نەبوونی ناوەندی پاراستن هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی خێزانییە

بە نەبوونی یاسا و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی بە هەموو شێوەکانیەوە لە ئیدلب، ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە ناچار دەبن بێدەنگ بن و ڕێژەی توندوتیژییەکانیش بەرزبوونەتەوە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب-حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنان لە شاری ئیدلب لە زیادبووندایە، کە یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەم شارەدا، ئەویش بەهۆی نەبوونی یاسای ڕێگریکردن و پشتگوێخستنی دەسەڵاتداران بۆ ئەم کێشانە.

 

ژنان لە ترسی ئەوەی کە سکاڵاکەی دژ بە دەستدرێژیکارەکەی لەوانەیە ببێتە هۆی جیابوونەوە، ئەگەر هاوژینی هەبێت و ڕیسوایی کۆمەڵایەتی ئەگەر باوک یان برای هەبێت، بەم شێوەیە ژنان لە ئیدلب چاوەڕوانی چارەنووسیان دەکەن و هیوای بەدەستهێنانی مافەکانیان لاوازە، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی یاسای ڕێگری و نایەکسانی بەرامبەریان، ئەمە ئەو شتەیە کە لەیلا جەروی تەمەن ٢٨ ساڵ لێی دەترسێت کاتێک دەیەوێت سکاڵایەکی یاسایی لە دژی هاوژینەکەی تۆمار بکات، ئەمەش ئازارەکانی زیاتر دەکات و بووەتە بێدەنگی بەردەوام لەبەرامبەر ئەم کردارانە و مافەکانی پێشێل دەکرێت.

 

هۆکارەکان ڕێگەی پێنادەن سکاڵا بکات

لەیلا جەروی جەختی لەوە کردەوە، هیچ شوێنێکی دیکەی نییە بۆی بچێت، و ترسی ئەوەی هەیە کە شەقام چارەنووسی بێت ئەگەر سکاڵایەک تۆمار بکات یان داوای جیابوونەوە بکات، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هیچ خزمێکی نییە، هەروەها باوەڕکردنی بە بێسوودی بابەتەکە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێگری دەکات لەوەی سکاڵا پێشکەش بکات، هەروەها هۆکارێکی دیکە منداڵی هەیەو کەس نییە جاودێرییان بکات.

 

"سکاڵام لە هاوژینەکەم کردو تەنها چەند کاتژمێرێک دەستگیرکرا"

وەلا حاج حەمدۆ، کە تەمەنی ٢٥ ساڵە و لە شاری سەلقین لە باکووری ڕۆژئاوای ئیدلب نیشتەجێیە، دوای ئەوەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدانێکی توند بووەوە، بووە هۆی ئەوەی دەستی ڕاستی بشکێنێت، سکالای تۆمار کرد، بەڵام پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری کاردانەوەیەکی سەرسوڕهێنەریان بەرامبەری کرد، وتی: وتی: سەرەڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی پزیشکی کە بارودۆخی تەندروستیم و هۆکارەکانی برینداربوون و شکانی دەستم نیشان دەدات لە ئەنجامی توندوتیژی، پۆلیس تەنها بۆ چەند کاتژمێرێک هاوژینەکەمیان لە ناوەندەکەیان دەستگیرکرد و دواتر ئازادیان کرد وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، ئەم سکاڵایە هیچ سوودێکی پێنەبەخشیم جگە لەوەی دوژمنایەتی هاوژینەکەم بەرامبەرم زیادی کرد، چونکە ئەو لە بینینی سێ منداڵەکەم بێبەشی کردم دوای ئەوەی جیابووینەوە.

 

"پێویستە ئەو ژنانە بپارێزرێن کە هەڕەشەیان لەسەرە"

لەما حەمیدو، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنان لە ئیدلب بەردەوام لە زیادبووندایە لەبەر زۆر هۆکاری پەیوەندیدار بە هەژاری و نەزانین و نەبوونی ڕێگری یاسایی، هەرچەندە زیادی کردووە، بەڵام ناتواندرێت بە بەڵگەنامە تۆمار بکرێت چونکە لە ئەنجامی ژیان، ئاسایش، بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕاپۆرت نەکراوە.

 

هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی ئاڵۆزییە دەروونییەکان و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و خۆکوشتن لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانی و ئاماژەکردن بە پێویستی دامەزراندنی کلینیکی دەروونی و چڕکردنەوەی کۆرسەکانی پاڵپشتی دەروونی بۆ ژنانی توندوتیژی بەرامبەرکراو، بوونی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ هێزێکی جێبەجێکار کە بتوانێت بە خێرایی وەڵام بداتەوە و ئەو کەسانە بپارێزێت کە هەڕەشەیان لەسەرە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا لەما حەمیدو داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد ڕێوشوێنی جدیتر بگرنەبەر، وەک بەهێزکردنی ڕۆڵی ناوەندەکانی پاراستن و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەهێزکردنی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان بۆ دڵنیابوون لە ژیانێکی شیاو و باشترکردنی ڕاستی یاسایی و دادوەری پەیوەست بە توندوتیژی خێزانی.