ژنانی عەفرین: ژیان لە عەفرین بووەتە دۆزەخ

ژنانی عەفرین کە دوای داگیرکردنی خاکەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورک کۆچیان بۆ کانتۆنی شەهبا کرد، دەڵێن: ژیان لە عەفرین قبوڵ ناکرێت بەهۆی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، ژیان بووەتە دۆزەخ.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا-لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کانتۆنی عەفرینیان داگیرکرد دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی گەل، سەدان هەزار کەس کۆچیان کرد و هەندێکیان لەسەر خاکی خۆیان مانەوە، ئەو کەسانەی کە لە عەفرین ماونەتەوە دوای داگیرکردن، ڕۆژانە ڕووبەڕووی کردەوەی خراپ، ئەشکەنجە، ڕفاندن، کوشتن و دەستدرێژی دەبنەوە.

 

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سووریا، کردەوەکانی داگیرکردن لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە بەم شێوەیە بوون؛ ڕفاندن زیاتر ٩ هەزارو ١٨٦ کەس لەوانە زیاتر لە هەزاریان ژنن، زیاتر لە ٦٩٣ کەس کوژراون کە ٩٧یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، ١٠٤ ژنیش کوژراون، لەناویاندا ١١ خۆکوشتن بووەو ٧٤ دەستدرێژی زایەندیش تۆمار کراوە، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دارو بەرهەمی چیاو بڕدراون و زیاتر لە ١٥ هەزار دار سووتاون و زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکان سووتاون.

 

لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە لە ڕووی گۆڕانی دیمۆگرافییەوە، بەگوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سووریا، دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە ٣٠ شوێنی نیشتەجێبوونی داگیرکاری دروستکردووە، زیاتر لە ٧٥ گردی مێژوویی و زیاتر لە ٥٩ شوێنی مێژوویی و شوێنەواری وێرانکراون، هەروەها زیاتر لە ٢٨ گۆڕی ئاینی لەناوچوون، ئێستا ژیان لە عەفرین بووەتە دۆزەخ، بۆیە زۆربەی خەڵکی ڕەسەن عەفرین بەجێدەهێڵن و دەڕۆن بۆ کانتۆنی شەهبا، ئەو ژنانەی دوای داگیرکردنی عەفرین ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و لە کامپی سەردەم لەناوچەی ئەحداسی کانتۆنی شەهبا نیشتەجێ بوون، دەربارەی داگیرکاری و ستەمی دەوڵەتی تورک قسەیان بۆ کردین.

 

"خەڵک بەبێ تاوان ئەشکەنجە دەدەن"

س.ب، کە باسی لە ژیانی عەفرین کرد دوای داگیرکارییەکە، وتی: کاتێک عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، لە عەفرین بووین. سەرەتا لە گوندەکە بووین کاتێک چەتەکان چوونە ناو گوندەکە و بە زۆر ئۆتۆمبێلەکانیان لێ بردین و دواتر ویستیان لە ماڵەکەمان نیشتەجێ بن، ئەگەر ڕێگەمان پێنەدانەیە ئەوا دەکوژراین، بۆیە لە گەڕەکی ئەشرەفیە لە ناوەندی شارەکە نیشتەجێ بووین، لە هەر گەڕەکێک کۆمەڵێک چەکدار هەن کەس نواتوانێت هاتوچۆ بکات و بە ئاسوودەیی و بە ئازادی بژی، هەمیشە لە ژێر کاریگەری چەتەکانی داعشدایە، کردەوەکانی دزی، ڕفاندن، کوشتن، داواکردنی پارە لە خەڵک زۆرن، کچێکی دراوسێمان ڕفێندراو بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەشکەنجەدرا.

 

"عەفرین لە دۆخێکدایە کەس ناتوانیت تێیدا بژی"

لە کۆتاییدا، س.ب ڕایگەیاند، لە عەفرین چیتر ژیان نییە و کەس ناتوانێت بەرگەی سەرکوتکردنی چەتەکان بگرێت، بۆیە ڕوویان لە شەهبا کردووەو وتی: عەفرینمان بەجێهێشت بەهۆی زوڵم و ستەمی چەتەکانەوە و چووینە شەهبا، ئێستا ژیان لە عەفرین بووەتە دۆزەخ، کەس ناتوانێت بەرگەی بگرێت، تەنانەت ئەگەر کەسێک نەتوانێت مافی خۆی لە دادگاکاندا بەدەست بهێنێت، ئەوان دژی گەلی کورد کار دەکەن. لە هەمان کاتدا، دیموگرافیای ناوچەکە گۆڕاوە، فولکەی کاوەی ئاسنگەر وێرانکراو لە شوێنەکەی ناوی لقی زەیتوون جێگیرکرا و درەختەکان و سروشتی عەفرین تاڵان کران، هەروەها شوێنە پیرۆزەکان بە تەواوی وێران کران، ژیان لە شەهبا لە عەفرین سەلامەتترە.

 

"کرداری داگیرکاری لە عەفرین بەردەوامە"

م.ی کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا عەفرینی بەجێهێشتووە دەربارەی ژیانی عەفرین وتی: لە ناوچەی شیا بووین و چەتەکان بە ناوی ئەبو عەمشات دەستیان بەسەر باخەکانماندا گرت، هەموو کردەوەیەکی دڕندانە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن ئەوان جلوبەرگی درێژ و ڕەشیان بەسەر ژناندا سەپاندووە و ڕێگە بە ژنان نادەن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لە هەمان کاتدا، ئەوان بە زۆر زێڕ و پارە لە خەڵک وەردەگرن، لە وەرزی زەیتووندا داوای پارەیان لە خەڵک کرد و نیوەی قازانجەکەیان بۆ خۆیان وەرگرت، ئەوان هێرشیان کردە سەر ئەو ماڵانەی کە خاوەنەکانیان نەبوو و بۆ خۆیان بەکاریان دەهێنا، چەندین ساڵە لەژێر ستەمی ئەواندا دەژین، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەکردووە، بۆیە هاتینە شەهبا و ئێستا لە کامپدا دەژین.