کۆچبەرانی عەفرین: تا گەڕانەوەی عەفرین بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان

ژنانی کۆچبەری عەفرین کە لە شاری شەهبا دەژین ڕایانگەیاند، سەرەڕای هەموو بارودۆخە سەختەکانی ژیان، بەردەوام دەبن لە خەباتیان بۆ ژیان لە شەهبا هەتا گەڕانەوەی عەفرین.

شەهبا

 

٧ ساڵ بەسەر کۆچکردنی خەڵکی عەفریندا تێدەپەڕێت لە ماوەی ئەم ساڵانەی کۆچکردندا، خەڵکەکە لە هەموو بارودۆخێکی سەختی ژیاندا ژیاون و تا ئێستا بە ئیرادەی خۆیان بەردەوامن لە بەرخۆدان لە شەهبا، لە لایەکەوە حکومەتی شام بەردەوامە لە گەمارۆدانی ناوچەکە و لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیا هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە، ئامانجی ئەم هێرشانە لاوازکردنی بەرخۆدانی گەلی ناوچەکەیە و دووبارە کردنەوەی دەرگای کۆچکردنە، خەڵکی هەرێمەکە ئاماژەیان بەوەکرد، تا گەڕانەوەی عەفرین و کۆتایی هاتنی داگیرکاریی لە تێکۆشان و بەرخۆداندا دەبن.

 

ژنانی عەفرین کە بەرەو ناوچەکانی شەهبا کۆچیان کردووە و بۆ ژیان تێدەکۆشن قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"تا گەڕانەوەی عەفرین بەرخۆدانمان لە شەهبا بەردەوام دەبێت"

ژنێک بە ناوی ئەمینە شێخۆ باسی سەختی ژیانی خۆی لە شەهبا کرد لە گەمارۆ و هێرشەکاندا و وتی: ٧ ساڵە لە شوێنەکانمان ئاوارە بووین و لێرە خەبات دەکەین بۆ ژیان، سەرەڕای کۆچکردن لە شارەکەمانەوە، ئێمە دەورە دراوین و گەمارۆ دراوین، زۆرجار بێ کارەبا دەمێنینەوە، لە ژیانێکی زۆر سەختدا دەژین، بەڵام هێشتا خەبات دەکەین، لە جیاتی ئەوەی یارمەتیمان بدەن، ئەوان گەمارۆمان دەدەن و هەموو ڕۆژێک هێرشمان دەکەنە سەر، تا گەڕانەوەی عەفرین بەرخۆدانمان لە شەهبا بەردەوام دەبێت.

 

"گەمارۆو هێرشەکان ناتوانن بەرخۆدان تێکبشکێنن"

فاتمە محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکان و گەمارۆ کاریگەرییان لەسەر بەرخۆدانیان نەبووە و ئیرادەیان لاواز ناکات، وتیشی: هەموو ڕۆژێک چاوەڕێی گەڕانەوەی عەفرین دەکەین و چاوەڕێی زانیاری دەکەین دەربارەی سەرکەوتن، هیچ هێرشێکی دوژمن کاریگەری نابێت لەسەر بەرخۆدانمان و ئیرادەمان لاواز ناکات، تا کۆتایی لە شەهبا بەرخۆدان دەکەین، چونکە ئەم بەرخۆدانە مسۆگەری گەڕانەوەی عەفرین دەکات، ٧ ساڵە لە تەنگانەدا دەژین، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری بەرخۆدانەکەمان نابین.