"ڕێکخستنەکانی ژنان بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ژنان دەبێت پەرە بە ڕۆشنبیری خۆیان بدەن"

شادیە ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: هۆشیاری و ڕۆشنبیری بۆ ژنان زۆر گرنگە، ئەم دوو فاکتەرە دوو ئەڵقەی بەیەکەوە بەستراون، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی سەر ژنانیش ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ژنان لە نێوان خۆیاندا گرنگە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- کۆردیناسیۆنەکانی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان "پاژک" و کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، شەڕی جیهانی سێیەم شەڕێکە لە دژی ژنان و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبرێت، ئەگەر لە بەرامبەردا تێکۆشانی خۆپاراستنی نەبێت، ڕزگاری، ئازادی و دادپەروەری پێش ناکەوێت، بانگەوازیشیان لە ژنان کرد، کە "کە ژن تێکۆشانی خۆپاراستن پێش بخات و هاودەنگی و یەکگرتووی بە بنەما بگرێت".

 

جەختیشیان لە خەباتی هاوبەشی ژنان کردەوە، "لە بارودۆخی ئەم شەڕەدا بەرپرسیارێتی ئێمە بۆ ڕزگاری کۆمەڵگە، ژن و سروشت ئەوەیە کە لە ئامانجە هاوبەشەکاندا خۆمان یەکبخەین و بۆ بەرگریکردن لە خۆمان تێکۆشان بەرەوپێش بەرین، پیاوی هەژموونخواز و سیستمی سەرمایەداری لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دۆخێکی ئاڵۆزیان خوڵقاندووە و ژنانیش بوونەتە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی بەرامبەر بەم ڕەوشە قەیراناوییە".

 

لەو چوارچێوەیەدا، شادیە ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆ هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی سەر ژنان بە تایبەت لە باشووری کوردستان کرد و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی سەر ژنانیش ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ژنان لە نێوان خۆیاندا بە گرنگ دەزانێت.

 

"بۆ ئەوەی لە سنوری کۆیلایەتی دەرباز بکرێن، ژنان پێویستیا بە شۆڕشی فکری و خۆپەروەردەکردن هەیە"

شادیە ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان لە سەدەی ٢١دا بەرامبەر شکاندی ئەو کۆت و بەندانەی لە چوارچێوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دروستبووە، ئاماژەی بەوەدا، هەموو شۆڕشێک بۆ ئەوەی لە سنوری کۆیلایەتی دەرباز بکرێن، پێش شۆڕشی چەکداری پێویستی بە شۆڕشی فکری هەیە، چونکە شۆڕش تەنها بە واتای چەکداری نایەت، بەڵکو بە لایەنی فکری و هێزی ئیرادە دەکرێت، وتیشی: پێویستە لە ڕووی فکریەوە ژنان ئازاد بن، پەرە بە ڕۆشنگەری فکری خۆیان بدەن، دوای هەندێک شتی لاوەکی نەکەون، هەروەها زۆر گرنگە لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە ژنان باکگراوندێکی فکری و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن هەنگاوێکی ڕاست بنێن، چونکە تەنانەت شەڕی چەکداریش ئەگەر فکر و ئایدۆلۆژیایەکی پتەوی نەبێت، ئەوا ئەو شۆڕشە هەڵدەوەشێتەوە، سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت، چونکە هەموو بەرەنگاربوونەوەیەک پێویستە ڕابەریەتیی هەبێت و ئەو ڕابەرایەتییەش بە بەهێزی و ئیرادەی فکری دەکرێت.

 

شادیە ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەشکرد، سستمی سەرمایەداری قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان دروست دەکات کە مەبەستێکی هەیە، هەمیشە بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکانی ژنان بە سیستمی سەرمایەداری بەکاردەهێنێت، "دەسەڵاتی سەرمایەداری خۆی وای کردووە قەیرانێک دروست بکات کە تیایدا ژنان چەوساوە و ژێر دەستە بێت، ژن لە کۆمەڵگەدا پلە دوو بێت، بۆ ئەوەی سوود لە فکر و هێزی ژنان وەرنەگرێت، وە نەیەنە کایەکی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابووریەوە، ترسیان لە لەدەستدانی دەسەڵاتی سەرمایەداریەی خۆیان هەیە، لەبەر ئەو هۆکارەیە بەردەوام سڵ لە هێزی ژن دەکەنەوە و ئەو هەموو قەیرانانە دروست دەکەن.

 

"دۆخی ژنانی باشووری کوردستان لە ئێستادا لە بارێکی دژوار دایە"

لە دێژەی قسەکانیدا شادیە ئەبوبەکر، باسی لە دۆخی ژنانی باشووری کوردستان کرد و وتی: دۆخی ژنان لە باشوری کوردستان لە خراپترین بارودۆخ دایە لە هەموو بوارەکاندا، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو هەرچەندە ژن کەمتر لە کایە جیاوازەکان و سێکتەرەکانی تردا دەبینرا، بەڵام لە ڕووی ڕۆشنبیریەوە لە پێشتر بوو، زیاتر گرنگیان بە خۆپڕکردن بە زانست و خۆپەروەردەکردنی فکری دەدا، بەڵام لە ئێستادا ئەگەرچی وەکو ساڵانی ڕابردوو هێرشی چەکداری لەسەر باشووری کوردستان نییە لە ناوخۆدا، بەڵام بەردەوام دەستێوەردان دەکرێت و ئەقڵیەتی ئەودیو سنوری باشووری کوردستان هاوردە دەکرێت، کە بە شێوەیەکی زۆر بیدەنگ کاری خۆی کردووەتە سەر بارودۆخی ژنان و دەستبەسەرداگرتنی کولتووری کوردی، ئەمەش بەشێكی جینۆسایدە.

 

ئەو مامۆستایەی زانکۆ سەبارەت بە چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخەی کە ژنانی باشوور تێدا گوزەر دەکات، وتی: هۆشیاری و ڕۆشنبیری بۆ ژنان زۆر گرنگە، ئەم دوو فاکتەرە وەک دوو ئەڵقە بەیەکەوە بەستراون، دواتر ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ژنان لە نێوان خۆیاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژیا پێویستی سەرەکییە.

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت: پێویستە ژنان زیاتر کار لەسەر ژن بوونیان بکەن، بۆ ڕزگاربوون لە بارودۆخی سەختی ژنانی باشوور پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە و خۆپەروەردە کردنی فکری و زانستی هەیە، چونکە یاسا لە ئێستادا بۆ سەروەری ژن ئیش ناکات و پێویستیان بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان هەیە.