چالاکوانی سکۆتلەندی: ئیلهامم لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەرگرتووە

هیتەر سوینەیی سکۆتلەندی، کە سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کردووە، تێبینییەکانی خۆی باسکرد و ڕایگەیاند، هیوای لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بینیوە و ئیلهامی لە شۆڕشی ژنان وەرگرتووە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- دوابەدوای ئەو بانگەوازەی کۆمیتەی پەیوەندی و یەکگرتنە سیاسەتی دیموکراتیکی کۆنگرەی ستار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، شاندەکانی ژنان لە زۆر وڵاتەوە سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.

 

چالاکوان هێتەر سوینەی، خەڵکی سکۆتلەندایە و چالاکوانە لە ڕێکخراوی This Is Rigged، کە ئەم ڕێکخراوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا و ژنانی بێ ماڵ و حاڵ دەکات. هێتەر سوینەی لەناو ئەو ژنانەدا بوو کە خەڵکی سکۆتلەندا بوون و لە هەفتەی ڕابردوودا سەردانی ڕۆژئاوایان کرد، هێتەر تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە گەیشتن بە ڕۆژئاوا لەگەڵ دەزگاکەمان باس کرد.

 

"هێرشەکان بۆ سەر کشتوکاڵ و ئابووری و ڕۆشنبیری ژنان لە کوردستان شکست دەهێنن"

هێتەر سوینەی قسەکانی بە باسکردنی هاتنی بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەو شتانەی سەرنجی ڕاکێشاوە دەستپێکرد و وتی: کاتێک هاتمە کوردستان، تێبینیم کرد ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدەن کاریگەرییان لەسەر کشتوکاڵ و ئابووری و کولتووری ژنان هەبووە، بەڵام ئەم هێرشانە شکست دەهێنن، ئەو شتانەی باسم کرد گرنگن، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی ئابوری ژنان و کولتووری ژنان، لەهەمانکاتدا مانەوە لە کوردستان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەرەڕای ئەو هەموو جینۆساید و هەوڵە زۆرانە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و خەسڵەتەکانی، بەڵام بەرخۆدان هەیە، من باوەڕم وایە گەلی کورد بەم شێوەیە لەناو ناچێت، ئەوەی لەبیرمە، تەنانەت لەناو گەلی فەلەستینیشدا سەرەڕای ئەوەی زۆر شتییان لێ سندراوەتەوە، بەڵام بەرخۆدان و پێکەنین و شادی هەیە.

 

"'گوڵێکی بەرخۆدێر هەیە"

هێتەر سوینەی ڕایگەیاند کە سەرەڕای هێرشەکان، بنیادنان هەیە و ئەم دۆخەی بەراورد کرد بە گوڵی دڕکاوی کە لە سکۆتلەندا گەشە دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاتن بۆ ئەکادیمیای هونەری هیلالی زێڕین بۆ من واتای زۆری هەیە، چونکە بۆ یەکەمجار دەبینن سەرەڕای جینۆساید و هێرش بۆ سەر ئەم کولتوورە، هێشتا بنیادنانەوە و خوڵقاندن لە ئارادایە، ئەمەش گوڵی دڕکاویم بیردەخاتەوە کە لە سکۆتلەندا گەشە دەکات، گوڵێکی بەرخۆدێرە، مرۆڤ گرنگ نییە چی بۆ بەخێوکردنی بکات، ئەم گوڵە هەمیشە سەرەڕای باران و با گەشە دەکات، لە ڕابردوودا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە سکۆتلەندا کۆلۆنی کراوە و شێوازی سەرەکی قڕکردنی کولتوورەکەمان و لەناوبردنی کشتوکاڵ بووە.

 

"ئێمە ئیلهاممان لە گەلی کورد وەرگرت"

 ێتەر سوینەی سەرنجی بۆ ئیکۆلۆژیای سکۆتلەندا ڕاکێشا و هێرشەکانی سەر ژینگە و ئیکۆلۆژی کوردستانی وەبیرهێنایەوە و بەم شێوەیە بەراوردی کرد، لە باکووری سکۆتلەندا، گردە بەردییەکان کە پێیان دەوترێت 'زەوییە بەرزەکان'، وەک دارستان بوون، بەڵام لەناوچوون، ئەم دارستانانە سەرەتا بۆ کشتوکاڵ و پاشان بۆ لەوەڕگە و بۆ بەخێوکردنی مەڕ و بزن بەکاردەهێنران، بەڵام ئێستا هیچ لەو شوێنانە نەماوە، تەنها چەند کەسێک لەوێ ماونەتەوە، ئێستا کە دەبینم ئەوەندە زەوییە کشتوکاڵیەکانی کوردستان وێران بوون، زەویەکان تاڵان کران و خەڵک بە زۆر ئاوارە دەکرێن، دڵم ئازار دەچێژێت، چونکە دەزانم کە گۆڕانکاری گەورە بەم شێوەیە لە وڵاتێکدا ڕوودەدات، ئێمە ئیلهاممان لە شێوازی تێپەڕاندنی ئەو جینۆسایدەی گەلی کورد وەرگرت و بەم شێوەیە نیشانیان دا کە ئەوان لەو کردەوانە گەورەترن و دەوڵەتێکی وەک تورکیا هەرچییەک بکات، گەلی کورد هەمیشە یاخی دەبێت.

 

هێتەر سوینەی وتیشی: ئەو کولتوور و شوێنانەی لێرە بینیومانە ئەوەندە فراوانن و وەک سەرچاوەیەکی هیوا دەیبینین، من ئیلهامم لێ وەرگرتووە کە کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ سکۆتلەندا باسی خەباتی ئێرە بۆ هەمووان بکەم، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هۆی خەباتی ئێمەوە لە هەموو جیهاندا، گەلانێک هەن کە کۆلۆنی کراوە و هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام ناتوانن چاوپۆشی لە کولتوورەکە بکەن و هۆکاری بەردەوامی هێرشکردنە سەر کولتووری خەڵک ئەوەیە، فەرهەنگی خەڵک گەشەی کردووە و باشتر بووە، بۆیە هێزە داگیرکەرەکان ناتوانن هیچ لەوبارەیەوە بکەن.

 

"هەڕەشە بۆ سەر ژنێک کە ماست دروستدەکات، ئاستی لاوازی دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدات"

هێتەر سوینەی باسی لە ئازار و خەم و پەژارەی خۆی کرد بەهۆی بەئامانجگرتن و گیان لەدەستدانی ئەو ژنانەی کە لە کارگەی ماست و پەنیری زۆزان لە شاری دێرک کاردەکەن لەلایەن فڕۆکە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکیاوە و ناڕەزایی خۆی لەم دۆخە بەم قسانە دەربڕی: "ئەمە بۆ من زۆر بە ئازارە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چووینە کارگەی شیر و ماست کە لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکەوە کرایە ئامانج، ئەگەر بیری لێبکەینەوە، ئەو ژنانەی کاری  دروستکردنی ماست و پەنیر دەکەن بە هێرشی ئاسمانی دەکرێنە ئامانج، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژنان چەند بەهێزن لەم هەرێمەدا، چونکە ئەگەر ژنێک کە ماست دروست دەکات وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەتی تورک سەیر بکرێت، ئەوە نیشانی من دەدات کە دەوڵەتی تورک زۆر لاوازە، بەئامانجگرتنی ژنانی کورد نیشانەی ئەوەیە کە تەنیا دەوڵەتێکی بێدەسەڵات بە پێویستی دەزانێت کە بە شێوەیەکی دڕندانە و وێرانکەرانە کولتوری ژن لەناوببات و بکوژێت، بەڕای من ئەمە زۆر شت بۆ من ڕوون دەکاتەوە سەبارەت بە زانستی ژن و ژنۆلۆژی و پێگەی ژن لێرەدا، کاتێک بیر لەو ژنانە دەکەمەوە کە لە هێرشی ئاسمانیدا کرانە ئامانج، هەست بە دڵتەنگی دەکەم، چونکە ئەو ژنانە تەنیا کورد نین، وەک ئێمە ژنن، زۆر زەحمەتە بۆ من ببینم ژنان بە تەنیا جێبهێڵرێن و هێرشیان بکرێتە سەر، چونکە ژنان بەشێکی زۆر گرنگی ئەم کولتوورەن.

 

هەروەها وتیشی: کاتێک دەگەڕێمەوە وڵاتەکەم بە هەمووان دەڵێم، پێویستە تا دەتوانین بایکۆتی بەرهەم و دامودەزگاکانی تورکیا بکەین، ئەمە شێوازێکە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ئاشکراکردنی هێرشەکانە بۆ سەر ژنان، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆمەڵگە و کولتووردا دەگێڕن، ئەگەر دەسەڵاتی ژنان نەبوایە، باوەڕناکەم ئەم هەرێمە بەو شێوەیەی کە هەیە و بەو شێوەیەی ئەمڕۆ بیتوانیایە کار بکات، زۆر پێم خۆشە حکومەتی بەریتانیا ئیدانەی کردەوە و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کورد بکات، بە تایبەت کە پەنابەری کورد لە سکۆتلەندا زۆرن، بەڵام لە هەمووی زیاتر من پێم وایە کلیلی چارەسەرەکە چاودێریکردن و ڕاپۆرتکردنی دۆخی ئێستایە بەو شێوەیە، گرنگە هەمیشە چارەنووسی ژنی کورد لە دڵ و مێشکماندا بە زیندووی بهێڵینەوە، چونکە لەبیرچوونەوە خیانەتە، گرنگ ئەوەیە ئەو ژنانە لەبیر نەکەین و ئەو خەباتە لەبیر نەکەین کە ڕۆژانە لێرە بەڕێوەی دەبەن.

 

"تەنها هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد لە کوردستان"

هێتەر سوینەی خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی بۆ کوردستان دووپات کردەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کۆتاییدا تەنها دەمەوێت سوپاسێکی گەورە بە هەموو ئەو کەسانە بڵێم لە کوردستان کە بەو شێوەیە گەرم و ئاشکرا پێشوازییان لێکردین و هەموو شتێکیان بۆ کردین، هەرگیز لە هیچ ناوچەیەکی تردا ئەوەندە هەستم بە ئاسوودەیی نەکردووە کە لێرە، لە کوردستان هەستم پێکرد.