لە کاتی دەرهێنانی مۆدێلەکان پشت بە دیزاینە گشتیەکان نابەستم، پشت بە توانای خۆم دەبەستم بۆ مۆدێلەکان، چونکە هەڵکەوتەی جسمی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا جیاوازی هەیە.

 

شێرپەنجە نەبووە هۆکار بۆ وەستانی لە کارکردن

 ئاشنا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای کردنەوەی کوتاڵی ئایش وردە وردە کەوتبووە سەر ڕێچکەی کارکردنێکی شایستە لە بواری قوماشدا، بەڵام لە تەمووزی ساڵی٢٠٢١دا دەرکەوت توشبووی شێرپەنجەیە، هەبوونی شێرپەنجە نەبووە هۆکاری وەستانی کوتاڵی ئایش، بەردەوام بە ئیرادە و  تواناکانی کاری باشتر و باشتری لە دیزاین و دورین و بازرگانی کردنی قوماشدا تۆمار دەکرد، وتی: چوارساڵ پێش ئێستا زانیم توشی شێرپەنجەی غودەکان بووم، لە ساڵی ٢٠٢١دا یەکەم چارەسەرم وەرگرت، پاشان لە شوباتی ٢٠٢٢دا چارەسەرم وەرگرتەوە، کۆتا جەلسەی وەرگرتنی کیمیایی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا وەرگرت، تێکچوونی باری تەندروستیم ڕێگر نەبوو لەبەردەم کارەکەمدا، شێرپەنجە بووە هێزێکی زیاتر تا بتوانم کارەکانم بکەم، ماوەی توشبوونم بە شێرپەنجە جەستەی و دەروونی زۆر هیلاک دەبووم، بەڵام بەردەوام بووم لەو جەنگەی لەگەڵ نەخۆشیەکەمدا دەمکرد، لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەردا ئەرکی خۆم بەجێ دەگەیاند، توشبوون بە شێرپەنجە نەبووە هۆی ئەوەی کوتاڵی ئایش بەردەوام نەبێت، من و کارکردن لە ئایشدا شێرپەنجەمان لەناوبرد.

 

" پێویستە ئاستەنگییەکانی کارکردن بۆ ژنان نەمێنێت"

ئاماژەی بە کارکردن لە لایەن ستافەکەیەوە کردو وتی: ستافی کوتاڵی ئایش کەسانی بە ئەزموونن، ستافێک بەوێنەی ماڵی خۆیان کاری تێدا دەکەن، دروومانەکانمان لە لایەن ستافێکی لوبنانیەوە کارمان بۆ دەکەن، جۆرەها پێداویستی ژنانی تێدا دەدوورێت، ژنان بەردەوام ڕوو لە کوتاڵەکەمان دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانیان، زۆرێک لە ڕێگری لە لایەن حکومەتەوە بەرامبەر کردنەوەی کارێک دروست دەکرێت، کاتێک بمانەوێت چالاکییەک بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت ئەنجامبدەین ڕێگر دەبن، ڕێژەیەکی زۆر لە زەڕیبە و باج دەنێرن، ئاسانکاری بۆ دانانی پڕۆژەیەکی بچووک ناکەن، کاتێک ئایشم دامەزراند لە دائیرەدا ڕێگریان لە هەبوونی ئایش کرد لەسەر ناوی خۆم بێت، بە مەجبووری کردنەوەی کوتاڵی ئایش دەبێت بە ناوی پیاوێکەوە بکرێت، ئەم کارگرانیە بۆ ژنان زەحمەتە، پێویستە ئاستەنگیەکانی کارکردن نەمێنێت.

 

ئاشنا محەمەد، خاوەنی کوتاڵی ئایش لە کۆتاییدا وتی: گرنگە ژنان لە هەر مەجالێکدا کار بکەن، خۆیان پڕ لە زانیاری بکەن لە بارەی کارەکەیانەوە، بەردەوامبوون و کۆکردنەوەی ئەزموونی زیاتر لە کارەکەتدا بە ئامانجت دەگەیەنێت، بەدیهێنانی خەونەکانت و کۆکردنەوەی ئەزموون و کۆڵنەدانت لەبەردەم هەوراز و نشێوییەکانی ڕێگا، دەبێتە هۆی سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو، هاتنە دەرەوە و کارکردن ئاستەنگیەکان دەکاتە هێڵی سەرکەوتنی ژنان.