مافوری كۆیە شوێنێک بۆ بژێوی ژنان
ژنانی دەستڕەنگین و لێهاتووی کۆیە لە کارگەی مافور و وەرتەیان سەرقاڵی كارن، و هەندێكیان هەموو ژیانیان لەو كارگەیە بە ڕێكردووە.

شیا كۆیی
كۆیە- كارگەی مافووری دەستكردی كۆیە لە ١ی ئایاری ١٩٥٧ دامەزراوە ، كە ئێستا دەكەوێتە ناوەندی شاری كۆیە، تا ئێستاش كارگەكە كراوەیە و ژنان كاری تێدادەكەن، ئەوەی ئێستا هەیە كارگەكە هەروەك خۆیەتی و تەنیا لە چەند هۆڵێكی بۆ زیاد كراوە، كارگەی مافووری كۆیە لەكۆندا نزیكەی ٣٠٠ ژن كاریان تێدا دەكرد و بەرهەمی یەك مانگی نزیكەی ١٠٠مەتر دەبوو بەڵام ئیستا ٩٠٪ی كارەكان كەمی كردووە.
چنین و نەخشاندنی مافوور بەدەستی ژنانی كۆیە نیوسەدەیە بەردەوامە لەكارەكانی كارگەی مافوری كۆیە شوێنێک بۆ پشوودان و بژێوی سەدان ژن بووە كە ٥٤ ساڵە لە كاركردن نەوەستاوە، ئەوەش لەسەردەمێك شوێنی داهاتی ٣٠٠ ژن بووە، بەڵام لە ئیستا دا نزیكەی٣٠ ژن كاری تێدادەكەن، بەڵام بەهۆی خانەنشین بونیان و دانەمەزارندنی فەرمانبەر كارگەکە وا چۆڵ دەبێت، بۆیە پێویستە گرنگی بەو شوێنانە بدرێت و وەك جاران ژنان هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت.
نەمام حەمەد مستەفا لەتەمەنی ٩ ساڵییەوە لە كارگەی مافوری كۆیە كاردەكات، یەکێک لە فەرمانبەرەكانی كارگەکەیە ، لە شاری كۆیە لەدایك بووە و ساڵی ١٩٧٩ لە كارگەی مافووری كۆیە دەست بەكاربووە، باسی لە كارگەكە و كارەكەی کردو وتی: لەتەمەنی ٩ ساڵیەوە من لەم كارگەیە كاردەكەم سەرەتا، كەهاتم ئەو ژنانەی کە لێرەبوون منیان فێری چنین كرد ودوایی خۆم وردەوردە هەوڵم دا تا بەباشی فێری كارەكە بووم، لەوكاتەوە بەردەوامم لە چنینی مافور، وكارەكەم زۆر لا خۆشەویستە.
"دڵمان خۆشنیە بەكارەكە وەك جاران"
نەمام حەمەد مستەفا سەبارەت بەجیاوازی جاران وئێستا لەكارەكەیان وتی: جاران كارەكەمان خۆشتربوو ٢٠٠تا ٣٠٠ ژن لێرە كاری دەكرد، ڕاستە ئەوكات موچەكەمان كەمبوو بەڵام بەشی دەكردین، و لەكاتژمێر ٨ی بەیانیەوە دەهاتین تا كاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ، نیوەرۆیان لێرە خواردنگەمان هەبوو نانمان دەخوارد زۆر دڵخۆشبوین، پاداشتمان هەبوو كە كاری زیادەمان دەكرد، بەڵام گەر بەراوردی بكەین لەگەڵ ئێستا بەسێ مانگ جارێک موچەیەك دێت یان نایەت و هیچ پاداشت وهاندانێك نیە وەك جاران بۆیە دڵمان بەكارەكە خۆش نیە وەك جاران.
"پشت ئێشە و هەستیاریمان بۆدرووست دەبێت"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: كاركردن زۆرخۆشە جێی شانازیە بۆ ژن كە كاری خۆی هەبێت هەرچەندە كاری مافوور چنین زۆر قورسە، بەو ئامێرانەی بەكاری دێنین وەك (مقەست و ڕاستە و مەزرەب وختافە..) و ئەوانە زۆرجار دەبێتە هۆی برینداربوون و برینی دەستمان، و چاو تووشی كەم بینی دەبێت ونەخۆشی پشت ئێشە و هەستیاریمان بۆ درووست دەبێت بەهۆی ئەو داوو خوریانەی بەكاری دێنین، وتی: سەرەتا كەزیەكەی واتە رایەڵەكان دەكەین پاشان دەست بەنەخشەكان دەكەین و بەپێی خواستەكان چیان بوێت دروستی دەكەین، و بە سێ مانگ وەرتەیەكمان تەواو دەكرد، بەڵام ئیستا بەهۆی ئەوەی ئیستا پشوەكان زۆرن و موچە وەك پێویست نیە درەنگتر تەواو دەبێت.