"لە کۆمەڵگەدا پاڵپشتی بزووتنەوەی ژنان ناکرێت"

گەشە دارا، چالاکوانی ژنان باسی لەوە کرد، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەندێك پرس لە پێشتردا کە دەستی بۆ دەبرا زۆر زەحمەت بوو، چونکە هێشتا تێگەشتنی کۆمەڵگە نییە بۆ ئەم پرسانە کە بە پرسێکی مرۆیی بزانێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پرسی ژن پرسێکی وەلانراوی کۆمەڵگەیە، ئەگەرچی کێشەی ژن کێشەی سیاسیی کۆمەڵایەتییە، لە ئێستادا بە قۆناغێکی ڕاگوزەر و ناسەقامگیردا دەڕوات، هەر ئەمەش وایکردووە لە ئەو ژینگە ناتەندروستەدا پێشێلکردنی مافەکانی ژن ڕوو لە زیاد بوون بکات.

 

لەو بارەیەوە گەشە دارا، چالاکوان و ئەندامی ڕێکخراوی ئازادبوون وتی: ئەگەرچی دۆخی ژن گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە لە ڕوویەکەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا، بەتایبەت لە دوای ٢٠١٤ بە گشتی ڕەوتی کۆمەڵگەی مەدەنی تا ڕادەیەک سستە، ڕەوتی بزووتنەوەکانی ژنانیش سست بوون، لەبەر ئەوەی پاڵپشتییان نیە.

 

"دۆخی ژن بەستراوەتەوە بە دۆخە گشتیەکەوە"

گەشە دارا، باسی لەوەکرد، کە دۆخی ژنان بەستراوەتەوە بە دۆخی گشتییەوە، کە بێ مووچەیی و گرانی باری گوزەرانی خەڵك پشکی زۆری دەکەوێتە سەر شانی ژنان، سەرقاڵ بوون بە کێشە لاوەکیانەوە، لە جیاتی ئەوەی کە هەوڵ بدەن پێگەی خۆیان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە بەهێز بکەن، "من پێـم وایە گۆڕانکاری بوونی هەیە، ئەم دۆخە ناسەقامگیرە هەم ڕووی ئەرێنی هەیە و هەم ڕووی نەرێنی هەیە، کاتێک سەیر دەکەین دۆخی ئابووری بەرەو خراپ بوون ڕۆشتووە، بەڵام ژن هەوڵی داوە جێی خۆی بکاتەوە لە بازاڕدا، وایکردووە کولتوورێک پەیدا بببێت کە ئاسایی دەیبینێت ژن لە دوکان و بازاڕەکاندا کار بکات".

 

هەروەها دەڵێت: لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەوە، لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا، گۆڕانکاری باش ڕووی داوە، هەندێك پرس لە پێشتردا کە دەستی بۆ دەبردرا زۆر زەحمەت بوو، وە بە شێوەیەکی ناشایستە سەیر دەکرا، لەبەر ئەوەی هێشتا تێگەشتنی کۆمەڵگە نەبوو بۆ ئەم پرسانە کە بە پرسێکی مرۆیی بزانێت، خەتەنەکردنی مێینە کە سەرەتا دەستی بۆ بردرا، جێگای قبوڵ نەبووە تەنانەت ناوی بابەتەکەش بهێنرێت، بەڵام خۆشبەختانە لە ٢٠١١ لە پەرلەمانی کوردستان بوو بە یاسا و قەدەغە کرا.

 

"مانەوەی خێزان وەک چوارچێوە مانای ئەوە نیە ژن توندووتیژی بەرامبەر نەکراوە"

لە مشتوومڕی گەڕانەوەی گۆڕانکاریەکان لە پرسی ژندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان، گەشە دارا بە پێچەوانەوە تێڕوانینی وایە، "کە ژن ئێستا زیاتر درک بەوە دەکات کە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، زیاتر درکی بەوە کردووە دەتوانێت یاسا بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی هەندێک لە مافەکانی، کە ئەمە هۆشیاریە زیاد بووە، نەک زیادبوونی هەڵوەشانەوەی خێزان، بەڵام لە ڕابردوودا توندوتیژی پەسەند دەکرد یاخود خێزانەکە وەک چوارچێوە لەبەرچاوی خەڵکدا ماوەتەوە و ژینگەیەکی توندوتیژیش بوو بۆ منداڵ، هەروەها بۆ پارێزگاریکردن لە هەڵوەشانەوەی خێزان دەبێت لە بنەڕەتەوە کاری بۆ بکەین، کە تاکی کۆمەڵگە ئامادە بکەین خێزاێكی پتەو لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز و هەماهەنگی پێکبهێنێت، پیاو ژن بە هاوبەشی خۆی بزانێت، نەک بە پلەیەک لە خوار خۆیەوە تەماشای بکات".

 

"ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕێکخراوی فشارن"

ئەو چالاکوانە، لە کۆتاییدا دەڵێت: "لە کۆمەڵگەدا ڕێکخراو و گروپە مەدەنییەکان چەندە زۆر و چالاک بن و دەرفەتی کار کردنیان هەبێت، ئەو کات دەتوانن گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا بکەن، ئێستا ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ کار کردنی ڕێکخراوەکان و بە پێچەوانەوە لە ڕووی ئیداری و کارگێڕیەوە ئاستەنگ هەیە، چونکە یاسا بە جۆرێکە و پەیڕەو کردنەکەی جۆرێکی ترە"، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆمەڵگە دوای ڕەوتێک کەوتووە دژی رێکخراوەکانی ژنانە و دەسەڵات پاڵپشتی ئەو ڕەوتە دژە-ژنە دەکات.