ژنان جوانییەکانی کوردستان نیشان دەدەن

ژمارەیەک لە ژنانی گەشتیاری ئێرانی دەڵێن: ژنانی کورد ژنانی بەهێزن و دەتوانن دەستپێشخەری گۆڕانکاری زۆر بکەن.

سنە

 

لە نەورۆزی ئەمساڵدا، گەشتیاران ڕوویان لە کۆشکی ئاسیف لە شاری سنە کرد، کە بە ماڵی کورد ناسراوە، گەشتیاران جلی کوردی و جەمانە و سەرپۆشی هەوری و تایبەت بە کوردانیان دەپۆشی، بە هەمان جلوبەرگەوە بەناو بازاڕ و شوێنە مێژووییەکاندا دەسوڕانەوە و بۆ پیرۆز کردنی نەورۆزیش شاری سنەیان هەڵبژارد، چونکە لەو شارە دابونەریتی کوردی و شێوازی ژیانی ژنان کوردەوارییانەیە و گەشتیاران دەڵێن ژنی کورد ژنێکی بەهێزە کە دەتوانن دەستپێشخەری گۆڕانکاری بکەن.

 

"ژن لێرە بەهێزە وەک ئەوەی بۆ گۆڕانکاری دروستکرابێت"

سامییە ئەسفەهانی، گەشتیارێکە و سەردانی شاری سنەی کردووە، دەڵێت: ناوبانگی ژنانی کوردم بیستبوو، بەتایبەتی ژنانی سنە، بەڵام هەرگیز نەهاتوومەتە سنە و ئەمە یەکەمجارە، دواجاریش ژنی هەورامان و ژنانی کوردم لە نزیکەوە بینی، ژنانی کورد جیاوازن، ئازا و چاونەترس و سەرهەڵدێرن، جوانییەکی ڕەسەنیان هەیە کە لە هێزی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو چەند ڕۆژەی کە لە ناوچەکانی کوردستان بووم، چەندین تایبەتمەندی ناوازەم لێیان بینیوە کە حەزم لێی نییە کورتەیەک یان سنوورداریان بکەن لە میوانداریدا، ژنانی ئێرە بەهێزن وەک ئەوەی بۆ گۆڕانکاری دروستکرابن، یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی لەم گەشتە بینین، بینینی ژنانی ئەم خاکە بوو و دەمەوێت بەردەوام بم لەم گەشتە.

 

"ژنانی کورد لە کەرتی ئابووریدا ڕەنجکێشن"

مریەم خودایی، دەرهێنەر و دۆکیۆمێنتاری خەڵکی تاران، وتی: چەندین جار گەشتم بۆ شاری سنە و کوردستان کردووە و وێنە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستانم گرتووە و وەک فیلمێکی دیکۆمێنتاری پێشکەشی تۆڕە ئێرانی و بیانییەکانم کردووە، ئەو شتانەی سەرنجی ڕاکێشام، فەرهەنگی بوونی شار و شوێنەکانە، وەک پالنگان و هەجیج و بەلبەر و ....هتد، دەمەوێت کولتووری کوردی پیشانی هەموو جیهان بدەم.

 

هەروەها وتیشی: یەکێکی تر لە سەرنجڕاکێشییەکانی کوردستان خۆبژێوی ژنانە لە کەرتی ئابووری خێزاندا، کە ژنان زۆر دینامیک و ڕەنجکێشن، جا چ لە هەنگەوانی، ئاژەڵداری، بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و هتد.. بێت، من ئەوانە لە ڕێگەی ژنانەوە نمایش دەکەم.

 

ڕویا عامری، خەڵکی کەرەجە و بۆ گەشت هاتووەتە سنە، دەڵێت: من هاتمە کۆشکی ئاسیف و زۆر چێژم لێ وەرگرت، وە بڕیارە بچینە شوێنە مێژوویی و شوێنەوارەکانی دیکە ببینین، چل ساڵ پێش ئێستا هاتوومەتە ئێرە و ئێستا گۆڕانکاری ئەرێنی دەبینم، بنەچەی من کرماشانییە زۆر حەزم لە فەرهەنگی کوردییە.