گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕێچکە؛ فەلسەفەی ژیانی ژنان لە گوندەکانی کۆیە

هەرچەندە چەرخی تەکنەلۆژیا و ژیانی مۆدێرنی شار هەموو ئاسانکارییەکی بۆ ژنان ڕەخساندووە، بەڵام هێشتا لە گوندەکانی دەشتی کۆیە ژنانێک هەن بە دووکەڵی دار و بۆنی نانی گەرم، تەندروستی و ئارامی دەروونی خۆیان دەدۆزنەوە.

شیا کۆیی

 

کۆیە_ لەعلی حەمەد جومعە خەڵکی گوندی تیمارۆکی سەربە کۆیەیە و بە ژنێکی بەتوانا و دەستڕەنگین ناسراوە و تا ئێستاش نان بەدار دەکات و دەڵێت "ژیانی گوندی لە ژیانی شاری خۆشترە و هەر حەزم لێیە نەچمەوە شار چونکە ئاو و هەوای گوندی و ئیشکردن ژیانت تەندروست دەکات" و لەگەڵ دیمەنی جیرانی پێکەوە نان دەکەن.

 

"ئێستا هەموو شت زۆرە لەگەڵ ئەوەشدا دڵمان خۆش نییە"

لەعلی حەمەد بەدەم گونک کردن و نانکردن قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ژیانی ئێستا خۆشترە لە جاران و ئاسانکاری زۆر کراوە لە کارکردندا چونکە لە کۆندا ئێمەی ژنان زۆر ماندوو بووین و هەموو ئیشێکمان بە دار بوو ، بەڵام ئێستا هەموو شت زۆرە و ئاسانکارییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵمان خۆش نییە وەک جاران، لە کۆندا ماندوو بووین و شت بەردەست نەبوو وەک ئێستا بەڵام دڵمان خۆش بوو خەم کەمتر بوو و ژیان زۆر بە سادەیی وەردەگیرا و نانی ئێوارەت بخواردایە خەمی سبەینێت نەبوو چونکە قەناعەت هەبوو هەر سەبارەت بە کاری ژنان لە گوند دەڵێت ژنانی گوندی کاتژمێر پێنجی بەیانی هەڵدەستن و دەست بە ئیش دەکەن جا مەڕ و مانگا دەدۆشن و شیر دەکوڵێنن و دەیکەن بە ماست و بەڕێکردنی مەڕ و ماڵات بێت یان ئیشی کشتوکاڵی بێت تا ئێوارە ناوەستن.

 

"ژیانی گوند تەندروستە"

لەعلیە حەمەد وتیشی ژیانی گوندی کەسەکان بە ساغی دەهێڵێتەوە و زۆر تەندروستن چونکە کەشوهەوای تەندروستە و لە ڕووی دەروونییەوە بینینی ئەو دیمەنانە خەمڕەوێنن دەشڵێ زڕدایکێکم هەیە تەمەنی ٨٠ ساڵە بۆ خۆی دەچێتە کەنگر و کاردووان و لەشی ساغە و خۆشم چونکە لەوەتەی هەم لە ناو ئیش و کاردا بوومە خۆم ئیشی خۆم دەکەم و توانام هەیە و سوپاس بۆ خوای تا ئێستا خۆم هەڵدەستم بەیانیان نان دەکەم بۆیە ژیانی گوندی تەندروستە و ئاو و هەوا ڕۆڵی هەیە و لە هەمووی گرنگتر جووڵەیە چونکە لە شار نان دەخورێت و لەسەری پاڵ دەکەون و ژنان لە ناو ماڵ جووڵەیان کەمترە لە چاو ژنی گوند، لە گوند هێندە بیر ناکەینەوە و لە ڕووی دەروونییەوە دڵمان ئارام دەبێت بە بینینی ئەو سەوزایەی گژ و گیاکان بەوەش خەمم لە بیر دەچێتەوە و وەک خۆم لەو دەشتە ئاسودەترم لە چاو شاردا.

 

لەعلیە بەدەم نانکردن هەرچەندە دووکەڵێکی زۆریش چووبووە چاوی بەڵام بیرەوەرییەکانی لە یاد نەچووە لە کۆندا و  وتی: کە کچ بووم لە ماڵی باوکم بەیانی زوو هەڵدەستام تا کاتژمێر نۆی بەیانی لە نان دەبوومەوە و نزیکەی سەت نانم دەکرد و جاران نان زۆر دەخورا وەک ئێستا نەبوو چونکە دەچوونە دروێنە و جووت کێڵانی زەوی و زار و ئیشکردن و بەیانیان دوای نان خواردنمان حازر دەکرد هەمووشی هەر بە دار بوو غاز نەبوو، هاوکات دوای ئیشی ماڵیش تێلەگە و دروێنە و توتن چاندمان هەبوو تا ئێوارە دەهاتینەوە و ئیشی ماڵمان دەستپێدەکردەوە و هەمان ڕۆتینی بەیانی دەبوو کە مەڕ و مانگا بدۆشین و خواردن ئامادە بکەین، ئەو کات تەنیا لە جەژن برنج هەبوو ئەویش هەموو کەسێک نەیبوو ئەگەرنا تەنیا خواردنی کوردەواری بوو وەک دۆنیە و دۆبەکەشک و دۆغەوا و کفتە بوو.

 

هاوژینەکەی ئەنفال بووە منداڵێکی سێ مانگی لە سکدا بووە

لەعلی وەک زۆربەی ژنانی دەشتی کۆیە ئەویش یەکێکە لە قوربانیانی ئەنفال کاتێک هاوژینەکەی ئەنفال بووە کوڕێکی سێ ساڵانی هەبووە و دوای پێنج مانگ کچێکی بووە و خۆی بە دیاریانەوە دانیشتووە و گەورەی کردوون وتی: شەش ساڵ لە ماڵئ باوکم بووین و بەخێوی کردین و دوایی ماڵی خۆمان کرد و کوڕەکەم و کچەکەشم گەورە کردن و ئێستا لەگەڵ کوڕەکەم دانیشتووم.

 

"جیران و ژیانی کۆمەڵایەتی لە گوند هەر ماوە"

دیمەن سابیر جیرانی لەعلی حەمەد وەک خۆیان دەڵێن زۆربەی کات پێکەوەن و دیمەن کۆلێرەی تەنوور دەکات و وتی:  هەرچەندە ماڵێکمان لە گوندە و یەکێکیش لە شار، بەڵام هەر حەزمان لە ژیانی گوندە و لەبەر خوێندنی منداڵەکان نەبێت هەر ناچمەوە شاری چونکە لێرە ڕاهاتووین و لە منداڵییەوە لە گوندی بووین، ڕاستە ماندووین لە گوندی بەڵام ژنان لە شار بن یان لە گوند هەر ماندوون بەڵام ژنانی گوندی ماندووترن چونکە لێرە ئیش زۆرە و هەر بە دار ئیش دەکەین و خۆم تا ئێستا هەر بە دار نانم کردووە و هەرگیز بە غازی نان ناکەم و جا لەو  دۆخەی دەبیستین غاز نییە ئەوە کاری نەکردووەتە سەر ئێمە چونکە من هەر بە دار نان دەکەم.

 

دیمەن سابیر  وتیشی: زۆربەی کات لە گوندین و ناچینەوەو جاری وا هەیە بە هەفتە ناچینەوە بە تایبەت کە دەوام نەبێت چونکە ژیانی شارمان بەلاوە خۆش نییە و دەڵێی زیندانە، چونکە هەر لە گوند بووین و دڵمان پێدەکرێتەوە و وەک خۆم حەزم لێیە وەک جاران ژیانی گوندی دەست پێ بکەینەوە و کشتوکاڵ بکەین و ئەگەر بڕەخسێ ئاژەڵداری بکەین چونکە کاسبی دەستی خۆت خۆشە و نابێ ئەوەندە چاوت لە مووچە بێت چونکە لە هەموو لایەکەوە گوند بەرەکەتە لە منداڵییەوە فێری کۆلێرەی تەنوور بووم و دە ساڵە ئەو تەنوورەم هەبووە و لەگەڵ پورە لەعلی جیرانمان وەک خوشکی گەورەمە و زۆر تەباین و زۆربەی کات پێکەوە ئیش دەکەین ئەو ڕۆژە ئەو نانی تیری دەکات و منیش کۆلێرە بە تەنوور دەکەم، ژیانی گوند هێشتا کۆمەڵایەتییەکەی ماوە وەک شار نییە چونکە لە شار جیرانم هەبووە  ١٠ ساڵە نەمدیوە و نەچوومەتە ماڵی.