خولی ڕاهێنانی ژنانی کورد لە سوید: شوناس لەپێناو ئازادیدا

ژنانی کورد لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی وڵاتی سویددا، بە دووبارە خوێندنەوەی مێژوو و ئەزموونەکانی ڕابردوو بەدوای ناسنامەی خۆیان و ڕێگایەکی ئازادیدا دەگەڕێن.

یۆتۆبۆری

 

بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی "ماڵی ژن" و هاوکاری "ڕێکخراوی ژنانی کورد" و "ئاکادیمیای ژنۆلۆژی" لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید، بۆ یەکەم جار کۆرسێکی سێ ڕۆژە بۆ ژنانی باشوور ڕێکخرا.

 

لە کۆرسەکەدا بە دەیان ژن بەشدار بوون و گفتوگۆیان لەسەر مێژووی نەنووسراوەی ژن و ژنۆلۆژی کرد، ژنان لە خولەکەدا دەستیان خستەسەر ئەو گرفتە کۆمەڵایەتی و دەروونیانەی کە تاک و بنەماڵەی کورد لە دەرەوەی وڵات ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و بیروڕایان لەسەر ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەدا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لەسەر هۆشیاری مێژوویی و خۆئاگابوون و خۆڕێکخستن کردن کردەوە.

 

ڕووبار یوسف، ئەندامی ماڵی ژن لە ئۆسلۆ، بابەتێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و باسی لە ئامانجی ڕێکخراوی ماڵی ژن و کارەکانیان لە ماوەی ئەم ساڵەی ڕابردوودا کرد، داوای لە ژنانی کورد لە دەرەوەی وڵات کرد، کە خۆیان ڕێکبخەن لە هەموو بوارەکاندا.

  

ڕوبار یوسف وتی: کار و چالاکییەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات گرنگە، چونکە دەبێتە هۆکار کە کێشەکانی تاک و خێزانی کورد لە دەرەوەی وڵات چارەسەر بکات، وزەی ژنان بەرەو ئاڕاستەی باش ڕێکبخات و ژنانی کورد لە ناوخۆ بەهێز بکات.

 

یەکێک لە سەرچاوە و ئامانجی ژنۆلۆژی بزووتنەوەی ئازادی ژنی کوردە

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە سێ ڕۆژی کۆرسەکەدا لە چوارچێوەی وانەی تیۆریدا ئاماژەی بە مێژووی نەنووسراوی ژن، بەرخۆدانەکانیان، ئەو میراسەی کە ژنۆلۆژی پشتی پێدەبەستێت بۆ خوێندنەوەی مێژوو کرد، کە یەکێک لە سەرچاوە و ئامانجی ژنۆلۆژی بزووتنەوەی ئازادی ژنی کوردە.

 

نەجیبە قەرەداغی لە بەشێکی تری کۆرسەکە ئاماژەی بەوەدا، ڕۆڵی ژن  لە دۆخی هەنووکەیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و لە وەرچەرخانە مێژووییانەکاندا گرنگە و داوای لە ژنانی باشووری کوردستان کرد کە رۆڵی خۆیان لەم قۆناغەدا بگێڕن.

 

لە میانی گفتوگۆکاندا، یەکێک لە بەشداربووانی کۆرسەکە وتی: ئەمە یەکەم جارە ژنۆلۆژی دەبیستم، بەڵام بە ژنۆلۆژی دەرگایەکی گەورەتان لەسەر مێشکم کردەوە، دەمەوێت زیاتر بزانم، ئێمەی ژنی کورد پێویستمان بە تێگەیشتن لە مێژووی خۆمان هەیە.

 

شایەنی باسە کە لە پاڵ کۆرسەکە هونەرمەندی نیگارکێش ڕووناک عەزیز ناوەرۆکی بابەتەکانی بە نیگار نەخشاند.

 

لە کۆتاییدا مەزییە ئەمین، بەرپرسیاری کۆمەڵی ژنانی کورد، کە خۆی و کۆمەڵەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە ڕێکخستنی کۆرسەکەدا، بە ناوی ئەندام و ستافی کۆمەڵەکەیانەوە سوپاسی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخراوی ماڵی ژنی کرد و وتی: گرنگە کە ئەم هەوڵانە بەردەوام بێت، ئێمەی ژنانی کورد پێویستمان بە هەنگاوی گەورە هەیە لەم قۆناغەدا بینێین، بێ ئەوەی جیاوازی بۆچوون جیامان بکاتەوە.