لە بناری قەندیل ژنانی کۆچەری پێشەنگی کارن
ژاکاو نەبی، ژنێکی کۆچەری خەڵکی گوندی دوگۆمانە، کە ساڵانە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ بەڕێکردنی وەرزی بەهارو هاوین روو لەکوێستانەکانی قەندیل دەکەن و رەشماڵ هەڵدەدەن. ژاکاو باس لە رەنجی ژنانی کۆچەری، بەرهەمهێنانی خۆماڵی و چنینی چیخ دەکات.
قەندیل
ژیانی کۆچەری، ژیانێکە پڕ لە رەنج و تێکەڵاوبوون لەگەڵ سروشت، لەم ژیانەشدا ژنان پشکی شێری کارەکانیان بەردەکەوێت. ژاکاو نەبی، ژنێکی خەڵکی گوندی دوگۆمانە، ساڵانە وەک نەریتێکی کۆچەری روو لە بناری قەندیل دەکەن.
سەبارەت بە سووڕی ساڵانەی کۆچکردنیان، ژاکاو نەبی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ئێمە لە مانگی چوارەوە دێینە ئێرە، هەندێک جار زووتر و هەندێک جاریش درەنگتر. تا مانگی پێنج لەم بنارە دەبین، دواتر کە ئێرە گەرم دەبێت و کەشوهەوا دەگۆڕێت، دەچینە سەرتر بۆ ناو قەندیل و تا مانگی نۆ لەوێ دەبین. دوای مانگی نۆ دێینەوە خوارێ و تا سەروبەندی زستان دەمێنینەوە، کاتێک سەرما و بەفر و باران دەستی پێکرد، ئەوکات دەگەڕێینەوە بۆ گوندی خۆمان "دوگۆمان"، کاری پیاوانیش دەکەین و بەرهەمی خۆماڵی ئامادە دەکەین لە ژیانی کۆچەریدا، ژنان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئابووری خێزان، ئێمە خەریکی ئیشی ماڵ و مەڕدارین، بەڕاستی ئیشی پیاوانیش دەکەین. هەروەها دروستکردنی پەنیر، ماست و هەموو بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ئەستۆی ئێمەدایە.
پاراستنی کولتوورو هاوکاری ژنان
چنینی چیخ بە هاوکاری ژنانی دراوسێ یەکێک لە کارە دەستییە کەلتوورییەکانی ژنانی کۆچەری، دروستکردنی 'چیخ'ـە کە بۆ رەشماڵەکانیان بەکاری دەهێنن. ژاکاو بە وردی باسی شێوازی چنینی چیخی کردو وتی: قامیشەکان (چیخ) دەهێنینە بەردەستی خۆمان و داوداو دەزووی لێ دەهاڵێنین، دواتر ریزی دەکەین. کە هەمووی تەواو بوو، ئینجا بە بەنێک لێکی دەبەستینەوە و دەیدوورین تا هەڵنەوەشێت. بۆ جوانکاری مازوو وەکو مرواری بەکار دەهێنین، تەلیس دەهێنین و بە سووف (خوری) و دەرزی داوداو دەیچنین.
سەبارەت بە فێربوونی ئەم کارە، ئەو ژنە کۆچەرییە ئاماژەی بە رۆحیەتی هاوکاری نێوان ژنان کردو وتی: سەرەتا نەماندەزانی دروستی بکەین، بەڵام دواتر لە ژنانی دراوسێکانمانەوە فێربووین. ئەوان یارمەتییان داین تا فێربووین و ئێستا بۆ خۆمان هەموومان دروستی دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا ژاکاو نەبی جەختی لەو ئاسایشە کردەوە کە ژنانی کۆچەری لە بناری قەندیل هەستی پێدەکەن و وتی: ئێمە ئەگەر لێرە بڕۆینەوە، ئەوەی باران خراپی نەکات هەمووی بەجێدەهێڵین. زۆر بە ئەمینی وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەمەش هەمووی بەهۆی هەڤاڵانەوەیە. لەڕووی ئەمنییەوە ناترسم، زۆر زۆر ئەمینە و دەتوانی شەو بە تەنیاش لە ماڵ بیت. ئێمە جاران دەترساین، بەڵام ئێستا نەخێر، تاکو هەڤاڵ هەبن ئێمە ناترسین و ئێرە پارێزراوە، هەڤاڵان دێن، بۆ ئێمە شتێکی ترە کە لەگەڵ ئێمە ئیش دەکەن، زۆر تێکەڵیان بووین، پزیشکەکانیان دێن چارەسەرمان دەکەن و ئێمەش زۆر خۆشحاڵ دەبین کە دێنە سەردانمان، دوو جاریش چووینەتە نەخۆشخانەکەیان، هاوکاریمان دەکەن و هەر شتێک پێویست بێت بۆمانی دەکەن.